دوارۆژه‌کانی ڤیکتۆر
سه‌ردار عه‌زیز
ناویان ناوه ڤیکتۆر. به‌ته‌نها جیا له هه‌موان بۆخۆی ژورێکی دوو به‌سێ هه‌یه. چه‌ند ساڵی له‌مه‌وپێش له کونێکا دۆزیانه‌وه. هه‌رچه‌نده ئێستا روومه‌تێ ماندوو و ریشی درێژی ماش و برنجی و قژێ ره‌شی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م جاران وانه‌بوو. ئه‌م لێره به‌نده تا ئه‌مرێ. ڤیکتۆر به‌م زووانه ئه‌مرێ. به‌ڵام نابێ لێره له‌م به‌ندیخانه‌یه‌دا بمرێ. مه‌رگی ئه‌م پیره‌مێرده ریشنه، کۆتایی و سه‌ره‌تایه بۆ زۆر دیاریده. "چه‌ندسه‌یره، من ده‌بێ هه‌میشه له خه‌می ئه‌و دابم نه‌مرێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه تایبه‌ت بمرێ". ئه‌وه‌ی وه‌های به خۆی ئه‌وت مارینزێکی ئه‌سمه‌ری، ته‌مه‌ن 56 ساڵ بوو. که ناوی ئیلیسه، رۆبرت ئیلیس. له ئه‌مریکا خه‌ڵكی شارێکه پێی ده‌ڵێن نۆرماندی. ئه‌م مه‌رینزه پیشه‌ی وه‌ک نیمچه پزیشکه. له‌وه‌ته‌ی هاتوه بۆ عێراق کاری چاودێریکردنی ڤیکتۆر و ئامۆزاکه‌یه‌تی. ئه‌و سه‌ربوورده‌ی زۆری ده‌رباره‌ی ڤیکتۆر بیستوه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جار دڵگرانه به‌رامبه‌ر به خزمه‌تکردنی به‌ڵام هه‌میشه به‌خۆی ده‌ڵێت من وه‌ک سه‌ربازێ کاری خۆم رائه‌په‌رێنم.
ڤیکتۆر، دوا نازناوی ئه‌و پیاوه‌یه که چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک به‌بێ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌م ووڵاته‌دا سه‌رۆک بوو. ئه‌و ژماره‌یه بێ‌شومار نازناوی هه‌بوو؛ نازناوی گه‌وره و ترسناک. هه‌رچه‌نده ئه‌م دوانازناوه‌ی به مانای سه‌رکه‌وتن دێت، به‌ڵام جگه له رابواردن هیچی ترنیه. له هه‌مانکاتدا هه‌موان له‌وه ئاگادارن، ئه‌وان ته‌نها بۆ رابواردن سه‌رۆکیان ناو نه‌ناوه ڤیکتۆر، ئه‌وان مه‌به‌ستیانه بیشارنه‌وه. بیشارنه‌وه له‌وانی تر. ئیلیس و ڤیکتۆر پێکه‌وه گفتوگۆئه‌که‌ن. هه‌رچه‌نده زۆر جار له‌یه‌کتری ناگه‌ن به‌ڵام به ده‌ست راوه‌شاندن و ئیشاره‌ت هه‌وڵئه‌ده‌ن په‌یوه‌ندی بکه‌ن.
ڤیکتۆر به‌رده‌وام جگه‌ره ئه‌کێشێ و زۆریش قاوه ئه‌خواته‌وه. ئه‌م بروای وایه. جگه‌ره و قاوه پاڵه‌په‌ستۆی خوێنی رائه‌گرن، ئه‌گینا به‌رزئه‌بێته‌وه. ڤیکتۆر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه بگاته حه‌فتا، به‌ڵام ناگات. ئه‌گه‌ر جاران بوایه دوکتۆری زۆر و زانا له‌وڵاتی سه‌یر و دووره‌وه ده‌هاتن، تاته‌مه‌نی ڤیکتۆر درێژکه‌ن، ڤیکتۆر قۆزکه‌ن، ڤیکتۆر ده‌ردی خودئه‌ڤینی هه‌بوو. به‌ڵام ئێستا جگه له ته‌نیا مه‌رینزێ ره‌ش رۆژی دووجار فه‌حسی ئه‌کات، که‌سی تر به‌ده‌وریا نیه.
له کامپی کرۆپه‌ر، ڤیکتۆر له ژوره ته‌نیاکه‌یا پارێزراوه. له‌وێ ده‌ستشۆرێک و کۆمه‌ڵێ کتێب و قورئانێک و ده‌فته‌رێک و به‌رماڵێکی هه‌یه. ڤیکتۆر ده‌وێ ببێته که‌سێ ساده. شیعر ده‌نووسێ، نوێژئه‌کات، باسی ئه‌و رۆژانه ئه‌کات که له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانیابوو. ڤیکتۆر که ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌نده بیری لێناکاته‌وه، یان هیچ نه‌بێ له‌گه‌ڵ مارینزه ره‌شه‌که‌ی هاورێیا باسی ناکات.
ڤیکتۆر جارێکیان له نانخواردن مانیگرت. ئه‌و له‌به‌ر کارێکی سیاسی یان داوایه‌کی مرۆڤانه مانی نه‌گرت. سه‌یره ڤیکتۆر ئه‌و هه‌موو ساڵه سه‌رۆک بوو به‌ڵام هیچ باسی سیاسه‌ت ناکات. ڤیکتۆر بۆیه مانیگرت چونکه له په‌نجه‌ره‌یه‌کی شیشه به‌نده‌وه وه‌ک سه‌گ خواردنیان بۆ فرێئه‌دایه به‌رده‌می. که لێیان پرسی ڤیکتۆر بۆچی مانئه‌گریت، ئه‌و له وه‌ڵامدا ووتی؛ نامه‌وێ وه‌ک شێر خواردنم بۆ فرێده‌ن. دوای ئه‌وه له ده‌رگاوه خواردنیان دایه ڤیکتۆر، ئیتر ئه‌ویش وازی له مانگرتنه‌که‌ی هێنا و هێمن بوه‌وه.
ڤیکتۆر وه‌ک خۆی ده‌ڵی، له مناڵی و لاوێتیا جوتیاربوو، ئه‌و رۆژانه‌ی که رێگایان ئه‌دا له ژوره‌که‌ی بێته ده‌ره‌وه، ئه‌و وورده نانانه‌ی که لێی ئه‌مایه‌وه بۆ مه‌ل و چۆله‌که‌کانی فرێئه‌دا و درکوداڵه‌کانی ده‌وری ژوری به‌ندیه‌که‌ی ئاوئه‌دا. مایه‌ی سه‌رسورمان بوو که ڤیکتۆر بایه‌خ به رووه‌ک و ئاژه‌ڵان بدات، هه‌ست به‌ته‌نیای بکات، داوا له ئیلیس بکات بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیا بمێنێته‌وه چونکه ئه‌و نایه‌وێ به‌ته‌نیا نان بخوات. ڤیکتۆر جاری به ئیلیسی ووت ئه‌و هه‌رگیز له بیری ناچێ که له کوێ‌و هاتوو، ئه‌و لادێیه‌کی جوتیاره.. هه‌موو شتێ ئیلیس ده‌رباره‌ی ڤیکتۆر ده‌یزانی ده‌رباره‌ی رۆژانی ده‌سه‌ڵاتی بوو، حیکایه‌تی کوشتن و قاتوقری و شه‌ری ووڵاته و ووڵات، به‌ڵام هیچی ده‌رباره‌ی مناڵی و لاوێتی ئه‌و نه‌ئه‌زانی. بۆیه هه‌رکه ڤیکتۆر باسی ئه‌و رۆژانه‌ی ئه‌کرد، ئێلیس ته‌نها سه‌ری بۆ ئه‌له‌قاند. ڤیکتۆر رۆژێ ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت پرسیاریکرد. ئیلیس؛ ئێوه بۆچی هاتن ووڵاته‌که‌متان داگیرکرد، من سه‌رۆکێکی باش بووم، هه‌رچیه‌کم کرد بۆ ووڵاته‌که‌م کردم. ئایا ڤیکتۆر نازانێ بۆچی ووڵاته‌که‌ی داگیرکراو‌ه، یان له ده‌ست ئه‌و رزگارکراوه. به‌ڵام ئیلیس له وه‌ڵاما به ڤیکتۆری گووت: ئه‌وانه‌ی تۆ باسی ئه‌که‌یت، ڤیکتۆر سیاسه‌تن، کاری من سیاسه‌ت نیه، من ته‌نها سه‌ربازێکی مه‌رینزم بۆیه ناتوانم وه‌ڵامت بده‌مه‌وه.
شایانی باسه ڤیکتۆر نازناوی سه‌ددام حوسه‌ین بوو کاتێ که به‌ند بوو له کامپی کرۆپه‌ر. قسه‌کانی نێو ئه‌م ده‌قه بۆ رۆبرت ئیلس ده‌گه‌رێته‌وه که له سه‌ره‌تای ساڵی 2004 ه‌وه تا مانگی ئابی 2005 سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی سه‌ددام حوسه‌ین بوو. رۆژنامه‌ی پۆست دسپاچی ئه‌مریکی چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵدا سازکردبوو. شایانی باسه ده‌بێ رووداو وورد و درشتی ژیانی دیکتاتۆر ببێته مایه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له ئه‌ده‌بی کوردیا، چونکه دونیای ئه‌و ئه‌وه‌نده پر له نهێنی و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه ته‌نها له توانای ئه‌ده‌بدا هه‌ێه که په‌ی پێبه‌رێت. ئه‌ده‌ب ئه‌توانێ بمانبات بۆ دونیایه‌کی واقیعی که خه‌یاڵ خه‌یاڵی تره. سه‌دام دیاریده‌یه‌ک بوو: که تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوو له تاوان و نه‌خۆشی و خه‌یاڵ و به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندیه سه‌یره‌کان. هه‌ر ئه‌دیبێک ده‌یه‌وێ ئه‌م رووداوه بکاته بابه‌تی شانۆ یان چیرۆک له‌لایه‌ن منه‌وه ئازاده. ئه‌گه‌ر بۆم بکرێت پێم خۆشه یارمه‌تی بده‌م.
Monday, January 8, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment