30/12/2006
سه‌ردار عه‌زیز
شه‌وی پێشوو هه‌موو شتێک چاوه‌روانده‌کرا. تا نووستم هیچ رووینه‌دا، به‌ڵام ده‌نگوباسی زۆر هه‌بوو. چه‌ند هاورێیه‌ک به‌بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه له کوردوستانه‌وه په‌یوه‌ندیانکرد، که‌س هیچی له‌و باره‌وه نه‌درکاند. پێش ئه‌وه‌ی بنووم له په‌نجه‌ره‌که‌مدا کتێبێکی ره‌نگ خاکی دانرابوو، ئه‌گه‌ری رووداوه چاوه‌نوارکراوه‌که‌ی ئه‌و شه‌وه سه‌رنجیان بۆ کتێبه‌که راکێشام. کتێبه‌که ناوی ئاینکمان له جوره‌سه‌لیمه، له لایه‌ن خانمی فه‌یله‌سوف هانا ئارندیته‌وه نوسراوه. کتێبه‌که، که من پایزی پێشوو له بازارێکی گه‌وره‌ی کتێبی ده‌ستی دوو له شاری ڤیه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا به 20 یورو کریم، له ژێر ناونیشانه‌که‌یا دێرێک نووسراوه که بوه‌ته یه‌کێک له هه‌ره به‌ناوبانگترین دیره‌کانی مێژوو ئه‌ویش؛ راپۆرتێک ده‌رباره‌ی ساده‌یه‌تی خراپه. ئه‌م کتێبه که‌به‌و دێره ناسراوه له سه‌ره‌تاوه وه‌ک راپۆرتێک بۆ گۆڤاری نیورکه‌ری ئه‌مریکی ئارندت وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک ئاماده‌یکردوه. پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دوو دێره‌ی که ئارندت له برێشتیه‌وه وه‌رگرتوه کتێبه‌که‌م خسته‌لاوه. دێره‌کانی برێشت ده‌ڵێن؛ ئای ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌ی گوێی له قسه‌ی نێو ماڵه‌کانت بێت پێئه‌که‌نێت، به‌ڵام هه‌رکه‌سێ که ئه‌تبینێ ده‌ست بۆ چه‌قۆکه‌ی ئه‌بات. پاشان نامه‌یه‌کم بۆ هاورێکه‌م نارد که له ئیتالیا له ماڵ باوکیه‌تی و پاشان نووستم.
شه‌وه‌که‌ی بارانێکی زۆر باری. له به‌یانیدا که له ژێرنوێنه‌که‌مه‌وه ده‌ستم بۆ رادیوکه‌م درێژکرد سه‌عات شه‌ش و نیوبوو هێشتا دونیا تاریک بوو. شه‌ش و نیو کاتی ده‌نگوباسه. یه‌که‌م هه‌واڵ چاوه‌نوارکراوبوو. سه‌عات شه‌شی ئه‌م به‌یانیه به کاتی به‌غدا، سێی به‌یانی به‌کاتی دوبلن، سه‌رۆکی عێراقی پێشوو سه‌دام حوسه‌ین له به‌غدا له سێداره‌درا. هه‌واڵه‌که کورتبوو پاشان باسی سه‌رۆک بۆشیشی کرد که چۆن ئه‌م رووداوه‌که‌ی به‌هه‌نگاوێکی تری به‌ره‌و دیموکراسی له‌قه‌ڵه‌م دا، ئینجا ئه‌وه‌شی دووپاتکرده‌وه که بۆش براوای وانیه که ئه‌م رووداوه ببێته مایه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له عێراق.
ئیتر خۆم پێنه‌گیرا، له جێگاکه‌م هه‌ستام، وه‌ک هه‌موو به‌یانیه‌ک دوشێکم کرد‌و چومه نهۆمی خواره‌وه له‌وێ به‌ده‌م ئاماده‌کردنی به‌رچاییه‌وه چاوێکم له‌لای ته‌له‌فزیونه‌که‌بوو. مه‌رگی دیکتاتۆر رووداوێکی هاکه‌زایی نیه. هه‌موو شتێک که په‌یوه‌سته به‌م رووداوه له رووی سیمبولیه‌وه گرنگیه‌کی بێهاوتای هه‌یه. که‌ناڵی العراقیه، ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که چه‌ند ساتێکی تر رووداوی له‌سێداره‌دانه‌که بڵاوئه‌کاته‌وه. ده‌بێ دیکتاتۆر چۆن بمرێ؟ بۆچی له‌م ساته‌دا ئه‌مرێ؟ ده‌بێ مه‌رگی کۆتایی چی بێت؟ ئایا مه‌رگی ته‌نها رووداوێکی سه‌رنجراکێشه‌و هیچی تر؟ ئه‌م رووداوه هه‌رلایه‌ک چۆن لێکی ئه‌داته‌وه؟ له‌م بیرکردنه‌وانه‌دابووم و به په‌له چه‌ند پارچه په‌نیرێکی فه‌ره‌نسیم له گه‌ڵ پسکیتدا له مه‌تبه‌خه‌که‌دا خوارد و په‌رداخی چاکه‌م برد بۆ به‌رده‌م ته‌له‌فزیونه‌که.
که‌ناڵی العراقیه تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوو له شادی و تۆڵه. شه‌وی پێشوو رووداوی سزادان و کوشتن و وێرانکردنی سه‌رده‌می سه‌دامی پێشانئه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانی ئاماده‌کات بۆ چیرۆکی مه‌رگێکی ئاشکرا. من له سه‌رخۆم چای گه‌رمم ئه‌خوارد و چاوه‌نوارم ئه‌کرد. ده‌بێ دیکتاتۆر چۆن بمرێ؟ ئه‌و پیاوه‌ی که پیشه‌ی مردن بوو ئێستا له به‌رامبه‌ر مه‌رگی خۆ‌یا چی ده‌ڵێت؟ ئایا وه‌ک قومارچیه‌کی دۆراو گوێی ناداتێ یان له دوا ساتدا ده‌بێته مرۆڤ. له‌م ساته‌دا وه‌ک ئاره‌زویه‌کی شێتانه خێرا که‌ناڵه‌که‌م گۆرا بۆ الجه‌زیره، که‌ناڵی زمانحالی موسوڵمان و نه‌ته‌وه په‌رسته‌کان که ئه‌مرۆ شان به‌شانی یه‌کتری ده‌ستیان له خوێنی مناڵ و ژن و خه‌ڵکی بێتاوانا سوره، وه‌ک ئه‌مرۆ له عێراق و تورکیای ئه‌ردۆغان ده‌یبینین.
الجه‌زیره وه‌ک چاوه‌نوار ئه‌کرا بووبوه مینبه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی هێشتا ده‌ڵێن سید الرئیس و به پاڵه‌وان و موجاهیدی له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن. خۆم پێنه‌گیرا، گرانه مرۆڤ بیتوو بتوانی به‌بێ ده‌نگی گوێ له فاشیزم بگری. هه‌رچه‌ند هه‌رده‌م ئاره‌زویه‌ک هه‌یه بۆئه‌وه‌ی بزانی چی ده‌ڵێن. له‌م کاته‌دا پرسیارێک لام سه‌ری هه‌ڵدا ده‌بێ که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی به‌شی ئینگلیزی به‌هه‌مانشێوه‌بێت. که کۆنترۆڵه‌که‌م گۆری مایه‌ی سه‌رسورمان بوو. به‌شی ئینگلیزی که‌ناڵه‌که تاراده‌یه‌کی زۆر بێلایه‌ن بوو بگره باسی ئه‌نفال و کوشتوکوشتارت سه‌ددامیشی ئه‌کرد.
جێی تێرامان بوو، که فاشیزم ده‌یه‌وێ ماسکێکی مرۆڤانه له به‌رامبه‌ر رۆژئاوادا بپۆشێ و له هه‌مانکاتدا رواڵه‌تی راسته‌قینه‌ی گورگانه‌ی خۆی پێشانی بینه‌ره عه‌ره‌به دۆراوو نه‌خوێنه‌واره‌کانی بدات. به‌داخه‌وه ئه‌مه تاراده‌یه‌ک بۆ هیزه ئیسلامیه‌کانیش راسته. ئه‌و بزوتنه‌وه ئیسلامیانه‌ی که له ناو پرۆسه‌ی دیموکراسی دان له به‌ر دوو هۆن یه‌که‌م پۆشینی رواڵه‌تێکی مۆدرێن دووه‌م لاوازیان. به‌ڵام هه‌رکاتێ له لاوازی قوتاریان بوو ئیتر ده‌ستده‌که‌ن به په‌یره‌وکردنی به‌رنامه راسته‌قینه‌که‌یان.
ئیتر گه‌رامه‌وه بۆ که‌ناڵی العراقیه. ئه‌وه‌ی باش بوو به‌بۆنه‌ی جه‌ژنه‌کان سه‌ری ساڵه‌وه کارکردن وه‌ستاوه. العراقیه ده‌ستیکرد به پێشاندانی دیمه‌نه‌که؛
سه‌دام که به‌چوار یارمه‌تیده‌ر ده‌وری گیرابوو به له‌سه‌رخۆ هێنایان. یارمه‌تیده‌ره‌کان روومه‌تیان داپۆشرابوو، سه‌ددام هێمن بوو، پاشان یه‌کێک له یارمه‌تیده‌ره‌کان پێش ئه‌وه‌ی بیبه‌نه سه‌ر فه‌له‌قه‌ی قه‌ناره‌که داوای له سه‌ددام کرد که ده‌بێ پارچه په‌رۆیه‌ک له ملی بپێچێ، نازانم له‌به‌رچی، ره‌نگه به‌شێک بێت له رێوره‌سمی مافی مرۆڤ!!! سه‌ددام پاڵتۆیه‌کی ره‌شی درێژی له به‌ردابوو، ریش و سه‌ری هاتبوو، به‌ڵام نه‌ک وه‌ک ئه‌و رۆژه‌ی که له کونه‌که‌ی ده‌ریانهێنا. سه‌ددام تا ده‌سه‌ڵاتداربوو بێریش و بێ‌دین بوو به‌ڵام هه‌رکه دۆرا بووبه ریشدار و دیندار.
سه‌رتاپا فلیمه‌که وه‌ک فلیمه‌کانی شارلی شاپلن بێده‌نگ بوو، له راستیدا شاپلن فیلیمێکی به‌ناوی دیکتاتۆره‌وه هه‌یه که باس له هیتله‌ر ئه‌کات. هیتله‌ر وه‌ک سه‌ددام ترسنۆک و خوێری نه‌بوو، هه‌رچه‌نده ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه‌نیه که ئه‌و زیره‌ک بوو به‌ڵکو به‌شێوه‌کی تر ترسنۆک و خوێری بوو، هیتله‌ر رازی نه‌بوو لاشه‌که‌ی وه‌ک خۆی ده‌ڵێ بکه‌وێته ده‌ست جوله‌که‌و شیوعیه‌کان بۆیه له ترسا ژنه‌که‌ی ژه‌هرخواردکرد و خۆی به ده‌مانجه‌یه‌کی ویلزه‌ر تۆپاند.
که پارچه ره‌شه‌که‌یان له ملی سه‌ددام پێچا ئیتر په‌ته‌که‌یان کرده‌ملی، په‌ته‌که ئه‌ستور و ره‌نگ زه‌ردبوو، ئیتر فلیمه‌که ته‌واوبوو. هه‌رپاش فلیمه‌که بیرم بۆلای دڵی ئه‌و هه‌موو دایکه ره‌ش پۆشانه رۆشت که بۆ یه‌که‌مجار ئاهێکی حه‌سره‌ت به دڵیان‌دا دێت.
به پیی هه‌واڵه‌کان سه‌ددام پێش ئه‌وه‌ی بیهێننه سه‌ر فه‌له‌قه‌که له‌لایان مه‌لایه‌کی شیعه‌وه شایاتومانی پێدادراوه، به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن سه‌ددام رازی نه‌بووه به‌ڵكو له بری شایه‌تومان جوێنی داوه و هاواریکردوه، وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی، ئیتر مه‌لا شیعه‌که پێی ده‌ڵی ده‌برۆ بۆ دۆزه‌خ ئه‌ویش له‌وڵامدا پێی ده‌ڵێت تۆ برۆ بۆ دۆزه‌خ. سه‌ددام بچێت بۆ هه‌رکوێ هیچ گرنگیه‌کی نیه، چ له دۆزه‌خ بێت و چ له به‌هه‌شت هیچ بایه‌خێکی بۆ مرۆڤایه‌تی نیه. گریمان ده‌چێت بۆ دۆزه‌خ؛ ئایا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روا که پاک بێته‌وه و پاشان بچێت بۆ به‌هه‌شت یان بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی لێبکرێته‌وه؟ به هه‌رمه‌به‌ستێک بێت کوردواته‌نی تورێک ناهێنێ. شایانی باسه پاشان که روون بووه‌وه سه‌ددام له کاتی له سێداره‌دانیا شایه‌تومان دێنێت ئه‌وانه‌ی له‌وێن هاواری ناوی سه‌در و محمد باقر حه‌کیم ئه‌که‌ن. که‌سانێک که به‌ده‌ستی سه‌ددام له سێداره‌دران.
سه‌ددام له‌و شتانه‌ی که به‌جێیهێشت قورئانێکی پیرۆزبوو که له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی ده‌بێ بدرێت به‌که‌سێکی دیاریکراو به‌ڵام تا ئێستا نه‌زانراوه ئه‌و که‌سه کێیه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستی خۆیه‌وه بۆ که‌سێکی نزیکی قورئانێک به‌جێده‌هێڵی، ئه‌وا له ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیا تراژیدیا و ئازار و قاتوقری و سوکایه‌تی و جیونوساید و وێرانه‌ی بۆ ملیونه‌ها خه‌ڵکی بێگوناه و ساده به‌جێهێشت. سه‌ره‌رای ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و له ژماره‌ی شه‌ره‌کان و ژماره‌ی قوربانیه‌کان و راده‌ی وێرانکاریدا پله‌ی شوێنێکی دیاری هه‌بێ له مێژووی جه‌للاده‌کاندا ئه‌وا وه‌ک ئێستا ده‌رئه‌که‌وێ یه‌کێکه له هه‌ره دزه‌گه‌وره‌کانی دونیا. سه‌دام به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دوایدا له رێگای قاچاخی نه‌وته‌وه نزیکه‌ی 23 بلیون دۆلاری له بانکه‌کانی سویسرا و ئه‌ڵمانیا و یابان و ووڵاتانی تر به‌ناوی خه‌ڵكی نه‌ناسراوه‌وه داناوه که ئێستا له ژێر ده‌ستی مناڵه‌کانیایه‌تی به تایبه‌ت ره‌غده. حکومه‌تی ئه‌مریکی گومانی ئه‌وه‌ئه‌کات که برێکی ئه‌و پاره‌یه بۆ کاری کوشتوکوشتار به‌کاربێت له عێراقدا بۆیه ئێستا لێکۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه له‌لایه‌ن ئێف بی ئایه‌وه به‌رده‌وامه. گه‌نده‌ڵی له ساده‌ترین پێناسه‌یا بریتیه له بردنی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی بۆ گیرفانی تایبه‌ت. به‌داخه‌وه له نزمترین ده‌سه‌ڵاتداره‌وه تا به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتدار له عێراقدا به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه گه‌نده‌ڵه.
چیرۆکی سه‌دام و ژیانی سه‌دام پیویسته بکرێته بابه‌تی تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنه‌ماکانی خراپه و خراپه‌کاری له نێو گه‌لانی عێراقدا. ئه‌وه ته‌مه‌ڵیه هه‌ر به‌وه‌نده وازبێنین بڵێین سه‌دام دیکتاتۆربوو وه‌ک دیکتاتۆره‌کانی تری دونیا. له سێداره‌دانی ده‌بێته وانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وانی تر. له مێژوودا هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک له رێی وانه پێدانه‌وه رێره‌وی ژیاریان نه‌گۆریوه. کاتێک تۆماس فریدمان ئه‌پرسێ ئایا سه‌دام به‌پرسه له خراپه‌کانی عێراق یان عێراق به‌رپرسه له به‌رهه‌مهێنانی سه‌دام، رووبه‌رووی هاوکێشه‌یه‌کمان ئه‌کاته‌وه که ده‌رککردن به وه‌ڵامه‌که‌ی کارێکی ئاسان نیه. وه‌ک چۆن هیتله‌ر و نازیه‌ت به‌رهه‌می که‌لتوری ئه‌ڵمانیه، ئاوه‌هاش به‌عس و سه‌دام به‌رهه‌می که‌لتوری ناوچه‌که‌ن. عێراق له هه‌موو جێگایه زیاتر سه‌رزه‌مینی جه‌نگ و شکست و کوشتوکوشتاره. ئه‌گه‌ر بهاتایه خانووبه‌ره بۆ سه‌رده‌مانێکی زۆر له عێراقدا له گڵ و قور نه‌بوایه ئێستا ئه‌و سه‌رزه‌مینه له وێرانه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌وانی تر رێگا نه‌بوو هه‌نگاوی تیابنێیت. به داخه‌وه کۆمه‌ڵگای کوردیش به‌شێکه له‌و پێکهاته‌یه.
سه‌دام سه‌ره‌رای هه‌ڵسوکه‌وتنی شێتانه و درنده‌یی، که‌سێکی شێت و بێ عه‌قڵ نه‌بوو. به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کاره درنده‌کانی ئه‌و له نه‌خۆشی نارسیزم یان خۆدپه‌رستیه یان خودئه‌ڤینیه‌وه بوو. سه‌دام نارسیستێک بوو که کێشه‌ی ئه‌وه بوو ده‌بێ خۆی بسه‌لمێنێ بۆ ئه‌وانی تر ئه‌وانی تر ناچارکات دانی به بوونیا بنێن بۆیه هه‌ر له‌به‌ڕ ئه‌م هۆیه به‌وپه‌ری درندانه و بێبه‌زه‌ییانه به‌رامبه‌ر هه‌موو که‌سێک وه‌ستاوه‌ته‌وه که دژی وه‌ستابێت یان وه‌های بیرکردبێته‌وه که ده‌بێته دژی. کاتێک که دێته سه‌ر کورسی سه‌رۆک کۆماری له ساڵی 1979 خۆی ده‌ڵی ده‌زانم خه‌ڵكانێک هه‌ن ده‌یانه‌وێ بمکوژن، بۆیه من پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ست به پلانه‌که‌یان بکه‌ن من ئه‌یانکوژم. ئه‌م دێره که‌سایه‌تی سه‌دام کورتئه‌کاته‌وه. ئه‌و وه‌ک نارسیستێک کێشه‌ی له‌وێوه سه‌رهه‌ڵئه‌گرێت که ئه‌وانی تر هه‌رگیز دان به‌بونیا نانێن، ئه‌و له ناخی خۆیدا بروای وه‌هابوه که که‌س به شایسته‌ی ئه‌وه‌ی نازانێ به هێند وه‌ریبگرێت بۆیه ته‌نها رێگا ئه‌وه‌یه که ده‌بێ هه‌موو که‌س لێبترسێت. ئه‌و بێبروابوو به هه‌موو که‌سێ، بێبه‌زه‌یی بوو به‌رامبه‌ر به هه‌موو که‌سێ، ته‌نها له کاری درنده‌ییدا به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تر هه‌ستی ده‌کرد که هه‌یه، که ئه‌ویتر هه‌ست به‌بوونی ئه‌کات. کیشه‌ی نارسیست ئه‌وه نیه که خۆپه‌رسته به‌ڵکو ئه‌و هه‌رده‌م هه‌ودای خه‌یاڵێکه که خۆی تیایا پاڵه‌وانێکی بێوێنه‌یه، سوارچاکه، هه‌میشه سه‌رکه‌وتوه، بۆیه کاتێک که به‌مکارانه هه‌ڵده‌ستێ هه‌رده‌م پێویستی به دان پیانانی ئه‌وانی تره.
سه‌دام ئه‌گه‌ر خۆی نه‌یئه‌توانی که‌سی خۆشبووێ وه‌ک سروشتی نارسیست به‌ڵام هه‌رده‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ئه‌دا که ئه‌وانی تر هه‌موو خؤشیانبوێت، ئه‌گه‌ر به‌ترسیش بێت. بۆیه کۆجیتۆی سه‌دام له‌وه‌دابوو که هه‌رده‌م به‌خۆی ده‌گووت؛ ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که من هه‌رگیز بروام نیه تۆ منت خۆشبووێ، تۆ رێزی من بگری، تۆ من وه‌ک مرۆڤێک ته‌ماشابکه‌ی، به‌ڵام من به تۆقاندن ناچارت‌ئه‌که‌م هه‌مووشتێکم بۆبکه‌ی، له‌شه‌ره‌کانما بمریت، به‌ده‌وری په‌یکه‌ره‌کانما سه‌مابکه‌یت، یادی سه‌ردانه‌کانم بکه‌یته‌وه، هه‌میشه وێنه‌ی منت له‌به‌رچاوبێت، به کورتی، من ئه‌تکوژم که‌واته من هه‌م. بروا به خۆنه‌بوون، ترس، لاوازی، هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی کاری نه‌کرده، ئه‌مانه هه‌موو له که‌سایه‌تی نارسیستدان.
سه‌دام مناڵێکی له ژیان بێبه‌ری بوو. باوکێکی ناشه‌رعی هه‌بوو، هه‌ندێک که ده‌ڵێن باوکی هه‌بووه به‌ڵام هه‌رزوو مردوه. ئیتر سوبه‌یحه‌ی دایکی لای خیرالله تولفاح به‌جێی ده‌هێڵێ. سه‌دام تا ده یان دوانزه ساڵی نه‌خوێنده‌واربوو، له هه‌مانساڵدا یه‌که‌م جووت پێلاو ده‌کرێ، له چوارده سالیدا ده‌بێته خاوه‌ن ده‌مانچه، له بیست ساڵیدا یه‌که‌م پیاو ده‌کوژێ. خێرالله که‌سێکه سه‌ر به فیکری قه‌ومی عه‌ره‌بی که فیکرێکه له سه‌ر قاڵبی فیکری فاشیزمی ئیتالی و نازیه‌تی ئه‌ڵمانی دارێژراوه. بۆیه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی دا به‌شداری رێپێوان و خۆپێشاندان ئه‌کات دژ به رژێمی پاشایه‌تی له ئه‌نجامدا د‌ه‌گیرێت و پێنج ساڵ ده‌خرێته به‌ندیخانه‌وه. (به‌تایبه‌ت خۆپێشاندان دژ به هێرشی سێ قۆڵی بۆسه‌ر که‌نداوی سوێس و بێده‌نگی عێراق له‌و باره‌یه‌وه) ئام له‌م ساتانه‌دا سه‌دام رقی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات تیاکۆئه‌بێته‌وه و په‌یوه‌ندی ئه‌کات به حیزبی به‌عسه‌وه. له حیزبی به‌عسدا جگه له پیاوکوژێک هیچی تر نه‌بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا که بۆ کودیتا دژ به قاسم دیاریده‌کرێت سه‌ددامیش هه‌ڵده‌بژێردرێت. پاشان که کودیتاکه شکست دێنێ سه‌دام حوکمی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رئه‌چێت. ئه‌م بریاره ساته‌وه‌ختی دروستبوونی سه‌ددام بوو وه‌ک که‌سێک. ئه‌م بریاره که جگه له حوکمێکی غیابی هیچی تر نه‌بوو ده‌بێته مایه‌ی ناساندنی سه‌دام. ئه‌م پرۆسه‌یه له کاری سیاسی‌دا بێوێنه گرنگه. که‌سی سیاسی هه‌رده‌می خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه چۆن بچێته نێو یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵدانی ئه‌وانی تره‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م کاره‌ی سه‌دام پلانی بۆ دانه‌نێرژرابوو به‌ڵام له ده‌رئه‌نجامدا به قازانجی شکایه‌وه. بۆیه که پاشان له شه‌ست و سێ جارێکی تر شکست دێنن و به‌ند ده‌کرێنه‌وه سه‌دام له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه ده‌کرێ به جێگری سه‌رۆکی حیزب.
که له ساڵی شه‌ست و هه‌شت به‌عسیه‌کان دێنه‌وه سه‌ر حوکم ئیتر خۆی ده‌بێته خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و به‌دوای ئه‌وا ئه‌گه‌رێت که چۆن به‌زووترین کات بگاته سه‌ر پشکی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان. چونکه نارسیست گرانه به‌لایه‌وه ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ که‌سێکی تردا به‌شکات. نارسیست کاتێک هه‌ست به‌بوونی خۆی ئه‌کات که له سه‌نته‌ری هه‌موو بریار و پلان و نه‌خشه‌کاندا بێت. بۆئه‌و مایه‌ی سوکایه‌تی ده‌بێت ئه‌گه‌ر کارێک به‌رێوه‌بروات و ئه‌و ده‌ست یان ئاگای لێنه‌بێت. لێره‌دا ره‌هه‌ندێکی تری که‌سایه‌تی سه‌دام ده‌رئه‌که‌وێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌وڵی ئه‌دا وه‌ک که‌سایه‌تیه مۆدرێنه‌کان، درنده مۆدرێنه‌کان؛ به‌تایبه‌ت ستالین و ماوتسی تونگ هه‌ڵسوک‌وت بکات، به‌ڵام سه‌دام له ناخه‌وه سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک بوو سه‌ر به عه‌قڵی سه‌ده‌ی شازده و حه‌ڤده. تائێستاش ستراکتۆری سه‌رۆک عه‌شیره‌ت وه‌ک بونیادێکی ده‌سه‌ڵات که سه‌ر به که‌لتوری ناوچه‌که‌یه هیچ سیاسه‌تمه‌دارێک له‌ناوچه‌که‌دا نه‌یتوانیوه به‌ته‌واوی خۆی لێ ده‌ربازکات.
له‌گه‌ڵ سه‌دامدا که‌لتور و ئه‌خلاقی عێراق وه‌ک ناوچه‌یه‌ک تاوانباره. ئه‌م که‌لتوره به‌رهه‌مهێنی نارسیسته له رێگای ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تی و چه‌پاندنه که له کۆمه‌ڵگا و خێزاندا به‌رێوه‌ده‌چێت. خێزانی ئاینی خێزانێکه که باوک تیایا نارسیسته، بۆیه که باوکه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ له هه‌رکوێ له ده‌سه‌ڵاتدا بن نارسیستانه حوکم ئه‌که‌ن. له هه‌ناوی هه‌موو خه‌ڵكێکا فاشیزمێک خۆی حه‌شارداوه که خۆی له عه‌شقا بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتداران ده‌بینێته‌وه. لێره‌وه کاتێک که ئافره‌تی رۆژه‌هه‌ڵاتی عه‌شقی پاره و ده‌سه‌ڵات و پێکهاته‌کانیه‌تی، به ساده‌یی فاشیزمێکی له ناخدایه که بێئاگایانه بۆنه‌وه‌کانی ئه‌گوزێته‌وه. بۆیه زۆرینه‌ی پیاو له رۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌ر ببنه خاوه‌ن هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام بێ که‌م و زیاد وه‌ک سه‌دام ده‌بن. ئه‌مه مانای به‌هانه هێنانه‌وه نیه بۆ سه‌دام، به‌ڵکو زه‌نگێکی ترسناکه که ئێمه به‌بێ گۆران له که‌لتور و په‌یوه‌ندیه‌کان و تێروانینمان بۆ ئه‌ویتر بۆ جوانی بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆره‌کانداین. ئه‌و پرسیاره‌ی پێویسته هه‌رده‌م له ئاگاییدابێت چۆن به سه‌دام بوون له ناوببرێت.
سه‌دام له شوعبه‌ی پێنج له ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری له سێداره‌درا. ئه‌و شوێنه‌ی که پره له‌ده‌لاله‌ت و سیمبول و مانا. له‌وێدا یه‌کێک له ئه‌نفالچیه‌کان که ناوی وفیق سامه‌رائیه سه‌رپه‌رشتی کاری ئه‌نفالی ئه‌کرد، (ئه‌مرۆ ئه‌و جه‌نابه راوێژکاری سه‌رۆکی عێراقه بۆکاروباری ئاسایش). له هه‌مانجێگادا ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی عێراق له‌سێداره‌دران. به‌لای سوننه‌وه که وا به‌باش ئه‌زانن که هه‌موو شتێک به ئێرانه‌وه ببه‌ستنه‌وه، وه‌ها بیرئه‌که‌نه‌وه که ئه‌و جێگایه بۆ سه‌رپه‌رشتی کاروباری ئیران به‌کارده‌هێنرا. ره‌نگه ئه‌وه کاری تایبه‌تی شوعبه‌ی پێنج بووبێ، به‌ڵگه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی ئه‌نفال لای به‌عسیه‌کان به‌کرێگیراوی ئیڕان له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دران. بۆیه سوننه‌کان وه‌ها بیرئه‌که‌نه‌وه سه‌دام له‌وێدا له سێداره درا بۆ دڵخۆشکردنی ئێران.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و جێگایه له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزه. ئه‌مه‌ش وه‌ها ئه‌کات که کاری له سێداره‌دانه‌که وه‌ک کارێکی عێراقی ببینرێت، نه‌ک ئه‌مریکی. له هه‌مانکاتدا ده‌یانه‌وێت ئه‌وه بسه‌لمێنن که حکومه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موو مایه‌ی ئاڵۆزی زیاتر بوو کاتی له سێداره‌دانه‌که‌بوو. به‌لای سوننه‌وه نه‌ده‌بوایه له رۆژی جه‌ژندا کاری وه‌ها بکرایه، به‌ڵام ئه‌و رۆژه رۆژی جه‌ژنی شیعه نه‌بوو. به‌ڵام لایه‌نی کات ئه‌گه‌ر بۆ سوننه به مایه‌ی سوکایه‌تی بوو. (له رۆژهه‌ڵات هه‌موو شتێ مایه‌ی سوکایه‌تیه). ئه‌وا به‌لای کورد‌وه کڵاو له سه‌رنان بوو. ئه‌وه‌ی بۆ کورد گرنگ و به بایه‌خ بوو مه‌رگی سه‌ددام نه‌بوو به‌ڵکو دادگاییکه بوو، به تایبه‌ت له کێشه‌یه‌کی وه‌ک کێشه‌ی ئه‌نفالدا. هه‌ر هه‌مان رۆژ پیته‌ر گالبرێت له که‌ناڵی ته‌له‌فزیونی فه‌ره‌نسیه‌وه باسی له‌هه‌مان مه‌ترسیکرد. مه‌ترسیه‌ک که له داهاتودا عه‌ره‌به سوننه شۆڤێنیه‌کان نکوڵی له روودانی ئه‌نفال بکه‌ن.
من له ده‌مه‌و به‌یانی بریارمدا به زمانی ئینگلیزی بابه‌تێک بۆ رۆژنامه ئایرله‌ندیه‌کان بنووسم. پاشان هه‌مان بابه‌ت له کوردش میدیا بڵاوبوه‌وه. من له‌وێدا باسم له سه‌ددام کرد وه‌ک پاڵه‌وانێکی دۆنکیخۆتانه. ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌موو ته‌مه‌نی عه‌شقی سه‌رکه‌وتن بوو به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌موو کوشت وکوشتاره جگه له‌خۆی و داروده‌سته‌که‌ی که‌س به سه‌رکه‌وتووی له قه‌ڵه‌م نه‌دا. پاشان رۆشتم بۆ کافێ یه‌که‌م رۆژی پاش مه‌رگی سه‌ددام رۆژێکی دڵگیربوو. له‌وێ له گاردیاندا رانانێکی کتێبیکی نویی رۆبرت کیگان هه‌بوو ده‌رباره‌ی مێژووی ئه‌مریکا و کاریگه‌ری له سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، کتێبێکه له ئێستاوه به ته‌وه‌سه‌وه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی. من که ته‌مه‌نێکی زۆرم له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا به‌سه‌ربرد هه‌میشه بروام وابوو ده‌بمه قوربانی یه‌کێک له پلانه درندانه‌که‌ی. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه وه‌ک کوردێک هێشتاکه له ژیاندا ماووم.
سه‌دام مرد. رووداوێک که له خواست و ئاواتێک ئه‌چێ تا رووداو. مه‌رگی سه‌دام و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌دام ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌موو شتێکی ده‌کرد بۆئه‌وه‌ی بڵێت من هه‌م، به‌ڵام مایه‌ی هه‌ڵوێست و تێرامانه له لایه‌ن مرۆڤایه‌تیه‌وه. له کاتێکا که ووڵاتانی رۆژئاوا به ئاشکرا دژ به له سێداره‌دانی که‌سێکی وه‌ک ئه‌ون، له هه‌مانکاتا گه‌نده‌ڵی و دوورووی خۆیان بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌رئه‌خه‌ن. سه‌رجه‌م ووڵاتانی ئه‌وروپا به‌چه‌ک و به تفاق یارمه‌تی سه‌دامیاندا. له به‌رامبه‌ر تاوان و کرداره دژ به مرڤایه‌تیه‌کانیا که‌ڕ و کوێربوون، که‌چی وێژدانیان بۆ مه‌رگی ئه‌و دێته قسه. قه‌شه‌ی ڤاتیکان که خۆی کۆنه نازیه و ئێستا ڤاتیکان شوێنی ده‌یان قه‌شه‌یه که له زۆر شوێنی دونیا به تاوانی زۆرگێی مناڵ تاوانبارن و ڤاتیکان داڵده‌ی داون، بوده‌ڵ و گه‌نده‌ڵێکی وه‌ها دێت قسه ده‌رباره‌ی مه‌رگی دیکتاتۆر ئه‌کات. کاری رۆژئاوا له‌و روانگه ئۆریانتالیزمه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌گرێ که قوربانیه‌کانی سه‌ددام شایانی دانپیاناندا نین.
Monday, January 8, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment