ئه‌مریکا: هه‌وڵێک بۆ په‌یوه‌ندیکردن
سه‌ردار عه‌زیز
ره‌نگه پێناسه‌کردنی ئه‌مریکا ئه‌مرۆ له هه‌موو ساته‌وه‌ختێکی تر هه‌نوکه‌یی تربێت. ناسینی ئه‌مریکا به‌شێکی هه‌ر‌سه‌ره‌کی ودانه‌براوی سیاسه‌ت و ژیاری ئێمه‌یه. به‌ڵام که‌لتوری ئێمه که‌لتورێک نیه که خه‌می ناسین بخوات. که‌لتوری کوردی زیاتر بایه‌خ به وورته‌وورت و چرپه‌چرپ و قسه و قسه‌ڵۆک و پروپاگه‌نده‌و ئه‌و چی ووت و ئه‌م چی ووت و سه‌ردێری هه‌واڵه‌کان ئه‌دات. که‌لتوری ئێمه وه هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ئێمه‌ش ئاماده‌نیه دونیا وه‌ک خۆی ببینێ به‌ڵکو هه‌رده‌م له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که دونیا له سه‌ر شێوازی عه‌قڵی کوردی وێنابکات. دیاریترین نموونه له‌م بواره‌وه ئه‌و پرسیاره‌یه که ساڵانێکه به‌سه‌ر خیتابی سیاسی کوردیا زاڵه ئه‌ویش: ئایا ئه‌مریکا دۆستی ئێمه‌یه یان دۆستمان نیه. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئێمه وه‌ک خه‌ڵکی ساده ژماره‌یه‌کی بێ‌شومار جار له‌ده‌م ده‌مراسته‌کانی حیزب و لایه‌نه‌کانه‌وه له مینبه‌ره جیاکانه‌وه له‌وه دڵنیاکراینه‌وه که کورد و ئه‌مریکا په‌یوه‌ندیان پته‌وه و زۆر زۆر دۆستی نزیکی یه‌کترین؛ له شه‌ر دژ به تیرۆر و له گۆرانی ناوچه‌که بۆ به‌هه‌شتی دیموکراسی. به‌ڵام بۆ له‌پر هه‌موو شتێ گۆرا!!
ئه‌مریکا، نه دۆسته نه دوژمن، نه چاکه نه خراپ، نه خیانه‌تکاره نه خاوه‌ن په‌یمان، زۆر به ساده‌یی ئه‌مریکا ئه‌مریکایه. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مریکا په‌یوه‌ندی پێوه‌کردین ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه بوه‌ته دۆستمان، ئه‌گه‌ر دژایه‌تیشیکردین ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه بوه‌ته دوژمنمان. ئه‌مریکا نه دۆستایه‌تی ئێمه ئه‌کات نه دژایه‌تی، به‌ڵکو ئێمه به‌شێکی زۆر بچوکین له‌دونیایه‌کی پان و به‌رین و ئاڵۆز‌و تێکچراژاو که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ دایبرێژێ و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بیبات به‌رێوه. له سه‌ره‌تادا با بپرسین بۆچی هه‌ڵه‌یه هه‌وڵبده‌ین ئه‌مریکا وه‌ک دۆست یان دوژمن بناسیین. یه‌که‌م هه‌ڵه ئه‌وه‌یه، پۆلێن‌کردنی ئه‌مریکا بۆ یه‌ک پێکهاته کارێکی ساده‌کاری ساویلکه‌یی و نیشانه‌ی بێئاگاییه به‌کورتی زۆرهه‌ڵه‌یه. چونکه وه‌ک ئاشکرایه ئه‌مریکا له کۆمه‌ڵێک هێزی تێکه‌ڵی ئاڵۆز پێکدێت که هه‌رگیز دید و دونیابینیان وه‌ک یه‌ک نیه. ئه‌م هێز و دیدانه هه‌رده‌م له ململانێی یه‌کتردان بۆ چه‌سپاندن و سه‌پاندن و داکۆکیکردن له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان. هه‌ریه‌ک له‌م هێزانه بوار و ناوه‌ندی خۆیان هه‌یه که به‌پێی سه‌رده‌م و کات و گۆرانه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌گۆرێن.
به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که هیچ شتێک له ئه‌مریکادا چه‌سپیوو جێگیر نیه.بنه‌مای چه‌سپیوو نه‌گۆر بوونی هه‌یه به‌ڵام ئه‌و نه‌گۆر و چه‌سپیوانه‌ش هه‌رده‌م شێواز و رێگایی خۆیان ده‌گۆرن. یه‌کێک له‌و چه‌سپیوه دیارانه سه‌رمایه‌داریه. ئه‌مریکا ووڵاتێکی سه‌رمایه‌دار یان که‌پیتالیزمه. که‌پیتالیزم سیسته‌مێکی هێنده ئاڵۆزه که باسکردنی چه‌ندان ساڵ و چه‌ندان کتێبی قه‌به قه‌به‌ی ده‌وێت. به‌ڵام یه‌کێک له سیما دیاره‌کانی که‌پیتالیزم که تاراده‌یه‌کیش سیاسه‌تی ئه‌مریکیش ئه‌وه‌یه که که‌پیتالیزم بێبراوایه. مه‌به‌ست له بێبروابوون چیه. لێره‌دا هه‌وڵئه‌ده‌ین به نموونه‌یه‌ک لێکی بده‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی جێگیر و نه‌گۆره له سه‌رمایه‌داریدا قازانجه. به‌ڵام که‌پیتالیزم بایه‌خ به‌وه‌نادا چۆن بگاته قازانج، به‌ڵکو ته‌نها بیرله‌وه ئه‌کاته‌وه چۆن قازانج بکات. به مانایه‌کی تر شێواز و رێگای ئیش‌کردن یان بیزنیس گرنگ نیه به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرنگه ئایا ده‌رئه‌نجام قازانجه. لێره‌وه هه‌موو که‌سێ کۆمه‌ڵێ، پێکهاته‌یه، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌کیش ده‌بێته جێی بایه‌خ ئه‌گه‌ر ببێته مایه‌ی قازانج. به هه‌مانشێوه له سیاسه‌تیشدا. بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌رده‌م له‌بیردابێت له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا ئه‌وه‌یه، ئایا ئێمه له قازانجی ئه‌مریکاین. له‌لایه‌کی تره‌وه، ئه‌مه هێنده ئاسان نیه، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه و پێویسته هه‌رده‌م له‌بیربێت ئه‌وه‌یه که، گرنگ ئه‌وه‌نیه که ئێمه وابیرکه‌ینه‌وه که له قازانجی ئه‌مریکاین، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌مریکا بروای وایه ئێمه له قازانجی ئه‌وین. لێره‌دا سروشتێکی تر له قازانچ دێته ئاراوه ئه‌ویش ململانێی قازانجه‌کانه. هه‌رکاتێ قازانجی گه‌وره‌تر هه‌بوو قازانجه بچکۆله‌کان له ناوئه‌برێن. بۆیه ده‌بێ هه‌رده‌م له پیاچونه‌وه‌ی پلانه‌کانماندا بین. ئه‌گینا ده‌بینه ده‌رخوادی ماسیه گه‌وره‌کان.
به‌شێکی گرنگی تری ئه‌م هاوکێشه‌یه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی. لێره‌دا پێویسته هه‌ندێک له سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و سیاسه‌تی ناوخۆی ووڵات بوه‌ستین. هه‌ندێک قوتابخانه هه‌یه بروایان وایه په‌یوه‌ندی نیه له نێوان سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و سیاسه‌تی ناوه‌وه، به‌ڵام ئه‌م قوتابخانه‌یه هێنده لاوازه پێویست به‌وه‌ناکات کاتی خۆمانی پێوه به‌فیرۆبده‌ین. ئێمه بروامان وایه که سیاسه‌تی ناوه‌وه‌ی ووڵات چیه‌تی و چۆنێتی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه دائه‌رێژێ. که‌واته ئه‌وه‌ی زیاتر به‌بایه‌خه سیاسه‌تی ناوخۆیه، ئه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریکا ووڵاتێکی دیموکراسیه، وه‌ک له ده‌ستور‌که‌یدا هاتوه ده‌سه‌ڵات له خه‌ڵکه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵک. ئه‌مه به‌و مانایه‌دێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه‌ی کورد هیچ کاریگه‌ریه‌ک یان بوونێکمان له ناوخۆی ئه‌مریکادا نه‌بوو ئه‌وا زۆر به‌ئاسانی ئه‌مریکا یاریمان پێئه‌کات. هه‌رکاتێ ویستی لامان لێئه‌کاته‌وه و هه‌رکاتێ پێوسیتی نه‌بوو پشتگوێمان ئه‌خات. بۆیه ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نها وه‌ک بوونێکی ده‌ره‌کی بونمان هه‌بێت ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه وایه بوونمان نه‌بێت. هاری ترومان له کاتی دانپیانانی ئه‌مریکا بۆ ئیسرائیل ده‌ڵی؛ بۆیه دان به ووڵاتی ئیسرائیل‌دا ده‌نێم چونکه له بازنه‌ی هه‌ڵبژاربه‌که‌ما سه‌د هه‌زار ده‌نگده‌ری جوله‌که هه‌یه. به‌ڵام ته‌نها عه‌ره‌بێک نیه. ئه‌مه ره‌نگه خیتابێک بێت به‌تاڵ له ئه‌خلاق به‌ڵام حه‌قیقه‌ته.
دیاره ئاماده‌بوون له ناوخۆی ئه‌مریکا چه‌ندین شێوازی جوداجودای هه‌یه، که قسه‌کردن له‌سه‌ری ئه‌مانبات بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر هونه‌ری لۆبیکردن و چۆنێتی لۆبیکردن، که ئێستا مه‌به‌ستی ئه‌م باسه نیه. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی ئاماده‌بوون له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بێت ئه‌وا ئێمه پێویسته له خۆمان بپرسین چۆن بتوانین وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی په‌ره‌وازه‌ی شاخاوی له نێوخۆی ئه‌مریکادا بوونمان هه‌بێت. ره‌نگه ئه‌مه هه‌رده‌م خه‌ونی سیاسه‌تمه‌دارانی کوردبووبێت. وه‌ک چۆن مه‌لامسته‌فا ئاماده‌یی خۆی ده‌رئه‌برێ که کوردوستان بکاته وولاتی ژماره په‌نجا و یه‌کی ووڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا. به‌ڵام جگه له خه‌ون و خواستێک به هیچی تر نه‌مایه‌وه. دیاره ئه‌مریکاییه‌کان به‌باشی له کاریگه‌ری و گرنگی رۆڵی ناوه‌کی ئاگادارن بۆیه له کاتی مانه‌وه‌ی مه‌لامسته‌فا و مه‌سعود له ئه‌مریکا به‌رده‌وام له ژێر چاودێری ده‌زگایی ئیستخباراتی سی ئای ئه‌یدا بوون هه‌تا بۆ هیچ که‌ناڵێکی میدیا لێدوان نه‌ده‌ن.
لایه‌کی تر په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ل ئه‌مریکادا ئه‌وه‌یه ئێمه نه‌گۆرین و ئه‌مریکا به‌رده‌وام له‌گۆراندایه. گۆراو و نه‌گۆراو پێکه‌وه نایانکرێ. له‌یه‌کتر تێناگه‌ن، زمانی ئاخاوتنیان به‌گوێی یه‌کتری ئاشنا نیه. لێره‌دا مه‌به‌ست له چه‌مکی گۆران ئه‌وه‌نیه که گوایه ئێمه وه‌ستاوین به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئێمه تا چه‌ند خۆمان دووباره‌ئه‌که‌ینه‌وه و تا چه‌ند له راستیا گۆراوین. سیاسه‌تمه‌دارانی کورد زوو ده‌گۆرێن بۆ دلخوشکردنی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مریکی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت ئه‌مریکایه‌کان ته‌نها به‌وه رازی نابن که دانیشتنه‌کانا به‌گوێیاندا ئه‌درێت به‌ڵکو خۆیان به‌دوای دیاریده و راستیه‌کانا ئه‌گه‌رێن.
له راستیدا ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده نه‌گۆراوین، ره‌نگه زۆر شتمان هه‌بێت به‌ڵام زۆربه‌یان کارتۆنین. تا ئێستا د‌ه‌سه‌ڵاتی کوردی سیاسه‌تی کوردی له سه‌ر که‌سایه‌تی و تاکه که‌س راوه‌ستاوه. ئه‌مه بۆ هه‌مووکه‌سێک ئاشکرایه. ئه‌م شێوازه له سیاسه‌ت بۆ ئه‌مریکاییه‌کان زۆر ناسراوه، ئه‌وان هه‌رگیز وه‌ها بیرناکه‌نه‌وه که مامه‌ڵه له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا ئه‌که‌ن به‌ڵکو به‌لای ئه‌وانه‌وه ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوو که‌سایه‌تیا ئه‌که‌ن. بۆیه ئه‌وان له مامه‌ڵه‌کردنیاندا بیرله‌وه ئه‌که‌نه‌وه چۆن ئه‌و دوو که‌سایه‌تیه رازی که‌ن نه‌ک چۆن له‌گه‌ڵ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کا مامه‌ڵه بکه‌ن. جیاوازی زۆره له‌نێوان ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک قسه‌بکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تیه‌ک قسه‌بکات.
وه‌ک ووتمان ئه‌م شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی که‌سایه‌تی له سیاسه‌تدا بۆ ئه‌مریکاییه‌کان ناسراوه وه خاسیه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ده‌توانین بڵێین ئه‌م شێوازه له سیاسه‌ت به‌تاڵه له سیاسه‌ت به‌ڵکو زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری و به‌رزه‌منی که‌سایه‌تیه‌که وه‌ستاوه. له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیا به‌م جۆره که‌سایه‌تیه سیاسیانه ده‌ڵێن که‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌رانه که خاسیه‌ت و پێکهاته‌ی خۆی هه‌یه، ره‌نگه ئێستا بواری باسکردنی نه‌بێت.
ئه‌م خاڵه ده‌مانبات بۆ تێروانینی ئه‌ویتر یان ئه‌مریکا له سه‌ر ئێمه. وه تاچه‌ند رۆڵی هه‌یه له دارشتنی وێنه‌و پلانی سیاسی ده‌رباره‌ی ئێمه. ئه‌م تێراوانینه‌یه که کرۆکی تێزه به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری ناسراو ئیدوارد سه‌عیده، له کتێبی رۆژهه‌ڵاتناسیدا. ئه‌مریکاییه‌کان له نێو د‌ه‌قه مێژووی و ئه‌نترۆپۆلۆجی و دیپلۆماسی و سیاسیه‌کانا به‌دوای زانیاری‌دا به‌دوای ئێمه‌دا ئه‌گه‌رێن. زۆربه‌ی ئه‌و ده‌قانه له‌لایه‌ن که‌سانی رۆژئاواییوه نوسراون که تا راده‌یه‌کی زۆر وێنه‌ی ئێمه تیایا وێنه‌ی درنده‌یه‌که که ناتوانرێت ببێته شارستانی. ناتوانێ حوکمی خۆی بکات، ناتوانێ جگه له شه‌ر و ئاژاوه‌و یه‌کتر کوشتن به هیچی تر هه‌ستێت. بزوتنه‌وه‌کانی ئێمه، رۆشنبیرانی ئێمه لادێین، که په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا په‌یوه‌ندی ململانی و شه‌ر زیاتر هیچی ترنیه. توانای به‌کارهێنانی زمان و عه‌قڵیان نیه، ته‌نها له رێی توند‌و تیژیه‌وه په‌یوه‌ندی ئه‌که‌ن. دیاره زۆر دیدی تر که ده‌رباره‌ی ن‌ته‌وه‌کانی تر و ئیسلام ب‌گشتی به‌سه‌ر ئێمه‌یشدا ئه‌یسه‌پێنن. ئه‌م دیدانه وه‌ها له هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێکی ئه‌مریکایی ئه‌کات که به‌گومانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بکات. چونکه زۆر به‌ئاسانی ئه‌وان بروایان به‌ده‌قه‌کان زیاتره تا قسه سه‌زاره‌کیه‌کانی ئێمه.
له‌هه‌مانکاتدا ئێمه له‌میانه‌ی ئه‌م ده پانزه‌ی ساڵه‌ی حوکمی خۆماندا نه‌مانتوانیوه وێنه‌یه‌کی جیاواز له‌سه‌ر خۆمان دروستکه‌ین. هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتێکی ئێمه ئه‌وه‌نده ئاشکرا کارتۆنیه که نه‌ک ووڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا که به‌سه‌ده‌ها سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه هه‌یه به‌ڵکو مناڵێکیش هه‌ستی پێئه‌کات. بۆ نموونه که ئێمه بێئاگابووین له راپۆرته‌که‌ی بیکه‌ر هاملتۆن تا ساتی ده‌رچوونی، پاشان که بۆمان ده‌رکه‌وت که له قازانجی ئێمه نیه. هه‌ر خێرا توشی قه‌یران بووین، له بیرمانچوه‌وه که حکومه‌تمان هه‌یه، پاش هه‌فته‌یه‌ک په‌رله‌مان کۆبوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی راپۆرته‌که شتێک بڵێت که له راستیا هیچیان نه‌ووت یان هیچیان بۆ نه‌وترا.
به‌کورتی ئێمه توشێ نه‌خۆشیه‌ک بووین که له نه‌خۆشی پاڵه‌وانی رۆمانه ناسراوه‌که‌ی سێرڤانتس دۆنکیخۆته ئه‌چێ. ئێمه بروامان به خۆمان هێناوه که گۆراوین، هه‌رچه‌نده ئه‌م براوایه هێنده لاوازه هه‌موو چه‌ند چرکه‌یه‌ک جارێک پێویسته به گوێی خۆمانیا بده‌ینه‌وه، به‌ڵام له راستیا نه‌گۆراوین. وه تراژیدیا له‌وه‌دایه ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌ویتر که لێره‌دا ئه‌مریکایه بروابێنێ که ئێمه گۆراوین.
خه‌سله‌تێکی تر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه، ئه‌وه‌یه، ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌رده‌م خیانه‌تمان لێکراوه، کوشت و کوشتاری بێ‌شومار دژمان ئه‌نجامدراوه بۆیه ده‌بێت ئه‌وانی تر به چاوێکی تر ته‌ماشای ئێمه و کێشه‌که‌مان بکه‌ن. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی جار له‌بری سیاسه‌تکردن ئێمه سواڵی به‌زه‌یی ئه‌که‌ین. به‌داخه‌وه هه‌رچه‌نده ئه‌مانه راستن به‌ڵام ئێمه نه‌مانتوانیوه به‌باشی سودی لێوه‌ربگرین. تراژیدیا‌کانی ئێمه ده‌توانرێ وه‌ک هێزێک به‌کاربێت به تایبه‌تی وه‌ک هێزێکی نه‌رم. چه‌مکی هێزی نه‌رم له‌لایه‌ن جۆزیف نایه‌وه دارێژراوه وه کتێبێکی له‌م باره‌وه نووسیوه. نای عه‌میدی کۆلێژی حکومه‌ته له زانکۆی هارڤه‌رد. گۆرینی تراژیدیا بۆ هێز پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزه، پێویستی به کاری چه‌ند لایه‌نه هه‌یه، که ده‌کرێ سود له نموونه‌ی گه‌ڵانی تر وه‌ربگیرێت وه‌ک هۆلۆکۆستی جوله‌که به تایبه‌ت. به‌لام ئێمه ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستا ئه‌گه‌ر به‌راستی حکومه‌تێکمان هه‌بێت نوێنه‌ری خه‌ڵک بێت، گه‌نده‌ڵ نه‌بێت، دیموکراسی بێت، په‌رله‌مانێک نه‌ک بۆ خه‌وتن به‌لکو بۆ دارشتنی یاسا و موناقه‌شه‌کردن ئه‌و کاته ده‌بینه خاوه‌نی باشترین هێزی نه‌رم وه ئه‌وانی تریش به شایسته‌ی ده‌زانن که داکۆکی له حکومه‌ته‌که‌مان بکه‌ن.
ره‌هه‌ندێکی تر له په‌یوه‌ندیکرن له گه‌ڵ ئه‌مریکادا ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌بێ له تێگه‌یشتنی ئاینی بۆ ئه‌مریکا وازبێنین هه‌وڵبده‌ین تێگه‌یشتنێکی سیاسیمان بۆ ئه‌مریکا هه‌بێت. ئه‌مریکا نه گوڵبارانکه‌ین و نه جنێو باران به‌ڵکو وه‌ک هێزێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵابکه‌ین، وه‌ک ووڵاتێک نه‌ک فریاده‌ره‌سێک. چونکه ئه‌مریکا ئه‌و کاته نازانێ چۆن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا مامه‌ڵه‌بکات کاتێک ئێمه ده‌یگه‌یه‌نیه ئاستی په‌رستن هه‌ر له پاش هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌یکه‌ین به فیرعه‌ون.
ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌رگیز له یادی نه‌که‌ین ئه‌وه‌یه که ئه‌مریکا هێزێکی ئیمپریالیسته. ئه‌گه‌ر بێتوو له به‌رژه‌وه‌ندیشمان بێت که وه‌ک هێزێکی دیموکراتخواز و داکۆکه‌ری مافی مرۆڤ ناوی به‌رین ئه‌وا نابێ هه‌رگیز ئه‌وه له‌یادکه‌ین که له‌پشت هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتیکه‌وه مه‌به‌ستێکی ئیمپریالیستانه خۆی حه‌شارداوه. ئه‌مه شاراوه نیه. ره‌نگه به ره‌نگ و رواڵه‌تی جیاواز جیاواز خۆی پێشاندات به‌ڵام هه‌رگیز نهێنی نه‌بووه وه بیریاره ئه‌مریکیه‌کان خۆیان به ئاشکرا داکۆکی لێئه‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که نکوڵی لێئه‌که‌ن به‌جۆرێک له جۆره‌کان له میانه‌ی خیتابیاندا ده‌توانرێت هه‌ستی پێبکرێت. ئیمپریالیست و که‌پیتالیزم جارێکی تر هاوشانی یه‌کتر ده‌گرنه‌وه. له سه‌رمایه‌دایدا پاره به‌کاردێت بۆ په‌یداکردنی پاره‌ی تر. له ئیمپریالیستدا ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌ر زه‌مینێ رێخۆشکه‌ره بۆ سه‌رزه‌مینێکی تر. ئه‌مه‌یه یاری مه‌زن وه‌ک کیپلنگ باسی لێوه‌ئه‌کات. ئه‌مه یاریه‌ش کاتێ ته‌واو ده‌بیت که هه‌مومان مردبین.
Thursday, January 4, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment