هه‌وڵێک بۆ ناسینی نووسه‌ری یابانی هاروکی مۆراکامی
سه‌ردار عه‌زیز
که بازاری ئینگلیزه‌کانم به‌جێهێشت، په‌تاته و مریشک و بیبه‌رێکی تونی سور و پارچه‌یه نانم پێ‌بوو.
ئه‌م ئێواره‌یه من خواردن دروست ئه‌که‌م. خواردنێ که چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر کاتێ به ته‌نها له گوندێ له قه‌راخ زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی له گه‌ڵ رووس و ئۆکرانیهکانا ئه‌ژیام فێری چاککردنی بووم. ئێمه به خواردنه‌که ده‌ڵێین کهرتۆش که به زمانی رووسی به مانای په‌تاته دێت. که من له چێشتلێنان ده‌بمه‌وه یاره‌که‌م دێته‌وه. ئه‌م ئێواره‌یه ده‌بێ زوو نان بخۆین، چونکه حه‌زئه‌که‌ین به ژێر وورده بارانه‌که‌دا پێکه‌وه پیاسه‌یه به بازاره نووستوهکهدا بکه‌ین پێش ئه‌وه‌ی برۆین بۆ کۆری چیرۆک خوێندنه‌وه.
هه‌موو ساڵێک له‌م هه‌فته‌یه‌دا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له گه‌وره چیرۆکنووسانی دونیا رووئه‌که‌نه ئه‌م شاره، چونکه لێره یه‌کێک له گه‌وره‌ترین خه‌ڵاته‌کانی کورته چیرۆک له دونیادا ده‌به‌خشرێت. په‌نجا هه‌زار یورۆ بۆ کۆمه‌ڵه چیرۆکێکی له چاپدراو له ساڵێکدا. ئه‌م خه‌ڵاته ناوی خه‌ڵاتی فرانک ئۆکۆنهره. ئۆکۆنه‌ر که به هیچ شێوه‌یه‌ک به خوێنه‌ری کورد ئاشنا نیه له ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی زماندا کورته چیرۆکنووسێکه به هاوتای ئه‌نتوان چیخۆف له ئه‌ده‌بی رووسیدا. به‌ڵام من باسی ئۆکۆنهرتان بۆ ناکه‌م، ئه‌وه هه‌ڵئه‌گرم بۆ ده‌رفه‌تێکی تر چونکه هاوه‌ڵ و لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به ئه‌و بۆ ساڵانێک دراوسێم بوو، له دانیشتنێکی تایبه‌تدا، له هه‌وڵێک بۆ ناساندنی ئۆکۆنه‌ر به خوێنه‌ری کورد ده‌رباره‌ی ئه‌و قسه‌ئه‌که‌ین.
ئه‌م ئێواره‌یه کۆری چیرۆک خوێندنه‌وه بۆ چیرۆک‌نووسی یابانی هاروکی مۆراکامیه. مۆراکامیش به داخه‌وه نووسه‌رێکی تره که دونیای ئه‌ده‌بیاتی ئێمه پێی شاره‌زا نیه. هه‌موو جاری که نووسه‌رێ گه‌وره ئه‌بینم و ئه‌ده‌بیاتی ئێمه به به‌رهه‌مه‌کانی نامۆیه تووشی دڵته‌نگی ئه‌بم. هاوینی پار کاتێ له گه‌ڵ گه‌وره نووسه‌ری باشوری ئه‌فریقا ج.م.کویتزی، که خاوه‌نی خڵاتی نۆبڵه، بۆ ساتێ پیاسه‌مان کرد، پاشان دڵم به خوێنه‌ری کورد ئه‌سوتا. (شایانی باسه هه‌وڵی زۆرم دا کویتزی رازیکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌ری کورد چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵا ئه‌نجام ده‌م به‌ڵام کویتزی نه‌ک بۆ که‌سێکی نه‌ناسراوی وه‌ک من، به‌ڵکو بۆ گه‌وره‌ترین رۆژنامه‌نووسی دونیاش چاوپێکه‌تن ئه‌نجام نادات).
هاروکی مۆراکامی ئێستا له تۆکیۆی پایته‌ختی یابان ئه‌ژی. له 12 ی کانوونی یه‌که‌می ساڵی 1949 له شاری کیوتۆ له دایک بووه. به‌ڵام زۆربه‌ی ژیانی له شاری کۆب به سه‌ربردوه. باوکی کوری قه‌شه‌یه‌کی بودیه و دایکی کچی بازرگانێکه له ئۆساکا. باوانی مۆراکامی هه‌ردوکیان وانه‌ی ئه‌ده‌بی یابانیان وتوه‌ته‌وه. وه‌ک له ساڵی له دایک بونهکهیا ئه‌بینرێت مۆراکامی پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م هاتوه‌ته دونیاوه. ئه‌و جه‌نگه‌ی که یابان وه‌ک ووڵاتێک به خه‌ستی تیایدا به‌شداربوو. به‌شداری یابان له‌و شه‌ره‌دا له بۆمبارانکردنی به‌نده‌ری پێرل هاربهرهوه ده‌ستپێئه‌کات. ئه‌م ده‌ستدرێژیه، که هه‌ندێ جار به ته‌بای رووداوی 11ی سیپته‌مبه‌ر بهراوردئهکرێت، وه‌های له ئه‌مریکاکرد که هێرش بکاته سه‌ر یابان.
یابان له جه‌نگدا دژ به ئه‌مریکا شکستی هێنا. به‌شێکی زۆری ووڵاته‌که وێران بوو. دوو شاریشی به بۆمبی ناوه‌کی بۆمبارانکرا. ئه‌م شکسته مێژووی یابانی گۆری. ۆرانێک که سه‌رتاپا ره‌هه‌نده‌کانی ژیانی گرته‌وه. یابانی پێش جه‌نگ ووڵاتێکی ده‌ستدرێژکه‌ر و شهرخوازبوو. به‌ڵام پاش شهر هه‌موو شتێک رێره‌وێکی تری وه‌رگرت. ئه‌م قۆناخه بۆ مۆراکامی زۆر گرنگ و کاریگه‌ره. رۆمان و چیرۆکه‌کانی مۆراکامی به‌گشتی ده‌رباره‌ی جه‌نگ و کۆمه‌ڵگای پاش جه‌نگه. دۆرانی یابان و داننانی به دۆرانیا وه‌های کرد ووڵات به‌ره‌و رووی رۆژئاوابکرێتهوه. بۆیه سه‌یر نیه که مۆراکامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ئه‌ده‌ب و که‌لتوری رۆژئاوا ئاشنابوو.
مۆراکامی له زانکۆی وهسیدا له تۆکیو درامای خوێند و هه‌ر له‌وێش په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یۆکۆ-دا په‌یداکرد که پاشان بووبه خێزانی. یه‌که‌م کاری له کۆگایه‌کی فرۆشتنی شریت و سی دی دا بوو. هه‌مان شوێن پاشان ده‌بێته شوێنی کاری پاڵه‌وانی رۆمانی دارستانی نهریژی، تۆرو واته‌نه‌بی. له گه‌ڵ ئه‌ده‌بدا مۆراکامی عه‌شقی مۆسیقایه. له ساڵانی 1974 تا 1982 خاوه‌نی بارێکی جازبوو له شاری تۆکیو، که ناوی پیته‌ر کات-ه.
مۆراکامی یه‌که‌م رۆمانی له ساڵی 1979دا نوسی له ژێر ناوی گوێگرتن له گۆرانی با، که بیرۆکه‌که‌ی له کاتی ته‌ماشاکردنی یاری بهیسهبۆڵدا بۆهات. هه‌رچه‌نده ئه‌و کاته به رۆژ ئیشی ئه‌کرد به‌ڵام، وه‌ک کافکا، شه‌وان و به‌یانیان زوو پاش چه‌ند مانگێک ده‌قێکی به‌رهه‌م هێنا، که کورت و پچرپچربوو، به‌ڵام له پێشبرکێیه‌کی ئه‌ده‌بیا خه‌ڵاتی یه‌که‌می به ده‌ست هێنا. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه له سه‌ره‌تاوه هانیدا بۆئه‌وه‌ی له نووسین به‌رده‌وام بێت.
که ئێواره پاش پیاسه‌کردن گه‌شتینه هۆڵی چیرۆک خوێندنه‌وه‌که که ناوی تریسکله. کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو خه‌ڵك له‌وێ ئاماده‌بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵته‌نگی بوو، هاروکی مۆراکامی خۆی له‌وێ ئاماده‌نه‌بوو، به‌ڵكو له‌بری ئه‌و وه‌رگێره‌که‌ی ئاماده‌بوو که ناوی جه‌ی روبن-ه. روبن مامۆستای ئه‌ده‌بی یابانیه له زانکۆی هارڤه‌رد، له ئه‌مریکا. پاش چیرۆک خوێندنه‌وه له لایه‌ن پۆڵ کهسنهوه چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵا ئه‌نجامدرا. پۆڵ هاوه‌ڵێکی نزیکی منه، (چه‌ند ساڵێک پێکه‌وه ئێواران یاری دووگۆڵیمان ئه‌کرد)، له دوکانی کتێب فرۆشی واته‌رستۆن کار ئه‌کات. پۆڵ بۆیه هه‌ڵبژێردرا بۆ ئه‌نجام دانی چاوپێکه‌وتنه‌که چونکه یه‌کێکه له‌وانه‌ی له زۆر سه‌ره‌تاوه به مۆراکامی ئاشنابووه و به ئه‌وانی تری ناساندوه له‌م شاره‌دا، پۆڵ خوی رۆمانیش ئه‌نووسێ.
کاتێک پۆڵ هه‌مان پرسیاری له جه‌ی رۆبن کرد؛ چۆن به به‌رهه‌مه‌کانی مۆراکامی ئاشنابویت، جه‌ی تا هێندێک ووڵامێکی سه‌یری هه‌بوو. جه‌ی پێش خوێندنه‌وه‌ی مۆراکامی به ئه‌ده‌بی کلاسیکی یابانیه‌وه سه‌رقاڵ بوو. ئه‌و ووتی؛ هه‌رکاتێ له یابان به‌رهه‌مه‌کانی مۆراکامی ده‌بینی به ژماره‌یه‌کی زۆر له کتێبخانه‌کاندا که‌ڵه‌که‌کرابوون، هه‌رده‌م بروای وه‌هابوو که ئه‌م نووسه‌ره ده‌بێ بۆ زه‌وقی هه‌موان بنووسێ و به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ڵگری هیچ سه‌لیقه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی نه‌بن. به‌ڵام کاتێک ده‌زگایه‌کی بڵاوکردنه‌وه له ئه‌مریکا ده‌قێکی وه‌رگێردراوی مۆراکامی بۆ ده‌نێرن بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه یابانیه ره‌سه‌نه‌که‌یدا بهراوردیکات و رای خۆی له‌سه‌ربدات، جه‌ی له‌وساته‌وه عه‌شقی مۆراکامی بوو. وه‌ک خۆی ووتی؛ ئیتر سه‌رتاپا ژیانی گۆرا. له‌و ساته‌وه به‌رده‌وام مۆراکامی ده‌خوێنێته‌وه و زۆربه‌ی زۆری به‌رهه‌مه‌کانی وه‌رگێراوه بۆ زمانی ئینگلیزی. وانه‌یه‌ک لێره‌دا بۆ ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک گرنگه ئه‌وه‌یه که ووڵاتی یابان ده‌زگایه‌کی هه‌یه بۆ ناساندنی ئه‌ده‌بی یابانی به‌دونیا. ده‌زگایه‌کی له‌و شێوه‌یه که هه‌ستێ به وه‌رگێرانی ده‌قه کوردیه‌کان پێویسته.
مۆراکامی نووسه‌رێکی هه‌ست ناسک و سه‌یره. خۆی به باشی زمانی ئینگلیزی ئه‌زانێت ، که ئه‌ویش ده‌گه‌رێته‌وه بۆئه‌و گۆرانه گه‌وره‌یه‌ی به سه‌ر کۆمه‌ڵگای یابانیدا هات پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م. له هه‌مانکاتدا کاری وه‌رگێرانیش ئه‌کات. به‌تایبه‌ت کورته چیرۆکه‌کانی رامیۆند کارڤه‌ر. کارڤه‌ر که گه‌وره کورته چیرۆکنووسێکی ئه‌مریکیه، وه‌ک زۆری تر به ئه‌ده‌بی کوردی ئاشنا نیه. کارڤه‌ر سه‌ر به قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیه، که هه‌روه‌ها به ئه‌ده‌بی کوردی ئاشنا نیه، ئه‌ویش قوتابخانه‌ی ریالیزمی پیسه، له بری ریالیزمی ئه‌فسونای مارکیز، که هیشتا ئه‌ده‌بی کوردی به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ. له‌وه ئه‌چێ زه‌وقی خوێندنه‌وه له نێوکورددا هێشتا قۆناخی رۆمانتیکی به‌جێ نه‌هێشتبێت، یان نه‌توانێت به‌جێی بهێڵێ، ئه‌مه ده‌کرێ شایانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتربێت. هه‌ندێ جار ده‌قی کوردی بۆ یاره‌که‌م وه‌رئه‌گێرم، که خۆی له زانکۆ مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیه، هه‌رده‌م پێم پێئه‌که‌نێ که ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌ده‌بی دوو سه‌ده له‌مه‌وپێشه.
ده‌ڵێن جارێکیان مۆراکامی چاوپێکه‌تن له‌گه‌ڵ کارڤه‌ردا ئه‌نجام ئه‌دات ئه‌و ته‌نها خۆی وه‌ک وه‌رگێرێک ده‌ناسێنێ، کارڤه‌ر پێی ده‌ڵێت به پرسیارهکانتا له‌وه‌ئه‌چێت نووسه‌ربیت. ئه‌ده‌بی مۆراکامی ئه‌ده‌بی مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ پرسیاره گه‌وره‌کانی ژیاندا به‌بێ وه‌ڵام دانه‌وه‌یان. رسته‌کانی شاعیرانه‌ن، به‌ڵام جواد له‌گه‌ڵ شیعری هایکۆی رابوردوی یاباندا. مۆراکامی زۆربهئاگایانه ده‌یه‌وێ ده‌قێک بنووسێ که جودابێت له ده‌قه پێشینه‌کان. ئه‌و نیازیه‌تی پچرانێک دروستکات له گه‌ڵ ئه‌ده‌بێکدا که تا نووسه‌ری گه‌وره‌ی یابانی کواباتا درێژه‌ی هه‌ێه. ده‌قی مۆراکامی ده‌قێکی یابانیه و له هه‌مانکاتدا جیهانیشه. ئه‌م دیاریده‌یه، شایسته‌ی ساتێک له سه‌ر راوه‌ستانه. له نووسینه‌کانی مۆراکامیدا ناوی زۆری نووسه‌ران و به‌رهه‌مه رۆژئاواییه‌کان هه‌یه، مۆسیقا و گۆرانیه رۆژئاواییه‌کان له هه‌موو ده‌قێکی مۆراکامیدا ئاماده‌یی هه‌یه، ئاماده‌ییه‌ک که زۆر دیار و زه‌قه.
بۆ نموونه ده‌ستپێکی یه‌کێک له هه‌ره ناسراوترین رۆمانه‌کانی که ناوی دارستانی نه‌رویژیه، به گۆرانی دارستانی نه‌رویژی تیپی گۆرانی ئینگلیزی بیتڵز ده‌ست پێئه‌کات له رۆژێکی باراناویا له فرۆکه‌خانه‌ی هامبۆرگ. پاڵه‌وانی رۆمانه‌که ئه‌وکاته ته‌مه‌نی 37 سالان بووه، به‌بیستنی ئه‌وگۆرانیه رۆژانی خوێندنی له زانکۆ وه بیردێته‌وه. بیستنی گۆرانیه‌ک وه‌ها له که‌سێک ئه‌کات ئه‌و هه‌موو رووداو و ساڵانه‌ی وهبێربێتهوه. ئه‌مه له هه‌مانکاتدا یه‌کیک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی تری ده‌قی مۆراکامی ده‌رئه‌خات که بریتیه له نۆستالژیا. له هه‌مانکاتدا ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌خات که ئه‌و وه‌ک نووسه‌رێک بیرۆکه‌ی چیرۆکه‌کانی له‌کۆێوه ههڵئهێنجێ. ئه‌و ئه‌ڵێت؛ چه‌ند ووشه‌یه‌ک له ده‌مه‌ته‌قه‌یه، یاده‌وه‌ریه‌ک، خه‌ونێ، شتێک که چێشتخانهیهکا به‌رگوێم که‌وێ، ئه‌مانه هه‌مویان ده‌کرێ ببنه مایه‌ی نووسنی چیرۆکێک.
به‌ڵام جگه له‌مانه شتی سه‌یر تر ده‌بنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌و بنووسێت. له رۆژێکی هاوینه‌دا پیاوێکی بچکۆله، که مۆراکامیه، له یه‌کێک له دوورگه‌کانی هاوای پیاسه‌ئه‌کات. له میانه‌ی پیاسهکهیدا تی شێرتێکی بهرچاوئهکهوێ که وێنه‌ی پیاوێکی به سه‌ره‌وه‌یه و له ژێریا نووسراوه، تۆنی تاکی تانی. مۆراکامی تی شێرته‌که ئه‌کرێت که نرخی ته‌نها یه‌ک دۆلاره. پاش ته‌واوبوونی گه‌شته‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا تی شێرته‌که بۆ تۆکیو ئه‌باته‌وه.
ئه‌و وێنه‌ی سه‌ر تی شێرته‌که و ناوی تۆنی تاکی تانی ده‌بێته مایه‌ی نووسینی چیرۆکێک، که پاشان ده‌کرێته فلیمێکی 73 چرکه‌ی. چیرۆکه‌که تابڵێی به له‌زه‌ته. له ساڵی 2002 جه‌ی رۆبن وه‌ریگێراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و له گۆڤاری ناسراوی نیورکهرا بڵاوکراوه‌ته‌وه. چیرۆکه‌که وه‌ها ده‌ستپێئه‌کات. ناوی راسته‌قینه‌ی تۆنی تاکی تانی، تۆنی تاکی تانیه. ئه‌م ناوه و بیرکردنه‌وه له‌م ناوه وه‌ها له مۆراکامی ئه‌کات که پاڵاوانێک به‌رهه‌م بهێنێت که به‌سه‌رهاتی ژیانی گێرانه‌وه‌یه‌کی پڕ له‌زه‌تی مێژوو و کۆمه‌ڵگای یابانیه پاش جه‌نگ. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێ له داهاتوودا ئه‌م چیرۆکه بۆ زمانی کوردی وه‌رئه‌گێرم.
ئه‌گه‌ر که‌سێک له یابان هه‌ڵگری ناوێک بێت وه‌ک تۆنی جێی سه‌رسورمانه چونکه ناوی تۆنی به هیچ جۆرێ ناویکی یابانی نیه. وه‌ک هه‌موو ده‌زانین ناوێکی ئینگلیزیه، بۆ نموونه سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا ناوی تۆنی-ه یان تۆنی بلێر. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مۆراکامی چیرۆکه‌که‌ی وه‌ها ده‌ستپێئه‌کات ده‌ڵێ: به هۆی ناوه‌که و قژه لوله‌که‌ی و روومه‌تیه‌وه زۆر ئاشکرابوو که ئه‌و سه‌ربه دوو ره‌گه‌زی جودایه، به‌ڵام هه‌ردوو باوانی تۆنی تاکیتانی سه‌د ده‌ر سه‌د یابانی بوون. ئیتر چیرۆکه‌که درێژه ئه‌کێشێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره که تۆنی تاکی تانی که‌سێکه بوونی هه‌یه. پاش ساڵێک له نووسینی چیرۆکه‌که مۆراکامی بۆی ده‌رئه‌که‌وێ که ئه‌و که‌سه، پارێزه‌رێکی به ره‌چه‌ڵه‌ک یابانیه له ئه‌مریکا. وێنه و ناوه‌که‌ی له سه‌ر ئه‌و تی شێرتهبووه چونکه ئه‌و خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناوخۆی دورگه‌ی هاوای پاڵێورابوو. شایانی باسه تۆنی تاکی تانی له ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌کانا دۆراندی.
دوا رۆمانی مۆراکامی ناوی پاش تاریکیه، که رۆمانێکی جودایه. چیرۆکی رۆمانه‌که باس له شه‌وێک ئه‌کات له میترۆکانی شاری تۆکیودا. بیرۆکه‌ی پێکه‌وه‌بوون و ته‌نهایی که کرۆکی ئه‌و جێگا قهرهباڵغانهیه. ئه‌م رۆمانه وه‌رگێراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی به‌ڵام ساڵی داهاتوو له چاپ ئه‌درێت. مۆراکامی جگه له ئه‌ده‌ب کاری رۆژنامه‌نووسیش ئه‌کات له‌م بواره‌دا کتێبێکی ناسراوی هه‌یه به ناوی میترۆ یان ژێرزه‌مین که راپۆرتێکه ده‌رباره‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه یابانیه توندره‌وه‌ی که گازی ژه‌هراویان به‌کارهێنا بۆکوشتنی خه‌ڵکی له تۆکیو.
یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی که جه‌ی رۆبن باسیکرد چیژی خواردن بوو لای مۆراکامی. ئه‌و خواردنێ ناخوا به‌بێ بیرلێکردنه‌وه. زۆر له رۆمانه‌کانی باس خواردن دروستکردن ئه‌کات، یه‌کێک له‌رۆمانه‌کانی به لێنانی سپاگێتی ده‌ستپێئه‌کات که خواردنێکی ناسراوی ئیتالیه. هه‌روه‌ها کورته چیرۆکێکیشی هه‌یه باسی که‌سێک ئه‌کات که سپاگێتی لێئه‌نێت. له‌م دوایه‌نه‌دا له یابان کتێبێ له چاپدراوه ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و خواردنانه‌ی که مۆراکامی له نووسینه‌کانیا ناوی هێناوه. جه‌ی رۆبن ووتی ئه‌و کتێبه ناکاته ئینگلیزی.
ئه‌و ره‌خنانه‌ی له مۆراکامی ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه که گوایه زیاتر له روانگه‌یه‌کی کهپیتالیزمانهوه له روداوه‌کان ئهنوارێ. هه‌رچه‌نده ئه‌و باس له به‌تاڵی رۆحی و نامۆی و ته‌نهای ئه‌کات له کۆمه‌ڵگایی یابانیدا. سه‌رکه‌وتنی مۆراکامی له سه‌رکه‌ونتی ئه‌ودایه له پێکه‌وه گرێدانی یابانی جیهانیدا. بۆیه ئه‌ده‌بی ئه‌و ده‌کرێ به ئه‌ده‌بی مرۆڤانه بناسرێ.
شایانی باسه پاداشتی ئه‌مساڵ بۆ مۆراکامی بوو. ئێواره‌یه‌کی خۆش بوو بۆ عاشقانی
Friday, January 12, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment