کورد و تورکیا: سیاسه‌تی گۆچان و گێزه‌ر
سه‌ردار عه‌زیز
به‌شی یه‌که‌م
ره‌نگه هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک یان که‌م په‌یوه‌ندی هه‌بێ، له نێوان گه‌لانی دونیادا، هێنده‌ی په‌یوه‌ندی کورد و تورک په‌یوه‌ندیه‌کی ئاڵۆز و پڕ له قه‌یران بێت. تورکیای ئه‌مرۆ هه‌م دژ و هه‌م میراتگری عوسمانیه‌کانه. دژه کاتێک ده‌یه‌وێت ووڵاتێکی عه‌لمانی بێت، میراتگره چونکه هێشتا خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌یه که باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ر پانتایی بێسنوردا. یه‌کێک له سروشته‌کانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ئه‌وه‌بوو که دانی به‌بوونی سنووردا نه‌ئه‌نا. ئه‌م دوالیزمه دژ و هاوته‌باییه به‌شێکی زۆر له که‌سایه‌تی و دونیابینی و سیاسه‌تی تورکی روون ئه‌کاته‌وه. تورک له سه‌رده‌می عوسمانیه‌کاندا به ناوی ئیسلامه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر زۆر گه‌لانی ناوچه‌که‌دا هه‌بوو، عه‌ره‌ب، ئه‌رمه‌ن، کورد، ئه‌لبانی، یونانی، گه‌لانی بولگار و به‌لقان. به‌ڵام به‌شکستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م هێزه ئه‌وروپاییه براوه‌کانی شه‌ر له ده‌ی ئابی ساڵی 1920 له گوندی سیڤه‌ر نزیک پاریس رێکه‌وتنامه‌یه‌کی ئاشتیان له‌گه‌ڵ تورکیادا مۆرکرد. له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا به‌شی سێ، به‌ندی شه‌ست و دوو وشه‌ست و سێ و شه‌ست و چوار تایبه‌ت بوو به کوردوستان. به‌ڵام چونکه گه‌ڵی کورد له‌رووی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و شپرزه‌ی و نه‌بوونی نوێنه‌ر و پلان په‌یماننامه‌که به‌تایبه‌ت به‌نده‌کانی که تایبه‌ت بوون به کورد پشتگوێ خران و به هاتنی ئه‌تاتورک بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌سترا که کورد له هه‌موو مافه‌کانی تیایا بێبه‌ش بوو. کورد له‌گه‌ڵ یونان و ئه‌رمه‌نه‌کان و عه‌ره‌ب و بولگاره‌کان ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن که راسته‌وخۆ سنوور له‌گه‌ڵ تورک‌دا دابه‌ش ئه‌که‌ن. تورک له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م نه‌ته‌وانه‌دا مێژوویه‌کی خوێناوی هه‌یه.
ساته‌وه‌ختی له‌دایک بوونی ده‌وڵه‌تی تورکی له سه‌ره‌تایی بیسته‌کان له‌سه‌رد‌ه‌ستی ئه‌تاتورک و سه‌ربازه‌کانی تر، ساته‌وه‌ختێکی گرنگه له مێژووی ده‌وڵه‌تی تورک‌دا. به‌بێ تێگه‌یشتنی قووڵ له‌و ساته‌وه‌خته مه‌حاڵه بتوانرێت له سایکی و ره‌هه‌نده سیاسیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکی مۆدرێن تێبگه‌ین. تێگه‌شتنی له‌م ساته‌وه‌خته پێویسته تێگه‌شتنێکی سیاسی بێت نه‌ک مێژووی. مێژوو رووداوه‌کان ده‌گێرێته‌وه به‌ڵام زۆربه‌ی کات لێیان تێناگات. کارێ لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی سیاسی و پیاوی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه ره‌هه‌نده فره و جیاوازه‌کانی رووداوه‌کان بخوێنێته‌وه و هه‌میشه به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا بگه‌رێ بۆچی ئه‌وه روویدا؟ له دایک بوونی ده‌وله‌تی مۆدرێنی تورک له‌دایکبوونێک بوو که زیاتر له له‌بارچوونه‌وه نزیک بوو. تورک، ئیمپراتۆره‌که‌یان پیاوێکی نه‌خۆش بوو، پاشان مرد و وڵاتانی تری براوه له شه‌ردا که‌وتنه دابه‌سکردنی میراتیه‌که‌ی. ئه‌گه‌ر بهاتایه په‌یمانی سیڤه‌ر جێبه‌جێبکرایه ئه‌وا ده‌وڵه‌تی تورکی به هیچ شێوه‌یه‌ک له ده‌وڵه‌تی ئه‌مرۆ نه‌ئه‌چوو، به‌ڵکو ووڵاتێکی بچوک و که‌م ده‌رامه‌ت و بێهێزوو و لاواز ده‌بوو. تورک زۆر به‌باشی له‌مه ئاگادارن که هێشتا له سه‌ر خاکی کۆلۆنیالیکراوی گه‌ڵانی تر ئه‌ژین بۆیه تورک بوون و ده‌وڵه‌تی تورکی هه‌میشه له مه‌ترسیدایه. ئه‌مه‌ش به‌باشی له به‌ندی 301 ده‌ستوری تورکیدا دیاریکراوه. ئه‌م به‌نده هه‌میشه مایه‌ی گرفت و کێشه‌یه بۆ تورکیا چونکه له هه‌موو روویه‌که‌وه دژ به دیموکراسی و ئازادی راده‌ربرین و تۆله‌رانس و گه‌لێک شتی تره. هه‌ر ئه‌م ترسه‌ێه که چووه‌ته ناخی تورکه‌وه که هه‌رگیز ئاسان نیه تورکیا وه‌ک ووڵاتێکی دیمکراتی ببینرێت.
ئه‌گه‌ر به‌شێکی زۆری مێژووی تورک له‌گه‌ڵ گه‌لانی تردا به‌جۆرێک له جۆره‌کان سه‌قامگیربووه، (هه‌رچه‌نده تورک تا رۆژگاری ئه‌مرۆ کێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ل یونانه قوبرسیه‌كان و ئه‌رمه‌نیه‌کاندا هه‌یه)، ئه‌وا کێشه‌ی کورد و تورک یه‌کێکه له کێشه ئاڵۆز و چاره‌نه‌بوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست. ده‌وڵه‌تی تورکیای ئه‌مرۆ، هه‌رچه‌نده حه‌رئه‌کات خۆی به دیموکراسیه‌ت و عه‌لمانی بناسێنێ به‌ڵام له زۆر روه‌وه میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانیه، بۆ نموونه، له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا، چونکه به ناوی ئیسلامه‌وه حوکمی گه‌لانی تری ئه‌کرد، ته‌نها ئه‌و گه‌لانه‌ی به که‌مینه له قه‌ڵه‌م ئه‌دا که غه‌یره‌موسوڵمان بوون، وه‌ك جوله‌که‌و ئه‌رمه‌نی مه‌سیحی، بۆیه کورد له تورکیا به‌پێی یاسای عوسمانی که‌مه نه‌ته‌وه نین، چونکه کورد موسوڵمانه. ئه‌م به‌نده له په‌یماننامه‌ی لۆزاندا جه‌ختی له‌سه‌رکرایه‌وه چونکه ئه‌و کاته تورک له‌لایه‌ک به‌سه‌ر یونانه‌کانا زاڵبوبون (یونانیه‌کانی تورکیا خاوه‌ن مێژوویه‌کی پڕ له ئازارن، ئه‌گه‌ر که‌سێک ئار‌زووی هه‌یه ده‌توانێت بۆ شیعره غه‌مباره‌کانی کۆنستانت کافافی بگه‌رێته‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌ک ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم هێنده‌ی لێ نه‌کراوه‌ته کوردی)، له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌رمه‌نه‌کانی جیونوسایدکردبوو.
ئه‌گه‌ر عوسمانیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای موسوڵمانی برا بوونی کورد و گه‌لانی تریان ده‌سریه‌وه ئه‌وا تورکیای عه‌لمانی به‌ته‌واوی به‌بێ هیچ پاساو هێنانه‌وه‌یه‌ک نکوڵی له‌بوونی کورد ئه‌کات. (ئه‌وه‌ی جێگای تێرامانه ئه‌وه‌یه که؛ له‌به‌ر لاوازی ئیتلینجینسیای کوردی ئیسلام نه‌بوه‌ته هێزێکی ووزه‌به‌خش به رۆحی ئازادیزخوازانه‌ی کورد، به‌به‌راورد به‌گه‌ڵانی تر، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ خه‌ڵكی شاره‌زاتر له‌م بواره‌دا جێئه‌هێڵین، ئه‌گه‌ر هه‌بن) بۆ ئه‌م مه‌به‌سته تورکیا هه‌میشه له رووی سه‌ربازی و ئابووریه‌وه هه‌وڵی داوه به‌شێوه‌یه‌کی فیزیکی گه‌لی کورد له‌ناوببات. ئه‌م نکوڵیه‌ی تورک له‌بوونی کورد یه‌کێکه له‌و سیاسه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا که به‌درێژایی مێژووی تورکیای نوێ هه‌رگیز گۆرانی به‌سه‌را نه‌هاتووه، گه‌رچی ئه‌گه‌ر حوکومه‌تی تورکی، چه‌پ بووبێت، راست بووبێت، عه‌لمانی بووبێت یان ئیسلامی. تورکیا بۆ پیاده‌کردنی سیاسه‌تی نکوڵیکردن هه‌میشه دژ به هه‌موو هه‌وڵێک بووه له هه‌رکوێیه‌ک بووبێت بۆ چه‌سپاندنی کورد و کێشه‌ی کورد. له یه‌کێک له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی باڵوێزخانه‌ی ووڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له به‌غدا له ساڵی 1951 کاتێک حکومه‌تی ئه‌مریکی به نیازی ئه‌وه‌یه له کوردوستاندا رادیو و رۆژنامه به زمانی کوردی بڵاوکاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی رێ له‌وه بگرێت کوردوستان بکه‌وێته ژێر کاریگه‌ری یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌وه، حکومه‌تی تورکیا به‌توندی دژی هه‌موو هه‌وڵێکی له‌و جۆره ده‌وه‌ستێت و داوا له حکومه‌تی ئه‌مریکی ئه‌کات پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌رشتێک پێویسته له سه‌ره‌تادا ده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کانی حکومه‌تی تورکی لێی ئاگاداربکێنه‌وه. (ئه‌م به‌ڵگانه له‌به‌رده‌ستم دان وه به نیازم بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تاکانی په‌یوه‌ندی نێوان کورد و ئه‌مریکا له داهاتوویه‌کی نزیکدا به‌کاریان بهێنم).
تا پێش سه‌رهه‌ڵدانی پارتی کرێکارانی کوردوستان له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان (په‌که‌که له کۆتایی حه‌فتاکان دامه‌زرا و له ساڵی 1984 خه‌باتی چه‌کداری راگه‌یاند) تورکیا زۆر به‌دڵنیاییه‌وه نکوڵی له بوونی کورد ئه‌کرد. ئه‌گه‌رچی کورد له ساڵی 1925 له شۆرشی شێخ سه‌عیددا داوای پێکهێنانی ووڵاتی خۆیان کرد. شۆرشی شیخ سه‌عیدی پیران به‌شێکی زۆری کوردوستانی ژێرده‌ستی تورکیای ئازادکردبوو به‌ڵام به‌وپه‌ری درنده‌یی به کاری سه‌ربازی له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندی تورکیاوه داپلۆسێنرا.
پاش شکستی ئه‌و شۆرشه و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی ئه‌تاتورک کێشه‌ی کورد چووه قۆناخی مت بوونه‌وه. تورک ته‌ماحیان له خاکی کوردوستانه، وه‌ک جارێک ئه‌ندامێکی پارتی سه‌وزی په‌رله‌مانی ئایرله‌ندی پێی ووتم؛ تورک بۆ خاک و ئاو و پانتایی کوردوستان شه‌رئه‌که‌ن، هه‌موو سیاسه‌ته‌کانیان به‌و نیازه‌وه‌یه. کۆچپێکردن و وێرانکردن و هه‌ژارکردن و ژێرئاوخستن و پشتگوێخستنی ئابووری و ته‌ندروستی و زانیاری هه‌موو پێکه‌وه ئه‌و سیاسه‌ته دائه‌رێژن که ده‌بێ کوردوستان له کورد چۆڵبکرێت. (رێژه‌ی بێ‌کاری و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری له کوردوستانی باکور له ئاستێکی زۆر به‌رزدایه، ئه‌م دیاریدانه هێنده زه‌قه ئه‌گه‌ر که‌سێک وه‌ک سه‌ردان بچێته هه‌ر شارێکی کوردی له تورکیا به چاوی خوی ده‌یبێنێت، من خۆم به‌شێکی زۆری کوردوستانی باکورم دیوه). هه‌ر بۆیه ئه‌مرۆ له هه‌ندێ ناوه‌ندی تورکیا ئه‌و رایه هه‌یه ئه‌گه‌ر کورد له باشور ووڵاتی خۆیان دابمه‌زرێنن ئه‌وا کورد له تورکیا ده‌که‌ونه به‌رده‌م دوو رێگا بۆئه‌وه‌ی یه‌کیان هه‌ڵبژێرن، رێگای یه‌که‌م یان ئه‌وه‌یه ببنه تورک و له تورکیا بمیننه‌وه (وه‌ک دروشمه ناسروه‌که‌ی تورکیا که له هه‌موو شوێنێک نوسراوه دڵخوشه ئه‌وه‌ی که تورک بێت). رێگای دووه‌م ئه‌وه‌یه ببنه کورد و برۆن بۆ باشور(کوردوستانی عێراق). هه‌رچه‌نده هه‌موو ناوه‌نده تورکه‌کان ئاگادارن که راوبۆچونی وه‌ها راوبۆچونێکه که میتاخه‌یاڵه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه روون ئه‌کاته‌وه که تورک چی‌یان ده‌وێ له کوردوستان.
به‌بوونی تورکیا به ئه‌ندامی ناتۆ له سه‌ره‌تایی په‌نجاکان، له به‌ر شوێنی ستراتیژی تورکیا بووبه بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئه‌مریکی، چونکه تورکه‌کان سنوری راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوودا هه‌بوو. تورکیا ووڵاتێکی زل و زه‌به‌لاحی بێده‌رامه‌تی هه‌ژاره، ئه‌مانه وه‌هایان له تورکیاکرد که هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌بدات له رۆژئاوا به‌گشتی و له ئه‌مریکا به‌تایبه‌ت نزیک بێته‌وه. تورکیا سێهه‌م ووڵاته پاش ئیسرائیل و میسر (دیاره ئه‌مه پاش شه‌ری عێراق) که بۆ ساڵانێکی زۆر زۆرترین یارمه‌تی ئه‌مریکای وه‌رگرتبێت. په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و تورکیا ئه‌رچی په‌یوه‌ندیه‌کی پته و به‌تین بوو له رۆژانی جه‌نگی سارددا به‌لام بێ کێشه و ده‌رده سه‌ری نه‌بوو.
تورکه‌کان هه‌میشه به‌گومانه‌وه له ئه‌مریکیه‌کانیان نواریوه، وه هه‌ر کاتێک هه‌ر رووداوێک روویدابێت تورکه‌کان سه‌رتاپا په‌یوه‌ندیه‌کانیان خستوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌مه به تایبه‌ت له رۆژانی کێشه‌ی قوبرس کاتێک ئه‌مریکا به فشاری لۆببی ئه‌رمه‌نی و یونانی ئابلۆقه‌ی چه‌کی خسته سه‌ر تورکیا. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه وه‌ها مایه‌وه تا سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتا. به‌هاتنی ئۆزال په‌یوه‌ندیه‌کان جارێکی تر پته‌و بوونه‌وه. ئۆزال له رووی ئابووریه‌وه لیبرال و بوو وه له رووی کێشه‌کانی تورکیا، به‌تایبه‌ت کێشه‌ی کورد، خاوه‌ن عه‌قڵی کراوه بوو به‌راورد به هه‌موو ئه‌وانی تر. ئۆزال وه‌ک خوی ده‌یوت نه‌نکی کوردبوو، وه ئاماده‌بوو گفتوگۆ له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کوردبکات. بۆنموونه کۆبونه‌وه‌ی له گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانیا هه‌وڵێکی دیپلۆماسی کراوه‌بوو له‌و بار‌ه‌وه. هه‌روه‌ها به‌پێی قسه‌ی ئۆجئالانیش ئۆزال کراوه‌بوو به‌رامبه‌ر کێشه‌ی کورد. به‌لام ئه‌مانه جێی گومانه کاتێک ئۆزال ئه‌و سه‌رۆکه بوو که پارێزه‌رانی گوندی داهێنا، به‌کوردیه‌که‌ی جاش. له کوردوستانی تورکیاش وه‌ک کوردوستانی باشور هه‌رزوو کۆمه‌ڵی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت چه‌کی جاشایه‌تیان کرده شانیان. ره‌نگه نه‌نکه کورد‌که‌ی ئۆزالی راوێژکردبێ که کورد عه‌شقی جاشایه‌تین و به پاشایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن.
ئابووری رۆڵێکی زۆر گه‌وره ده‌گێرێ له قه‌یرانه‌کانی تورکیادا. سوپای تورکی که دامه‌زراوه‌یه‌که دیکتاتۆریانه باڵی به‌سه‌ر حکومه‌تی تورکیادا کێشاوه و خۆی به پاسه‌وانی عه‌لمانیه‌ت ئه‌زانێت ته‌نها بریتی نیه له سوپا به‌ڵکو وه‌کو ده‌زگایه‌ک خاوه‌ن به‌شێکی گه‌وره‌ی ئابووری تورکیان. ئه‌مه وه‌های کردوه که عه‌لمانیه‌ت له تورکیا ته‌نها له‌لایه‌ن سوپا و د‌ه‌وڵه‌مه‌نده‌کان و دار‌و ده‌سته‌کانیانه‌وه پاڵپشت بکرێت. له گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی تورکیا له رۆژئاوا و گه‌شه‌کردنی ئابووری، چینی ناوه‌راست له تورکیا گه‌شه‌ی کرد، ئه‌م چێنه هه‌رچه‌نده خۆی به تورک له قه‌ڵه‌م ئه‌دات به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌هاکانی عه‌ڵمانیه‌تدا ته‌با نیه و ناتوانێ عه‌لمانیه‌ت وه‌ک ناسنامه‌یه‌ک بۆخۆی هه‌ڵبژێرێ بۆیه ناسنامه‌ی چینی ناوه‌راست له تورکیا ناسنامه‌یه‌کی ئیسلامیه. ئه‌م ناسنامه‌یه هه‌رچه‌نده به‌لای به‌لای عه‌لمانیه‌کانه‌وه وه‌ک مه‌ترسیه‌ک ته‌ماشا ئه‌کرێت، ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر ململانێی ئابووری، ئه‌گینا هیچ قه‌یرانێک له ناسنمامه‌ی تورکیدا دروست ناکات. به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی ئه‌م دواییانه له‌و وولاته‌دا ئه‌نجامدراوه، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌موسوڵمان ئه‌ناسن به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له زیادبووندایه به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که پێیان باشه تورکیا ببێته ووڵاتێکی ثیوکراسی وه‌ک تالیبان یان ئێران هه‌تا بێت له کزی دایه.
عه‌لمانیه‌کانی تورکیا نه‌ک ته‌نها له رووی ناسنامه‌وه به‌ڵکو له رووی ئابووریشه‌وه سه‌ر به‌به‌ره‌ی رۆژئاوان و ده‌یانه‌وێ تورکیا ببێته ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا و له ناتۆدا بمێنێته‌وه و له گه‌ڵ ئه‌مریکادا په‌یوه‌ندی پته‌و بێت. به‌ڵام تورکه ئیسلامیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئه‌وروپادا کێشه‌ی ناسنامه و سه‌روه‌ری ووڵات و که‌لتور و شتی تری له‌و بابه‌تانه‌یان هه‌یه. ئه‌مانه وه‌ها ئه‌کات که ئیسلامیه‌کان زیاتر له رووی سیاسیه‌وه به‌ره و ناخۆبن له کاتێک عیلامانیه‌کان به‌ره‌و ده‌ره‌وه. بۆ ئیسلامیه‌کان مامه‌ڵه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ل تورکیادا مایه‌ی سوکایه‌تی پێکردنه. تورک له ئه‌وروپا له رووی مێژوویه‌وه وه‌ک که‌سێک ناسراوه که جێی باوه‌رپێکردن نیه. سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وپێش دیپلۆماتی ئینگلیزی سێر چارڵس ئیلیوت ده‌رباره‌ی یاسا و حکومه‌ت له تورکیا نوسیویه‌تی هه‌میشه له تورکیا هه‌موو شتێک له سه‌ر رووی کاغه‌ز بێ که‌م و کوریه به‌ڵام له رووی واقیعه‌وه به هیچ جۆرێک وه‌ها نیه. له سه‌ردانم بۆ یه‌کێتی ئه‌وروپا و کارکردنم له گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی ئایرله‌ندیا زۆرجار له‌ده‌می ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و نوێنه‌رانی ئایره‌لندا بۆکاروباری ده‌ره‌وه هه‌واڵ ده‌رباره‌ی گفتوگۆ و مامه‌ڵه له‌گه‌ل حکومه‌تی تورکیا ده‌بیستم. به‌گشتی خه‌ڵکی ئه‌وروپا دژ به ئه‌ندام بوونی تورکیان وه سیاسه‌تمه‌داره ئه‌وروپیه‌کان بۆیه به ئه‌ندامبوونی تورکیا به‌باش ئه‌زانن چونکه ئه‌وان وه‌ها بیرئه‌که‌نه‌وه ئه‌گه‌ر تورکیا نه‌بێته ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا ئه‌وا ره‌نگه ببێته ووڵاتێکی ئیسلامی توندره‌وه که ببێته مایه‌ی مه‌ترسی بۆ ئه‌وروپا، وه‌ک چۆن له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا ئابلۆقه‌ی ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسایان دا، هه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌تا ئه‌مرۆ هه‌شتا له‌سه‌دی خه‌ڵكی نه‌مسا دژ به ئه‌ندام بوونی تورکیایه.
تورکیا له‌وه به‌ئاگاداربوو له ستراتیژی بوونی ئه‌و به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه په‌یوه‌سته به بارودۆخی جه‌نگی سارد‌ه‌وه. بۆیه هه‌ر به‌ته‌واوبوونی ئه‌و جه‌نگه تورکیا ترسی ئه‌وه‌ی لێ‌نیشت که ببێته ووڵاتێکی بێکه‌ڵک و نا ستراتیژ. یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه‌ی تورکیا بۆ گرنگ مانه‌وه‌ی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه په‌یوه‌ندیکردن بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا. تورکیا به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ووڵاتی جوله‌که‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له‌رێگای لۆبی به‌هێزی ئیسرائیلی له ئه‌مریکا خۆی له ئه‌مریکا نزیکخاته‌وه وه له هه‌مانکاتدا ئه‌وه پێشاندات که هێشتا ستراتیژه. به‌ڵام گرنگی تورکیا هه‌رگیز وه‌کو جاران نیه. ئه‌مریکا پاش روخانی دیواری به‌رلین سنوری بنکه سه‌ربازیه‌کانی گواسته‌وه بۆ ئه‌وروپای رۆژه‌ڵات و ئاسیای ناوه‌ند. چی دی تورکیا له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی دوژمنه‌کانی ئه‌مریکادانیه.
بریاری یه‌کی ئازاری ساڵی 2003 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی تورکیاوه به رێگه‌نه‌دان به سوپای ئه‌مریکا بۆ به‌کارهێنانی بنکه‌و خاکی تورکیا بۆ هێرشکردنه سه‌ر عێراق خاڵی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌بوو له په‌یوه‌ندی تورکیا و ئه‌مریکا. ئه‌و بریاره به‌جۆرێک بوو که رێره‌و و شێوازی هێرشکردنه سه‌ر عێراقی گۆری. کاتێک له ساڵانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکان پاش هه‌ڵگرتنی ئابلۆقه‌ی چه‌ک له سه‌ر تورکیا، تورکیا و ئه‌مریکا په‌یماننامه‌یه‌کیان مۆرکرد که ئه‌مریکا کاتێک ئه‌توانێ بنکه سه‌ربازیه‌کانی تورکیا به‌کاربهێنێت ئه‌گه‌ر بۆکارێکی ناتۆبێت. به‌ڵام هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق به‌شێک نه‌بوو له کاری ناتۆ. بۆیه ئه‌مریکا نه‌یتوانی بنکه سه‌ربازیه‌کانی تورکیا به‌کاربهێنێت. له هه‌مانکاتدا هه‌ستی دژه ئه‌مریکایی له تورکیادا به‌شێوه‌یه‌کی بێووێنه ته‌شه‌نه‌ی کرد به‌تایبه‌ت به‌لای زۆربه‌ی خه‌ڵکی چینی ناوه‌ندی تورکیاوه شه‌ری پێشووی رزگارکردنی کوێت و ئابلۆقه خستنه سه‌ر عێراق به زیانێکی ئابوری گه‌وره بۆ ئه‌وچینه شکایه‌وه، له رووی دابه‌زینی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا به بلۆین دۆلار وه هه‌روه‌ها به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی.
ئه‌مه وه‌هایکرد که لێپرسراوه تورکه‌کان به شێوه‌یه‌کی گالته‌جارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لێپرسراوه ئه‌مریکیه‌کانا بکه‌ن. به‌جۆرێک که ئۆردغان به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک داخوازی دیداری باڵیوزی ئه‌مریکی له ئه‌نقه‌ره وه‌ڵام نه‌دایه‌وه. کێشه‌ی عێراق هێرشکردنه سه‌ر عێراق ته‌نها ئابووری نه‌بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌سه‌له‌ی کورد و که‌رکوک و تورکمانه‌کان و پ‌که‌که له‌و کێشانه بوون که به‌ڵای تورکیاوه مه‌به‌ست بوو. له کاتی به‌ستنی کۆنگره‌ی ئۆپۆزسیونی عێراقی له ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ ز‌لمای خه‌لیلزاد نوێنه‌ری بۆش بۆ کۆنگره‌که، تورکیا به‌جۆرێکی که‌ڵه‌گایی و گونده‌یی ده‌یویست تورکمانه‌کان وه‌ک خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره له عێراقدا بچه‌سپێنێ. هه‌رچه‌نده ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی تورکمان له عێراقدا له 2% که‌متره به‌ڵام تورکیا هه‌میشه به سێ ملیون ژماره‌ی زه‌به‌لاحی له‌و شێوه‌یه باسی لێوه‌ئه‌کات. تورکمانه‌کان له کۆنگره‌که‌دا هه‌ر زوو زوو ده‌بوایه به لێپرسراوه سه‌ربازی ئیستخباراتیه تورکه‌کان راوێژبکه‌ن ده‌رباره‌ی هه‌موو هه‌نگاو و هه‌ڵوێستێک. به‌ره‌ی تورکمان به‌هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یانه‌وه چ له‌لای ئه‌مریکیه‌کان و کای کورده‌کان و کای شیعه‌کان جێگه‌ی گومان بوون. شیعه‌کان، (هه‌رچه‌نده برێکی زۆری تورکمانی عێراق شیعه‌ن وه شیعه‌بوون له تورکیا، به‌هۆی دژایه‌تی نێوان سه‌فه‌وی و مه‌غۆڵه‌وه هه‌میشه‌ی مایه‌ی ئازاردان و کوشت و کوشتاربوون، ئێستا یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌یه‌وێ عه‌له‌ویه‌کانی تورکیا وه‌ک که‌مینه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بناسێ)، هه‌میشه گومانی ئه‌وه‌یان له به‌ره‌ی تورکمان هه‌بوو به هۆی فشاری تورکیاوه که سه‌ربه سوننه‌کان بن، بۆیه هه‌رگیز پێیان باش نه‌بوو خاوه‌ن هیچ رۆڵێک بن. ئه‌مریکیه‌کان رازی بوون که نوێنه‌رایه‌تی تورکمان‌کان له واشنتون بکه‌نه‌وه، به‌لام له‌به‌ر نه‌بوونی شاره‌زایی دیبلۆماسی نه‌یانتوانی به هیچ ئه‌نجامێک بگه‌ن. بۆ نموونه نوێنه‌ری به‌ره‌ی تورکمان چه‌ند جارێک داوای بینینی و‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکای کردوه له ماوه‌ی رۆژێکا کاری وه‌ها ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌ندامانی کۆنگریسی ئه‌مریکیش نابێ، وه له به‌ر ره‌فزکردنه‌وه‌ی داواکه‌یان نوێنه‌ری به‌ره‌ی تورکمان داوای لایه‌نه ئه‌مریکیه‌کانی ره‌فزکردوه‌ته‌وه. شایانی باسه نوێنه‌ری پارتی له ئه‌مریکا فه‌رهاد بارزانی هێنده له نوێنه‌ری به‌ره‌ی تورکمان باشترنیه.
تورکیا له ئه‌نجامی که‌نارگیربوون و نه‌بوونی رۆڵ و شکشتی به‌ره‌ی تورکمانی له ئه‌نجامدانی هه‌رشتێک، گه‌شته قۆناغێک که هه‌ست به‌وه‌بکات که هه‌موو ووڵاتانی ناوچه‌که و به تایبه‌ت ده‌وروبه‌ری عێراق رۆڵێکی گه‌وره‌یان هه‌یه له دیاریکردنی چار‌نووسی عێراقدا به‌ڵام ئه‌و (تورکیا) که هه‌میشه خۆی به‌ووڵاتێکی گه‌وره و خاوه‌ن ستراتیژیه‌ت و ده‌سه‌ڵات زانیوه له ناوچه‌که‌دا هیچ رۆڵێکی نیه. ئه‌و بۆشاییه‌ی که تورکیا له ئه‌نجامی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی دروستیکرد له‌لایه‌ن کورد‌وه پڕکرایه‌وه. ئه‌مریکا بۆیه‌كه‌م جار به شێوه‌یه‌کی ئاشکراو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هێزه گه‌وره کوردیه‌که‌دا پارتی و یه‌کێتی که‌وته گفتوگۆ و هاوکاریکردن. به گه‌شتنی سوپای ئه‌مریکا بۆ کوردوستان پارتی به گه‌رمی به‌خێرهاتنی لێکردن و کوردانه ده‌ستیکرد به به‌خشینه‌وه‌ی دیاری وه‌ک قاڵی و ئاڵتون و شتی گرانبه‌های تری له‌و جۆره به‌سه‌ر لێپرسراوه ئه‌مریکیه‌کانا. به‌جۆرێک حکومه‌تی ئه‌مریکی ناچارکرد که بیوه‌ستێنی و لێکۆڵینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌ندێ له سه‌ربازه‌کانی بکات. تا ئێستا سه‌ربازێکی گه‌وره‌ی ئه‌مریکی که به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌مریکیه‌وه داواده‌کرێت ئێستا له هه‌ولێر راوێژکاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستانه و به ته‌ما نیه بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌مریکا.
گه‌شه‌سه‌ندنی رۆڵی کورد و نزیک بوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر تورک نیگه‌ران ئه‌کات. تورکه‌کان، ئه‌گه‌ر که‌سێک به هه‌واڵه‌کانی چه‌ند ساڵی رابوردودا بچێته‌وه، هه‌میشه داخوازی ئه‌وه‌بوون که ئه‌مریکا داخوازیه‌کانیان جێبه‌جێکات. وه‌ک رێگرتن له گه‌رانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ کوردوستان، هێرشکردنه سه‌ر په‌که‌که، که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم. ته‌نانه‌ت له‌م رۆژانه‌ی دواییدا کار گه‌یشته ئه‌و ئاسته که تورکیا داوا له کۆنده‌لیزه رایزبکات که سه‌رزه‌نشتی مه‌سعود به‌رزانی بکات.
له به‌رامبه‌ر هه‌وڵی تورکیا حکومه‌تی کوردوستان یان راستتر پارتی و یه‌کێتی هه‌ڵوێستی خۆیانیان هه‌بووه به‌رامبه‌ر به تورکیا. له سه‌ره‌تادا هه‌ڵوێستی هه‌ردوولا وه‌ک یه‌کبوو کاتێک پارتی و یه‌کێتی له سه‌ر داخوازی تورکیا هێرشیان کرده سه‌ر سه‌ربازه‌کانی په‌که‌که. پاشان یه‌کێتی نه‌رمتربوو، له‌به‌ر دووری په‌که‌که له سنوری ده‌سه‌ڵاتیه‌وه، به‌ڵام پارتی بۆ ساڵانێکی زۆر دوژمنایه‌تی په‌که‌که‌ی ده‌کرد. هه‌تا ئێستا گیراوێکی زۆر له به‌ندیخانه‌ی ئاکرێدان که سه‌ر به په‌که‌که‌ن و رۆژانه له‌لایه‌ن پارتیه‌وه به‌و په‌ری توند و تیژیه‌وه ئازار ئه‌درێن.
به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایدا پارتی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر په‌که‌که گۆراوه، وه‌ک مه‌سعود به‌رزانی ده‌ڵێت، ئه‌وان ئاماده‌ن به شێوه‌ی مه‌عنه‌وی یارمه‌تی خه‌باتی رزگاریخوازی به‌شه‌کانی تری کوردوستان بده‌ن و به هیچ جۆری جارێکی تر شه‌ری کوردکوژی ناکه‌ن. ئه‌م هه‌ڵوێسته له‌لایه‌ن تورکیاوه وه‌ک یارمه‌تی و پاڵپشتی په‌که‌که ته‌ماشا ئه‌کرێت. دیاره کێشه‌ی په‌که‌که بۆ تورکیا وه‌ک ئه‌سپی ته‌رواده وایه. ئه‌و زیاتر وه‌ک به‌هانه‌یه‌ک ده‌یهێنێته‌وه، چونکه په‌که‌که له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئه‌وروپاوه وه‌ک هێزێکی تیرۆریستی له قه‌ڵه‌م ئه‌درێت، وه هه‌روه‌ها ئه‌مرۆ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا له شه‌ری دژه تیرۆردان. ئه‌م هۆکارانه وه‌ها ئه‌کات داخوازی تورکی له‌لایه‌ن رۆژئاوا‌و ئه‌مریکاوه داوایه‌کی به‌هێز و ره‌وابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ میدیا گونجاوه ئه‌وا لای هه‌موان ئاشکرایه که مه‌به‌ستی تورکیا ته‌نها لێدانی په‌که‌که نیه به‌ڵکو به‌گشتی سێ مه‌به‌سته، یه‌ک، لاوازکردنی حکومه‌تی هه‌رێم، یان په‌کخستنی، دوو، رێگه‌گرتن له به کوردوستانی بوونی که‌رکوک و هه‌روه‌ها لێدانی په‌که‌که. چونکه هه‌ر هه‌موو ئه‌م هۆکارانه بۆ تورک یه‌ک هۆکارن ئه‌ویش مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
له‌م رۆژانه‌ی دوایدا به تایبه‌ت ساڵی 2007 مه‌سه‌له‌کان له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌ت گه‌شتونه‌ته ئاستێکی مه‌ترسیدار. ئه‌مسال ریفراندۆمی که‌رکوک و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی تورکیا پێکه‌وه رووئه‌ده‌ن. ئه‌مسال ئه‌ردۆغان به‌ته‌مایه خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی کاندیدکات، وه سه‌رۆکی ووڵات له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌نگی بۆ ئه‌درێت. په‌رله‌مانی تورکیا له‌لایه‌ن حیزبی ئا.که‌ی.په، وه کۆنترۆلکراوه بۆیه ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌ردۆغان خۆی کاندیدکات ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ده‌نگی بۆ ئه‌درێت. پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مجاره گرنگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. ئه‌م پۆسته له‌لایه‌ن سوپاوه وه‌ها ته‌ماشائه‌کرێت که دوا پۆستبێت که هێشتا نه‌که‌وتوه‌ته ژێر ده‌ستی ئیسلامیه‌کانه‌وه، بۆیه به‌لای سوپاوه زۆر گرنگه ئه‌م پۆسته به عه‌لمانی بمێنێته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌ردۆغان خۆی بۆئه‌م پۆسته کاندیدکرد ئه‌وا ده‌بێ په‌یامێک به سوپابدات که نه‌ک هه‌ر دیموکراتێکی کۆنزێزڤه‌تیڤه به‌ڵکو عه‌لمانیه‌کی عه‌یار هه‌ژده‌یه. بۆ سه‌لماندن ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ردۆغان ده‌بێ له‌گه‌ل سوپادا پێک‌بێت. له‌م دوایانه‌دا به‌پێی یاده‌وه‌ری جه‌نراڵێکی خانه‌نشینکراوی تورکی سوپای تورکی له ساڵی 2004 دووجار پلانی کوده‌تایی هه‌بووه به سه‌ر حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغاندا. سوپای تورکی وه‌ک هه‌موو سوپایه‌کی تر له‌دونیادا هه‌میشه بۆ هه‌ستکردن به‌بوونی خۆی پێویستی به نمایشه، وه ئه‌م نمایشه هه‌میشه ده‌بێ به‌جۆرێک بێت که له پێناوی پاراستنی گه‌ل و ده‌سکه‌وت و بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تی تورکیایه.
2
تورکیا هه‌میشه له جه‌نگدابووه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمدا. ئه‌م جه‌نگه وه‌ک هه‌موو جه‌نگێکی تر به‌چه‌ند شێوه‌یه‌کی جیا جیا و له سه‌ر ئاستی جیاواز جیاوازدا به‌رێوه‌ئه‌چێت. تورکیا له‌وه بێزاره و له هه‌مانکاتدا هه‌ست به‌ئیره‌یی ئه‌کات که کورد ئه‌توانن ئه‌و رۆڵه بگێرن که جاران به ئه‌و سپێردرابوو. ئه‌م رۆڵه نوێیه کورد پاش لابردنی سه‌ددام ئه‌و پرسیاره‌ی ئاڵۆزه‌ی لای تورکیا زه‌قکردوه‌ته‌وه ئایا تورکیا ئیتر جێی بایه‌خ نیه وه‌ک جاران. ئایا ئه‌مریکا ده‌توانێ پلانه‌کانی جێبه‌جێکات به‌بی به‌شداری تورکیا. ئایا چی دی تورکیا ستراتیژه. ئه‌م پرسیارانه‌و گه‌ڵێک پرسیاری تر که زیاتر بۆ سوپای تورک چاره‌ننوسسازن. سوپا ئێستا له هه‌موو لایه‌ک زیاتر له ژێر فشاردایه بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی که‌مکاته‌وه و حکومه‌تیش بری دارایی ته‌رخانکراوی بۆ سوپا که‌مکات، ئه‌م داخوازییه‌ی دوایی به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌وروپاوه داکۆکی لێئه‌کرێت.
تورکیا هه‌میشه له فشار خستنه سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمدابووه. هه‌رچه‌نده له‌لایه‌که‌وه ده‌یه‌وێ زۆربه‌ی پرۆژه ئابوریه‌کان له کوردوستان له‌لایه‌ن کۆمپانیا تورکه‌کانه‌وه به‌رێوه‌ببرێت، له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌میشه به تایبه‌ت له‌رووی راگه‌یاندنه‌وه له دۆخی شه‌ردابووه. ئه‌گه‌ر بێتوو له‌رووی تیوره‌کانی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه له مه‌سه‌له‌که بنوارین ئه‌وا به پێی تیوره‌ی لیبرالیزم، په‌یوه‌ندی ئابووری له نێوان گه‌لاندا ده‌بێته هۆی نزیکبوونه‌وه‌ی گه‌لان له‌یه‌کتری و لاوازبوونی ئه‌گه‌ری شه‌ر. به‌ڵام جێی گومانه که ئه‌م تیوره‌یه بتوانێ په‌یوه‌ندی ئاڵۆزی نێوان تورک و کورد لێکبداته‌وه.
ئه‌گه‌ر کۆمپانیا تورکه‌کان دێن و له کوردوستان کارده‌که‌ن به‌ڵام له رووی سیاسیه‌وه کاریگه‌ریه‌کی هێجگار زۆریان نابێت. کێشه‌ی تورک ئه‌وه نیه کورد له رووی ئابووریه‌وه ده‌بێ چۆن بژین به‌ڵکو زیاتر رووه سیاسیه‌که‌یه‌تی. به‌لای تورکه‌وه کورد نابێت ببێته خاوه‌ن ووڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی. بۆیه ئه‌گه‌ر تورکیا ده‌یه‌وێ قازانج بکات له‌رووی ئابووریه‌وه له کوردوستان به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که کاربکاته سه‌ر گۆرانی دیده سیاسیه‌که‌ی به‌رامبه‌ر به کورد.
ئه‌مرۆ به هۆی بارودۆخه‌که‌ی عێراق له نێوان کورد و تورکیادا ئه‌مریکا هه‌یه. ئه‌مریکا پێی باش نیه که تورکیا بێته کوردوستان و ئه‌و ته‌نها به‌شه‌ی عێراق که ئاسایشه بیکاته مه‌یدانی جه‌نگ. جێگای ئه‌مریکا له کێشه‌ی نێوان کورد و تورک هه‌ستیار و ئاڵۆزه. ئه‌مریکیه‌کان وه‌هایان پێباشه کوردیش و تورکیش دۆستیان بن. له‌به‌رئه‌م هۆیه پێیان باش نیه دۆسته‌کانی له نێواندا شه‌ر هه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ کورد واته‌نی؛ نه شیش بسوتێ و نه که‌باب. به‌ڵام راگرتنی ئه‌م دۆخه ئاسان نیه. ئه‌م بارودۆخه بۆ دیپلۆماته ئه‌مریکیه‌کان کارێکی قورس و گرانه. مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ تورک‌دا له رووی دیپلۆماسیه‌وه ئاسان نیه. تورک لوتبه‌رز و خۆ به زلزانن. کاتێک ئه‌مریکیه‌کان ده‌بنه رێگیریان بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردوستان ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵێکی وه‌ها به‌وه لێکه ئه‌ده‌نه‌وه که گوایه ئه‌مریکا به نیازی دروستکردنی ووڵاتێکی کوردیه.
له‌لایه‌کی تره‌وه کورد بروایان وه‌هایه که بارودۆخه‌که گۆراوه و جارێکی تر تورکیا ناتوانێ هێرش بکاته سه‌ر ناوچه‌که. ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته ناواقعیه چ له‌لایه‌ن کورد و چ له‌لایه‌ن تورکه‌وه بۆ سیاسه‌تمه‌داره ئه‌مریکیه‌کان ئاسان نیه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵابکه‌ن. ئاسان نیه بۆ عه‌قڵی ساردی پراگماتیزمی ئه‌مریکی له لووتبه‌رزی تورک و خه‌یاڵپلاوی کورد تێبگات. ئه‌مریکا له‌نێوان دوو هێزدایه که هه‌ردوولا به هه‌ڵه ده‌یبینن. تورکیا ده‌یه‌وێ ئه‌مریکا کارێکی بۆبکات که تورکیا خۆی بۆی ناکرێت، کوردیش دڵی به بارودۆخێک خۆشه که له هه‌موو ئان و ساتێکدا ئه‌گه‌ری گۆرانی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه.
په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی تورک ئه‌مریکا په‌یوه‌ندیه‌کی جودا و نوێیه. تورکیا ووڵاته. د‌وڵه‌ت یه‌که‌ی سه‌ره‌کی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه. بۆ ئه‌مریکا ئاسانتره په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل ووڵاتدا بکات هه‌تا تاکه که‌س یان عه‌شیره‌ت یان حیزب. هه‌موو شاره‌زایانی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ئه‌که‌نه‌وه که په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان نابێت هه‌رگیز له سه‌ر بنه‌مای تاکه که‌س بێت. ئه‌مه لاوازیه‌کی گه‌وره‌یه بۆ کورد له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌کانا. ئه‌وه‌ی وه‌ها له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ئه‌کات که به‌ده‌نگه‌وه بێن ئه‌گه‌ر هاتوو تورکیا هێرشیکرده سه‌ر کوردوستان، ستاتۆ یان گرنگی کوردوستان نیه، به‌ڵکو ستاتۆی ووڵاتی عێراقه، له‌لایه‌ک و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و نائارامی ناوچه‌که. ئه‌وه‌ی دیپلۆماسیه‌تی کوردی لێی بێئاگایه چۆن بۆخۆی وێنایه‌ک بنیات‌بنێت که له کوردوستان ووڵاتێکی دیموکراسی و ده‌ستوری و یاسایی هه‌یه. بۆ نموونه لێدوانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ که‌ناڵی العربیه به هیچ شێوه‌یه‌ک باس له‌وه ناکات که له کوردوستان په‌رله‌مان هه‌یه ، ده‌زگا هه‌یه، نوێنه‌ری خه‌ڵک هه‌یه. به‌ڵکو زیاتر مه‌سعود وه‌ک سه‌رۆکێک قسه‌ئه‌کات که بریاری سه‌ره‌تا و کۆتایی له ده‌ستی ئه‌و دابێت.
تورکیا له دونیادا کۆمه‌ڵێک وێنای بۆخۆی دروستکردوه که زۆرب‌ی زۆریان ناراستن به‌ڵام ده‌توانێ سه‌رمایه‌ی سیاسی له سه‌ر بونیادبنێت. تورکیا وه‌ها ئه‌بینرێت که ووڵاتێکی دیموکراتیه، عه‌لمانیه، موسوڵمانه، سه‌قامگیره، خاوه‌ن ده‌زگایه، ئابووریه‌کی کراوه‌ی هه‌یه. ئه‌م سیفه‌تانه بۆ ووڵاتێک له ناوچه‌یه‌کی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا وێنایه‌ک ئه‌ده‌ن به تورکیا که تایبه‌تمه‌نده. له راپۆرتێکی گۆڤاری نیورکه‌ر ده‌رباره‌ی سه‌فه‌رێکی پۆل ووڵفه‌وایتز، که جاران جێگری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا بوو، ئێستا سه‌رۆکی بانکی نێوده‌وڵه‌تیه، هه‌رچه‌نده هه‌تا ئه‌م نووسینه ده‌که‌وێته به‌رچاوی خوێنه‌ران ره‌نگه گۆران به‌سه‌ر شوێنی وولفه‌وایتزابێت به‌هۆی چیرۆکی عه‌شقیه‌وه له گه‌ڵ ژنه عه‌ره‌بێکا، ووڵفه‌وایتز له کاتی سه‌ردانی مزگه‌وتێکا (که ده‌رکه‌وت وه‌ک زۆربه‌ێ موسوڵمانان گۆر‌ویه‌کانی چه‌ند کونێکی تیا‌بوو) ده‌ڵێت، زۆر گرنگه بۆ ئه‌م ووڵاته ئیسلامیه که خاوه‌ن ده‌زگاو دیموکراسیه. هه‌ر ئه‌مه‌یه که ده‌زگایه‌کی وه‌ک بانکی نێوده‌وڵه‌تی به ده‌یان پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی له‌و ووڵاته‌دا هه‌ێه و خه‌میه‌تی که ئابووری تورکیا سه‌قامگیربێت.
کورد ده‌بێت دژ به‌م وێنانه بجه‌نگێ. ئه‌م وێنانه دونیابینی دێننه ئاراوه، ده‌بنه هۆی پلان دارشتن و مامه‌ڵه‌کردن. لۆببیکردن دژ به‌م ئیمجانه له ئه‌وروپا ئاسانتره چونکه ئه‌وروپیه‌کان ده‌زانن تورکه‌کان کێن و بایی چه‌ندن، وه وه‌ک ئه‌مریکا پێویستیان به تورکیا نیه. ئه‌م وێنانه‌ی تورکیا له به‌رامبه‌ر وێنه ته‌ڵخ و ناشیرینه‌کانی کورد وه‌های له زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داران کردوه که به ئاسانی کورد له تورکیا بخه‌نه خانه‌ی تیرۆره‌وه وه وه‌ها بیربکه‌نه‌وه، که ئه‌گه‌ر تورکیا خاوه‌ن ئه‌و هه‌موو وێنه جوانانه بێت ده‌بێت کورد دژی ئه‌و وێنانه‌بێت بۆیه له دژی تورکیا شه‌ر ئه‌کات.
وێنه‌کانی کوردوستانی باشور ئه‌گه‌ر بێتوو به عێراق به‌راوردبکرێت ئه‌وا وێنه‌ی باشن، چونکه وێنه‌کانی عێراقی ئه‌مرۆ خوێناوی و تاریکن. به‌ڵام وێنه‌کانی کوردوستان مایه‌ی دڵخۆشی نین. وه‌ک له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ایلی ناکوزی له گه‌ڵ مه‌سعود به‌رزانیدا ده‌رئه‌که‌وێت، کاتێک ئه‌و ووشه‌ی خێزان به‌کارده‌هێنێ بۆ ناساندنی پارتی و یه‌کێتی له بری حیزب. که ئه‌پرسێت ئه‌ی چی ئه‌ڵێت ده‌رباره‌ی هه‌ردوو خێزانی تاڵه‌بانی و بارزانی.
جیاوازیه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان پیاوی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت. پیاوی ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو
ده‌وڵه‌ته‌که دیموکراسی بوو، ئه‌وا ده‌بێت پیاوێک بێت، هێمن، سه‌قامگیر، دووربین، دوور له هه‌ڵچوون و دڵته‌نگ بوون، سارد. ده‌وڵه‌ت وه‌ک نیتچه ده‌ڵێت، بوونه‌ورێکی سارد و ز‌ه‌به‌لاحه. پێویستی به عه‌قڵێکی راشناڵ هه‌یه. چونکه ده‌وڵه‌ت خۆی به‌رهه‌می عه‌قڵی مرۆڤه. ده‌وڵه‌ت بوونه‌وه‌رێکی سروشتی نیه. له خۆیه‌وه گه‌شه‌ناکات، له خۆیه‌وه نایه‌ته بوون. بۆیه به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز به دیدێکی تاکره‌وانه نابێت. فره‌دیدی و دیموکراسیه‌ت سیمای ده‌وله‌تێکه که ئه‌توانێ له دونیای ئه‌مرۆدا بژی. ده‌وڵه‌تی دیموکراسی خاوه‌نی نیه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی هه‌موانه. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌رێوه‌ئه‌بات پاشا یان میرنیه به‌ڵکو نوێنه‌ری خه‌ڵکه وه خه‌ڵک ده‌بێ ئازادبن هه‌رکاتێ لێی بێزاربوون له سه‌ر کورسیه‌که‌ی دایبه‌زێنن. له دونیای پۆستمۆدێرنه‌دا ئاغا بوونه‌وه‌رێکی نامۆیه. حکومه‌تی کوردی ده‌بێ غه‌می وێنه‌کانی بخوات ئه‌بێ به ده‌نگی ئه‌وه‌وه بێت که چۆن ده‌بینرێت.
ئێمه ده‌بێ ئاگاداربین چۆن ئه‌و هاوکێشه ئاڵۆز و ناسکانه به‌رێوه‌به‌رین که له به‌رژه‌وه‌ندیماندان. عه‌قڵی رۆمانتیسیزمی کوردی که عه‌شقی پاڵه‌وان و شه‌هید و جه‌نگ و جۆشدانه ده‌بێ دابرانی له‌گه‌ڵا دروستبکرێت. عه‌قڵی رۆمانتیسیزم دژ به ئازادی ماف و دیموکراسیه. بۆ که‌سێک که خوازیاری زیاتره له‌م بار‌ه‌وه ده‌توانێ له عه‌قڵی رۆمانتیسیزمی ئه‌ڵمانی بنوارێ وه‌ک نموونه‌یه‌ک. عه‌قڵی رۆمانتیسیزمی کوردی پاڵه‌وان ئه‌خاته سه‌روی ووڵات و خه‌ڵکه‌وه. پاڵه‌وان که‌سێکه که هه‌رگیز هه‌ڵه‌ناکات، هه‌میشه راسته، ره‌وایه، هه‌رگیز جێی لێپرسینه‌وه نیه، بۆ پاڵه‌وان نیه لێپرسراوبێت. پاڵه‌وانی عه‌قڵی رۆمانتیسیزم هه‌رگیز نادۆرێ، هه‌میشه مه‌زن و سه‌رکه‌وتووه، ئه‌گه‌ر هاتوو شکستیش هات ئه‌وا تاوانی ئه‌و نیه، هیزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ون که وه‌های لێئه‌که‌ن بریاره‌کانی شکست بێنێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ بارزانی تاڵه‌بانی پێکه‌وه به پێی پلانێکی دارێژراو هه‌ردوو رووی ئاشتی خواز و داکۆکی که‌ر له کورد پێشکه‌ش ئه‌که‌ن یان به مانایه‌کی تر یه‌کێکیان سیاسه‌تی گێزه‌ر و ئه‌ویتریان سیاسه‌تی گۆچان ئه‌وا کێشه نیه. به‌لام ئایا ئه‌م دوولا ته‌واوکه‌ری یه‌کترین یان پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن. ئایا هه‌ره‌شه له‌لایه‌ک و پۆزش هێنانه‌وه له‌لایه‌ک چی به دوژمنانی کورد ده‌ڵێت. جوانه که هه‌ردوو حیزب هه‌ریه‌که‌و خاوه‌ن بیرورا‌و دونیابینی خۆیه‌تی به‌لام ده‌بێ ئه‌وه بۆ ئه‌وانی تر روون بکه‌نه‌وه که بریارده‌ری کۆتایی به‌رژه‌وه‌ندی کورده نه‌ک و‌ک گه‌لێک نه‌ک سه‌رۆک یان میر.
ئه‌مرۆ سوپای تورکی تینووی جه‌نگه. بۆ ئیـه ئازایی نیه ببینه سوته‌مه‌نی ئه‌و جه‌نگه ئه‌گه‌ر ناچاری نه‌بێت. هه‌ندێ جار ره‌نگه بریار رۆمانسیان‌بێت به‌ڵام هه‌میشه واقیع به‌و شێوه‌نیه. دۆنکیشۆته پاڵه‌وانێکی براوه نیه.
Sunday, April 15, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment