ئه‌نفال پاش دادگایی سه‌رانی به‌عس، ئایا ئێستا ئه‌نفال له کوێی هاوکێشه سیاسیه‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌دا جێگیربووه؟ ئایا وه‌ک کرده‌یه‌کی جیونوساید ناسراوه، یان هه‌ر وه‌ک کێشه‌یه‌کی لۆکاڵ سه‌یرده‌کرێت و په‌یوه‌ست ده‌کرێت به تاوانێکی دژه مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رانی به‌عسه‌وه؟ ئاخۆ ئاکامی ئه‌و دادگاییه چ ئاکامێکی بۆ داهاتووی کوردده‌بێت؟
گومان له‌وه‌دا نیه که ئه‌و گۆرانانه‌ی به سه‌ر ناوچه‌ی عێراق و سیاسه‌تی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به ناوچه‌که‌دا هات بۆیه‌که‌م جار له مێژوودا، تا نووسینی ئه‌م دێرانه قازانجی له زیانی بۆ کورد زیاتربووه. گه‌لێک گۆرانی گه‌وره هاته‌دی، که هه‌ر هه‌موویان که‌م تا زۆر کورد زیانی لێنه‌کردوه. یه‌کێک له‌و رووداوانه دادگایی‌کردنی سه‌رانی به‌عس بوو. ئه‌م دادگاییکردنه بێگومان ده‌بێته یه‌کێک له رووداوه گرنگه‌کانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک وه کورد به‌شێک بووه له‌و دادگاییه. هه‌رچه‌نده له سێداره‌دانی سه‌ددام پێش د‌ستپێکردنی کێشه‌ی کورد، چ هه‌ڵه‌بجه چ ئه‌نفال، یه‌کیک بوو له‌و ده‌رفه‌ته گه‌ورانه‌ی که کورد نه‌یتوانی سوودی لێوه‌ربگرێت.
به‌ڵام سه‌ره‌رایی ئه‌مانه ئێمه پێویسته گۆران به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و چه‌مکه‌کانمانا بهێنین. گریمان کێشه‌ی کورد وه‌ک جینوساید ناسرا، که به‌بروای من به راده‌یه‌کی زۆر ناسراوه، به‌ڵام دانپیانان یان ناسینی ئه‌نفال وه‌ک جینوساید، که بێگومان جیونوسایده، مانای ئه‌وه نیه کێشه‌ی ئه‌نفال چاره‌سه‌ربوو. بۆئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که‌م زیاتر روونکه‌مه‌وه، له ئه‌ده‌بیاتی فیکری و سیاسی کوردیا تێگه‌شتنێک هه‌یه گوایه، ئه‌گه‌ر هاتوو، کێشه‌ی کورد به‌گشتی و ئه‌نفال به‌تایبه‌تی، وه‌ک کێشه‌یه‌کی جیونوساید ناسرا له دونیادا ئه‌وا ئیتر ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک جارێکی تر رووبه‌ری مه‌ترسی وه‌ها نابینه‌وه و کێشه‌که‌مان ده‌گاته ئاستێک که ده‌بێ چاره‌سه‌ربکرێت.
دیاره گومان له‌وه‌دا نیه که ناساندنی ئه‌نفال وه‌ک جینوساید گرنگه، وه به ژێرخانی پێویستی هه‌موو هه‌نگاوێکی داهاتوودێت. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مه ره‌نگه ئه‌نفال له سه‌ر ئاستی جیهانیدا وه‌ک کێشه‌یه‌ک بناسرێت و نه‌بێته هۆی گۆرانی کێشه‌ی کورد. تێگه‌شتنی کورد بۆ جینوساید تێگه‌شتنێکه که له روانگه‌ی زانستی سیاسیه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه به‌ڵکو تێگه‌شتنێکه خوازراوه وه به‌بێ هیچ خۆماڵیکردنێک وه‌ک چه‌مکێکی ره‌ها به‌کارده‌برێت. بۆئه‌وه‌ی جارێکی تر، مه‌به‌ستم زیاتر روونکه‌مه‌وه؛ تێگه‌یشتنی ئێمه بۆ چه‌مکی جینوساید له کێشه‌ی جوله‌که‌و ئیسرائیله‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌گرێت. ئێمه وائه‌زانین له‌به‌ر رووداوی جیونوسایدی جوله‌که له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ئیسرائیل وه‌ک ئه‌و هێزه‌ی که‌هه‌یه بوونی هه‌یه. که له رووی مۆراڵه‌وه که‌لته‌ری رۆژئاوای خسته ژێر پرسیاره‌وه وه هه‌ر ئه‌مه‌ش بوون به په‌رژێنێک که که‌س نه‌توانێ جارێکی تر وه‌ک جاران مامه‌ڵه‌ی جوله‌که بکات. هه‌رچه‌نده ئه‌م دیده له قاڵبدراوه و رۆژانه به هه‌مووان ده‌فرۆشرێت به‌ڵام له راستیا کێشه‌که به‌و جۆره نیه.
به‌ڵگه مێژووییه‌کان پێمان ده‌ڵێن که پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م جوله‌که و جیونوسایده‌که‌یان، به تایبه‌ت لای ئه‌مریکیه‌کان، ئه‌و بایه‌خه‌یان نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مریکا له خه‌می بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیادا بوو دژ به یه‌کێتی سۆڤیه‌ت. جیونوسایدی جوله‌که به‌بێبایه‌خ مایه‌وه له ئه‌مریکا هه‌تا جه‌نگی شه‌ش رۆژه‌ی یه‌م که‌پور له ساڵی 1967، بۆ زانیاری زیاتر له‌مباره‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێ بچێت بۆ کتێبی؛ پیشه‌سازی هۆلۆکۆست، له‌لایه‌ن نووسه‌ری جوله‌که نۆرمان. ج. فنکلستین که له ساڵی 2000 له‌لایه‌ن ده‌زگای ڤێرسۆوه له چاپدراوه.
ئه‌مه پێمانده‌ڵێت جینوسایدی جوله‌که کاتێک بووبه کێشه‌یه‌کی جیهانی که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکادا هاوته‌بابوو. ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندی به گه‌وره‌ی و تراژیدیای کێشه‌که‌وه نیه، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ جوله‌که‌کاندا، خه‌ڵکی که‌م ئه‌ندام و قه‌ره‌ج و کۆمۆنیسته‌کانیش به کۆمه‌ڵ مردن به‌ڵام هێنده نه‌بوونه‌ته جێی بایه‌خ. بۆیه کورد ده‌بێت تێگه‌یشتنی ئیسرائیلیانه بۆ جینۆساید به دۆگما تێنه‌گات و وه هه‌روه‌ها به ته‌نها جیونوسایدیشی ته‌ماشا نه‌کات. به‌لای منه‌وه کێشه‌ی جیونوسایدی کورد له کێشه‌ی جینوسایدی ئه‌رمه‌نه‌وه نزیکه. هه‌موو دونیا ده‌زانێت، زانینی به‌به‌ڵگه، که ئه‌رمه‌نه‌کان له سه‌ر ده‌ستی عوسمانیه‌کان تووشی جیونوسایدبوون، به‌ڵام زۆربه‌ی ووڵاتانی دونیا له نێویاندا ئه‌مریکا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئاماده‌نیه دانیپابنێت و بیناسێنێ.
له‌م روانگه‌یه‌وه، داهاتووی عێراق ره‌نگه مه‌ترسی داربێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ تراژیدیای کورد به‌کاردێت بۆ تاوانبارکردنی سه‌رانی به‌عس ئه‌وا ئه‌گه‌ر عێراق له داهاتوودا وه‌ک ئێستا بمێنێته‌وه، دوورنیه جارێکی‌تر تراژیدیای کورد نه‌خرێته گۆمی بێده‌نگیه‌وه له پێناوی (المص(ا)لحه الوطنیه). پاش له ناوچوونی سه‌رانی به‌عس مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه بۆ هێشتنه‌وه‌ی عێراق وه‌ک ووڵاتێکی یه‌کپارچه، رابوردوو له بیربکرێت و بشاردرێته‌وه وه دروشم و خیتابی بریقه‌دار و پرپوچ ببێته سه‌ردێری رۆژنامه و گۆڤاره‌کان و ووته‌ی سه‌رزاری به ناو سیاسه‌تمه‌داران و هه‌واڵبێژه‌کان.
ئه‌نفال، که من وه‌ک گه‌رمیانیه‌ک به‌شێکیم به‌چاوه‌کانی خۆم بینی (که کورد چالاکانه تیایدا به‌شداربوو) و له ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش چه‌ند ساڵێک له ئۆردوگای صمود ژیام. ئه‌نفال هێنده رووداوێکی تراژیدیه که ده‌کرێت ناسنامه‌ی ئێمه‌ی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر بونیادبنرێت. من وه‌ک له نووسینێکی پێشوومدا ئاماژ‌م پێدا ئه‌نفال وه‌ک به‌رده‌که‌ی سیزیف وه‌هایه هه‌میشه به‌ئازاره‌وه له‌گه‌ڵمانا دوباره‌ئه‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو لێکۆڵینه‌وه و تێز و بیری قووڵمان هه‌بێت به‌رامبه‌ری ئه‌وا ئه‌نفال ده‌بێته ئه‌و دیاریده‌یه‌ی که ناسنامه‌ی ئێمه بونیادئه‌نێت. چونکه ئێمه تا ئێستا وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک قه‌یرانی ناسنامه‌مان هه‌یه. ئێمه هه‌موومان که‌مته‌رخه‌م و تاوانبارین، کۆمه‌ڵێک تاکی که‌م نه‌بێت که سه‌رباری که‌م تواناییان کاری باش و گه‌وره‌یانکردوه، به‌شێکی زۆری کورد توانای تێگه‌شتنی بۆ رووداوه‌که نیه‌و نازانێ یان نایه‌وێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا بکات. قه‌یرانی ناسنامه‌و نه‌بوونی ناسنامه یه‌کێکه له قه‌یرانه قووڵه‌کانی کێشه‌ی کورد. تێنه‌گه‌یشتنی ئێمه‌یه بۆ تراژیدیاکانمانه که رێگه ئه‌ده‌ێن خاوه‌نی پارت و هێز و حوکومه‌ت و کۆمه‌ڵگای وه‌هابین که ئێستا هه‌مانه. به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌نفاله‌کان خه‌ڵکی لادێی هه‌ژارن. ئێمه ناپرسین بۆچی ئه‌وان به‌شی زۆری تراژیدیاکان بچێژن و ئه‌وانی تر به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆخۆیان پاوانکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌موومان له‌به‌رده‌م قرکردندابووین به‌بی جیاوازی ئه‌وا ده‌بێ هه‌مومان خاوه‌ن ده‌ستکه‌وته‌کانی ووڵات بین به‌بی جیاوازی. گه‌لێک که رووبه‌رووی رووداوێکی وه‌ک ئه‌نفال بووبێته‌وه هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ببێته کۆمه‌ڵگایه‌ک که که‌مینه‌یه سه‌رده‌ست و خۆبه‌خاوه‌ن زان، زۆرینه‌ش سه‌گ!! ئه‌گه‌ر هه‌موومان تاوانباربین که ئه‌نفال کێشه‌یه‌کی جیهانی نیه، ئه‌وا تاوانباری گه‌وره ئه‌وانه‌ن که توانای گه‌وره‌یان هه‌یه و هیچیان نه‌کردوه. گوناهه ئه‌نفال ببێته به‌شێک له خیتابی سیاسی ئێمه له کاتێکا خیتابی سیاسی ئێمه له خزمه‌تی هاووڵاتی کورددا نیه. ئه‌وه‌ی ئێمه پێویسته بیکه‌ین ئه‌وه‌یه که ئه‌نفال و کورد بکه‌ینه جمک. ئه‌گه‌ر که‌سێک له هه‌رکوێیه‌ک ناوی کوردی به‌رگوێکه‌وت ئه‌وا یه‌کسه‌ر ئه‌نفالی به‌بیردابێت.
رۆژنامه‌گه‌ری کوردی له پاش راپه‌رینه‌وه تائێستا له ده‌ره‌وه‌ی مه‌وعیزه و گوتاره سیاسیه‌کان خاوه‌نی چ پرۆژه‌یه‌ک بوونه سه‌باره‌ت به ئه‌نفال. ده‌کرێ رۆژنامه‌گه‌ری کوردی خاوه‌نی چ پرۆژه‌یه‌ک و ئاسۆیه‌ک بێت له‌و باره‌وه؟
من به‌ش به‌حالی خۆم له هیچ پرۆژه‌یه‌ک ئاگادارنیم. ئایا رۆژنامه‌گه‌ری کوردی هه‌رگیز خاوه‌ن هیچ پرۆژه‌یه‌ک بووه. رۆژنامه‌ی کوردی دوو به‌شه؛ یه‌کیکیان زمانحالی حیزبه و ئه‌وی تریان ئه‌هلی. حیزبه کوردیه‌کان له هیچ بوارێک‌دا خه‌می تێگه‌شتن و بیرکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و په‌یوه‌ندیکردن نین. حیزبی کوردی ده‌رک به گرنگی مه‌عریفه و پرۆژه‌ی مه‌عریفی ناکات. له راستیدا حیزبی کوردی دوژمنی سه‌رسه‌ختی رۆشنبیری راسته‌قینه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه رۆژنامه حیزبیه‌کان نه که‌سی کارا و لێهاتویان تیایه بتوانێ ده‌رک به گرنگی و قورسی کێشه‌کان بکات، جگه له هه‌واڵه‌کانی حیزب، تابیانکاته بابه‌تی لاپه‌ره‌کانی، نه حیزبیش خه‌می ده‌خوات. رۆژنامه ئه‌هلیه‌کانیش وه‌ک هه‌ر رۆژنامه‌یه‌کی تری هه‌موو دونیا بازار به‌رێوه‌ی ده‌بات. چونکه هیچ هه‌وڵێکی جیددی نه‌دراوه بۆئه‌وه‌ی ئه‌نفال ببێته به‌شێک له دونیابینی عه‌قڵی کوردی، ئه‌وا لای رۆژنامه ئه‌هلیه‌کانیش نابێته بابه‌تێکی گرنگ چونکه بابه‌تی وه‌ک ئه‌نفال ره‌نگه ببێته هۆی نه‌فرۆشتنی رۆژنامه‌که!!
دیاره میدیا ئه‌توانی رۆڵێکی هێجگار گه‌وره بگێرێت له دارشتنی فره‌یمی (چوارچێوه‌ی) عه‌قڵی و ئیماجنه‌ریدا که‌وا له تاکی کورد بکات ئه‌نفال هه‌میشه له عه‌قلیا زیندووبێت، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به داهێنان هه‌یه، چونکه له راستیا پرۆسه‌یه‌کی هه‌رگیز ته‌واو نه‌بووه. بۆنموونه چۆن منداڵ له ئه‌نفال تێبگات. چۆن نه‌وه‌ی داهاتوو له ئه‌نفال تێبگات. چۆن ئه‌وانی تر له ئه‌نفال تێبگه‌ن. هه‌بوونی ثنک تانکێک بۆئه‌و مه‌به‌سته وه‌ها له‌وانی تر ئه‌کات که مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یان هه‌یه کاره‌که‌یان زانستیانه‌تر و دروستتر به‌رێوه‌به‌رن. ئه‌وه‌ی پێویسته بووترێت ئه‌نفال هه‌تا ئێستاش به‌زۆری رووداوێکی زاره‌کیه. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ر هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفال که‌وتن توانای خوێندنه‌وه و نووسیناین نیه، بۆیه سه‌ره‌رای تراژیدیای رووداوه‌که به گێرانه‌وه‌یه‌کی ساکار بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو ئه‌وه‌نده کاریگه‌ر نابێت. بۆ نموونه کارێکی هه‌نووکه‌ییه که هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ژیاندان داویانلێبکێرت که به‌سه‌رهاتیان بگێرنه‌وه وه ئه‌گه‌ر سه‌نته‌رێکی تایبه‌ت هه‌بێت له ئه‌رشیفه‌کانیا بیپارێزێ. ئه‌گه‌ر بپرسین ئایا رۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌توانێ به هیج کارێک هه‌ستێ، له وه‌ڵامدا نه‌خێر، ته‌نها لایه‌ک یان ده‌زگایه‌ک هیچ کارێکی بۆ به‌رێوه نابرێت. بیریاران و نووسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان و رۆژنامه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌موو پێکه‌وه ده‌بێ به‌کاره‌که هه‌ستن. بۆنموونه به‌رێزت بۆئه‌وه‌ی به‌م کاره هه‌ستی ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هاوکاری بکه‌یت. سوپاس بۆ ته‌کنه‌لۆژیا که به ئاسانی و هه‌رزان ئه‌توانین په‌یوه‌ندی بکه‌ین ئه‌گیان کارێکی وه‌ک ئه‌م مه‌له‌فه‌ش مه‌حاڵ بوو.
No comments:
Post a Comment