هونه‌ری رۆمان و ئێمه
هونه‌ری نوسینی رۆمان، به‌گشتی، هونه‌رێکی نوێیه. له دونیای رۆشنبیری کوردیا هێشتا له چه‌که‌ره‌دایه. له‌م چه‌ند ستونه‌ی داهاتوودا؛ هه‌وڵئه‌ده‌م له رۆمان رامێنم له دونیای کوردیا. سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌ندێک روونکردنه‌وه بده‌م. مه‌به‌ستی من خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی کوردی نیه، چونکه من نه‌خوێنه‌رێکی باشی رۆمانی کوردیم وه نه‌ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیم. بۆ من رۆمان ده‌قێکه که رۆڵی گرنگی هه‌یه له بونیادنانی ئاگایی، تاک و کۆمه‌ڵدا. پانتاییه‌که که خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له هه‌مانکاتدا هه‌ست ئه‌که‌م که‌مئاگاییه‌ک هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌م ژانره‌یه. که‌مئاگایی لای خوێنه‌ر وه هه‌روه‌ها له دونیای ره‌خنه‌ی کوردیا. هه‌روه‌ها برواشم وایه که ئه‌م هونه‌ره له هه‌موو هونه‌رێکی تر زیاتر ده‌توانێ رۆڵی گرنگ بگێرێت له بونیادنانی، مرۆڤ، سیاسه‌ت، دیموکراسی، دایه‌لۆگ، سنگفراوانی، وه هه‌روه‌ها هه‌ستکردن و بینین. که‌واته خوێندنه‌وه‌ی من بۆ رۆمان خوێندنه‌وه‌یه‌کی سیاسیه. بۆ من رۆمان، ته‌نانه‌ت ناسیاسی ترین رۆمانیش، که له راستیا بوونی نیه، هه‌وڵێکی سیاسیانه‌یه. مه‌به‌ستمان له سیاسه‌ت به‌گشتی و به ساده‌یی ژایانێک و ژیارێکی باشتر، که له هه‌مانکاتدا پێکه‌وه‌بونێکی باشتر، به مرۆڤ مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا، بوار هه‌بوون بۆ جیاوازبوون.
به‌لای هینری جێمسه‌وه ته‌نها به‌هانه‌یه‌ک بۆ بوونی رۆمان ئه‌وه‌یه که هه‌وڵئه‌دات نوێنه‌رایه‌تی ژیان بکات. لێره‌دا هه‌ردوو ووشه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و ژیان پێویستیان به ساتێک له تێرامانه. ژیان ئاڵۆزه، هێنده ئاڵۆزه که مه‌حاڵه نوێنه‌رایه‌تی بکرێت. ژیان بریتیه له رابوردوو، له ئێستا، وه له داهاتوو. بچوکترین ساته‌وه‌خت وه‌رگرین له ژیاندا ئه‌م هه‌موو ره‌هه‌نده‌ی ژیانی تیادا ئاماده‌یه. له هه‌مانکاتدا بریتیه له ووترا و نه‌وتراو، نه دیار و نادیار، له حه‌ڵاڵ و حه‌رام، له تابۆ و ته‌وته‌م، زۆری تریش. بیر له یولوسێسی جویس بکه‌ره‌وه، هه‌وڵدانێکه بۆ تێگه‌یشتن له ئێستا له ساته‌وه‌ختی ژیا‌و، به‌ڵام هه‌وڵێکی ئاڵۆز، هه‌وڵێک که له راستیا خوێندنه‌وه‌ی مه‌حاڵه لێگه‌رێ تێگه‌یشتنی. که‌واته رۆمان له‌میانه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌یدا ئێمه ئاشنا ئه‌کات به ئاڵۆزی، به فره-ره‌هه‌ندی، به مه‌حاڵێتی تێگه‌یشتن له ژیان. که‌واته چی دی ناتوانین بڵیین ژیان ئه‌مه‌یه، یان ژیان ئه‌وه‌یه، ژیان فره-ره‌هه‌ند و فره-مه‌ودا و فر- ئاسته.
ئه‌مه وا له‌من ئه‌کات رۆمان به ئه‌و ژانره‌یه دابنێم که له ساته‌وه‌ختی هاتنه ئارایه‌وه هه‌میشه به سروشتی خۆی پۆست مۆدرێن بووه. له کتێبی هونه‌ری رۆمان‌دا میلان کۆندێرا زۆر به زه‌قی ئاماژه به‌مه ئه‌دات. کۆندێرا ده‌ڵێ ده‌بێ سێرڤانتس به هاوشانی دیکارت دابنێین. ئه‌گه‌ر دیکارت سه‌ره‌تای مۆدێرنه‌یه ئه‌وا سێرڤانتس سه‌ره‌تای پۆستمۆدێرنه‌یه که له هه‌ناوی مۆدێرنه‌دا ئاماده‌بووه. پۆستمۆدرێن به مانای هه‌ڵوێستێکی ره‌خنه‌ییانه به‌رامبه‌ر عه‌قڵ و تواناکانی.
له ستونانه‌دا من هه‌وڵئه‌ده‌م ده‌ربار‌ی، ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی رۆمان قسه‌بکه‌م. بۆچی ئێمه رۆمانخوێن-نین، بۆچی پێویستیه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ته‌نانه‌ت بونگه‌راییه که ئێمه ببینه گه‌لێکی رۆمانخۆین. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ئه‌ده‌م قسه ده‌رباره‌ی رۆماننوس بکه‌م، ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌بینێ، که ده‌توانێ ژیانی ئه‌وانی تر بژێت، بۆچی بونه‌وه‌رێکی وه‌ها که‌سێکی ئاسایی نیه، بۆچی ده‌بێ تا سه‌ر ئێسقان دیموکراسی بێت. هه‌روه‌ها نیازم وایه ستونێک بۆ رۆمان و دیموکراسی، یه‌کێ تر ده‌رباره‌ی رۆمان له نێوان مۆدرێن و پۆستمۆدرێندا ته‌رخانکه‌م. بۆ کۆتایی هێنان ستونێک ده‌رباره‌ی رۆمان و پرۆسه‌ی هاووڵاتی دروستکردن. دیاره له ناواخنی ئه‌مانه‌شدا قسه له سه‌ر هیومانیزمی نوێ ئه‌که‌م، که تیایا عه‌قڵ پاشه‌کشه‌ی کردوه وه ئه‌خلاق جێی گرتوه‌ته‌وه.
رۆمان ده‌قێکی ده‌گمه‌نه. بۆخۆی جۆرێکه له ئه‌زموونکردن. ناوه‌ندێکه که ژیان تیایا ده‌گوزه‌رێ، ژیانێک به پێچه‌وانه‌ی ژیانی ژیاوه‌وه به‌تاڵ له نهێنی. بۆیه ئه‌م ژیانه‌ی ناو رۆمان له ژیان خۆی ناچێت. ئێمه له میانه‌ی ئه‌مه‌دا ده‌رفه‌تمان هه‌یه ژیانێکی تر بژین، وه‌ک پامۆک ده‌ڵێت. ژیانێک به ته‌نیشت ژیانه‌وه له هه‌مانکاتدا. ژیانێک که ژیانی راسته‌قینه بوارمان پێنادات.
له رۆمان‌دا هه‌موو که‌سێک قسه‌ئه‌کات، هه‌موو که‌سێ ده‌رفه‌تی بۆ ئه‌ره‌خسێ هه‌تا حاڵی خۆی به‌یانکات. زمانی رۆمان جیاوازه، به‌گشتی زمانێکی شیعری نیه، زمانی شیعر زمانی مرۆڤ نیه، ده‌کرێ بوترێت زمانێکی خوداییه. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نیه که رۆمان له شیعریه‌ت به‌ده‌ره به‌ڵام شیعریه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. رۆمان سه‌رده‌مێک دێنێته ئاراوه که چی دی ئیتر ته‌نها فه‌یله‌سوفان نیه که بۆیان هه‌یه بدوێن، چی دی مه‌لاکان نیه، به زمانه ناپه‌یوه‌ند و پڕ له ترسه‌کانیانه‌وه مافی قسه‌کردنیان هه‌یه، چی دی ته‌نها پیاو ماقوڵان نیه، ده‌م سپیان نین، به‌ڵکو ژن، ئافره‌ت، مناڵ، هه‌ژار، دۆراو، لاو، تاوانبار، هه‌موو بۆیان هه‌یه قسه‌بکه‌ن، دیدیان هه‌بێت. وه‌ک له چه‌مکی پۆلی-فۆنیدا ده‌یبینین، فره‌ده‌نگیه‌ک هه‌یه، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی که‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ده‌نگێکی تر کزکات، یان بێده‌نگی کات.
رۆمان وه‌ک ده‌رئه‌نجامی ناراسته‌وخۆ کار ئه‌کات بۆ بونیادنانی نه‌ته‌وه، ووڵات، هه‌روه‌ها وه‌ک من ده‌مه‌وێت له‌م ستونانه‌دا بیوروژێنم، به‌تایبه‌ت بۆ گه‌لێکی وه‌ک کورد که به مۆدێرنه و مێژووه دوور و درێژه‌که‌ی نائاشنایه، رۆمان ده‌توانێت رۆڵی بونیاد نانی هاووڵاتی ببینێت. به‌ڵام له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه رۆمان کار له سه‌ر بونیادنانی مرۆڤ ئه‌کات. مرۆڤ وه‌ک بونه‌وه‌رێکی فیزیکی نه به‌ڵکو وه‌ک جۆرێک له ناسنامه‌ی نوێ. ئاده‌میزاد له رێی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌وه ده‌بێته مرۆڤ. دیاره ئه‌م رسته‌یه ئاسانیه، مرۆڤ یانی که‌سێک که خۆیه‌تی وه وه‌ک خۆی به‌شێکه له دونیا. وه بوونی به‌شیک له دونیا له رێگای باوه‌ر یان ئایده‌لۆژیایه‌که‌وه نیه به‌ڵکو له رێگای دیاریده‌یه‌که‌وه‌یه که مرۆڤه.
رۆماننوسین، رۆمان خوێندنه‌وه ئێمه ناچار ئه‌کات به‌گه‌رانه‌وه بۆ خۆمان. بۆ خۆناسین، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر رۆمانێک له سلێمانی بنوسرێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ژیان چۆن ئه‌گوزه‌رێت بۆ که‌سێکی وورده فرۆش له به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌دا ئێمه به دیدێکی تایبه‌ت به ژیان ئاشنا ئه‌کات، که له کاتێکا وا هه‌ست ئه‌که‌ین که پێی ئاشناین به‌ڵام له راستیا که زۆرینه‌مان پێی ئاشنانین. بۆئه‌وه‌ی رۆمان به‌م ئه‌رکانه هه‌ستێت
که باوکم ژنی سێهه‌می هێنا من رۆمانی زۆربای نیکۆز کازانتزاکیم ئه‌خوێنده‌وه، بۆیه رووداوێکی نائاسایی وه‌ها به لامه‌وه کارێکی ئاسایی بوو، یان زۆرباییانه‌بوو. پاش چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر له‌شارێکی نێو چیا به‌رزه‌کانی ئه‌لپ به‌ناوی ئینسبروک، ئێواره‌یه‌کی هاوین، له‌سکرینی سینه‌مایه‌کی هاوینه‌ی گه‌ور‌ه‌وه له‌حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌یه‌کا، که زۆربام به فلیم بینی، بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌و رۆژگارانه‌ی که زۆربام ده‌خوێنده‌وه (به زمانی عاره‌بان)، هێشتا مێردمنداڵ بووم، زۆر هه‌ڵه‌بووم. به‌ڵام رۆمانه‌که به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستم. ئێما بۆڤاری له‌رۆمانی مه‌دام بۆڤاری فلۆبێردا کاتێک که عه‌شق لێیده‌دا، له‌و ساته‌وه‌خته‌دا بیری ئه‌که‌وێته‌وه که له‌عاشقی نێو رۆمانه‌کان ئه‌چێت. بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسی رێنێ جێرارد ئه‌مه کرده‌ی لاساییه. ئه‌م کرده‌یه سه‌ره‌کیترین کاره که مرۆڤ له‌ژیانیا پێی هه‌ڵئه‌ستێ. که‌واته ده‌کرێ ده‌قێک بمانگۆڕێت، به هیوام هه‌میشه به‌ره‌و باش.
مرۆڤ له‌میانه‌ی ژیانیاندا هه‌میشه له‌هه‌وڵی خۆحه‌شاردان‌و ماسک-پۆشینه. ئه‌م هه‌وڵه له‌ڕێگای جلوبه‌رگ، شێوازی قسه‌کردن، کارکردن، ژنهێنان، جۆره‌کانیتری په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه پیاده‌ده‌کرێت. ئه‌م شاردنه‌وه‌یه‌ی خود، خودی راسته‌قینه له‌ئه‌وانیتر، وه‌ها له‌مرۆڤه‌کان ئه‌کات هه‌میشه به ترسه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کدا مامه‌ڵه بکه‌ن، هه‌میشه له‌خه‌می ئه‌وه‌دابن که ئه‌ویتر پێیان نه‌زانێ که خودی راسته‌قینه‌یان کێیه. له‌ده‌رئه‌نجامدا پله‌و پایه دروست ده‌بێت، پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دێته ئاراوه، به‌م شێوه‌یه، به‌شێکی زۆری ژیانی مرۆڤ له‌دروستکردنی جیاوازی بێ بنه‌مادا به فیڕۆ ئه‌چێت.
کرداری رۆمان-خوێندنه‌وه ساته‌وه‌ختی رووتبوونه‌وه‌یه. ئه‌و کاته‌یه که مرۆڤ بواری بۆ ئه‌ڕه‌خسێت که‌سێکیتر به‌بێ هیچ په‌رده‌و پۆشاکێك ببینێ. که‌سێک له‌ناخه‌وه، له‌خه‌ون‌و ئاره‌زوو نهێنیه‌کانیه‌وه. ئه‌م کرداری چونه ناوه‌وه، کرداری ئاشنابوونه به مرۆڤ وه‌ک بونه‌وه‌رێکی ئاڵۆزی، ناجێگیری، پڕ له‌ئازار. ئه‌مه شه‌ره له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌دا. مرۆڤ به ته‌نها بونه‌وه‌رێکی عاقڵانه نیه، له‌هه‌موو ساتێکا، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێکا گومان ناکات یان بیرناکاته‌وه، به‌ڵکو چه‌ندین فاکته‌ری تر هه‌ن له‌پشت هه‌ڵسوکه‌وت‌و بڕیاردانیه‌وه. وه‌ک کورد ده‌ڵێت هه‌میشه عه‌قڵ میوان نیه.
رۆمان له‌ووشه پێکهاتووه. وشه ده‌بێته که‌ر‌ه‌سته‌ی خه‌یاڵی ئێمه. ره‌نگه یه‌كێك له‌قه‌یرانه‌کانی دیکتاتۆریه‌ت ئه‌مه بێت. دیکتاتۆر ئه‌و که‌سه‌یه که ناتوانێ له‌ڕێگای وشه‌وه ببێته به‌شێک له‌ژیانی ئه‌وانیتر بۆیه ناچاره له‌رێگای زه‌بر‌و هێزه‌وه ئه‌و کاره ئه‌نجامدات. گه‌رچی کورد ده‌ڵێت که‌س به خه‌یاڵ نه‌بووه به ماڵ، له‌راستیا که‌س بێخه‌یاڵ نه‌بووه به ماڵ.
ئێمه له‌ڕێگای خوێندنه‌وه‌ی وشه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر‌خسێت ببینه که‌سێکیتر، ژیانێکیتر بژین. مرۆڤ له‌میانه‌ی ژیانیدا ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌تی نیه ژیانێکیتر بژی. ره‌نگه که‌سێک هه‌موو ته‌مه‌نی په‌نچه‌رچی بێت، به‌ڵام خولیای ئه‌وه‌بکات بزانێت سه‌رۆکی وڵات چۆن ئه‌ژی، کچی دراوسێیه‌که‌یان، که له‌بانقه، خه‌ون به چییه‌وه ده‌بینێت، بوون به رۆژنامه‌نووس چ جۆرێکه له‌شێتی. ئه‌مه مه‌حاڵیکه ته‌نها له‌ڕێگای رۆمانه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت. خه‌یاڵکردنی ژیانی ئه‌وانیتر، یان ژیاندنی ژیانی ئه‌وانیتر له‌ڕێگای خه‌یاڵه‌وه ده‌رفه‌ت بۆ خوێنه‌ر ده‌خولقێنێ که کراوه‌بێت به‌رامبه‌ر به ئه‌ویتر، مرۆڤه‌کان به ئاڵۆزیه‌کانیانه‌وه، به گرێکانیانه‌وه هه‌ماهه‌نگکات. له‌دۆخێکی وه‌هادا چیدی ناتوانێت کورتیانکاته‌وه بۆ ناو‌و ناتۆره‌ی جیاجیا. مرۆڤ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه که ناتوانرێت ناوبنرێت، وه‌ک ئالان بادیو ده‌ڵێت هه‌ر هه‌وڵدانێک بۆ ناونانی ناونه‌نراو جۆرێکه له‌توندوتیژی. بۆیه هه‌رناونانێک بۆ مرۆڤ جۆرێکه له‌توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌م بونه‌وه‌ره. ئه‌مه زۆر به روونی له‌که‌لتوری پێش رۆمان، یان که‌لتوری نائاشنا به رۆمان ده‌رئه‌که‌وێت. کورتکردنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ باش یان خراپ، جوان یان ناشیرین، ئیماندار یان بێ-ئیمان، پرۆلیتاریا یان سه‌رمایه‌دار جۆرێکه له‌توندوتیژی وه ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی. ره‌نگه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا دیاریده‌ی ته‌کفیر یه‌کێک بێت له‌ده‌رکه‌وته ناشیرینه‌کانی ئه‌م دونیابینیه. ئیان ماکوین ده‌رباره‌ی رووداوی یانزه‌ی سیپته‌مبه‌ر ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کاره به رۆمان ئاشنا بوونایه ئه‌وا ره‌نگه نه‌یانتوانیایه ئه‌و کاره ئه‌نجامده‌ن.
ئه‌مه ئه‌مانباته نێو دونیایه‌کی زۆر ئاڵۆزه‌وه، که لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ی پێئه‌ده‌ین ئه‌ویش دونیای دادگاییکردنه. مرۆڤی باوه‌ڕدار (باوه‌ڕ ده‌کرێ ئاین‌و نائاینیش بێت) ئه‌و مرۆڤه‌یه که به‌ئاسانی هه‌میشه له‌کرداری دادگایی‌کردنی ئه‌وانیتردایه. به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ خۆی دادگاییکات. ئه‌م دیاریده‌یه ئه‌مرۆ به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌ربڵاو له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا باوه. له‌کاتێکا ئاین یان خواپه‌رستی ده‌بێت بریتی بێت له‌خود-دادگایی‌کردن. (له‌داهاتوودا ده‌رباره‌ی چۆنێتی خواپه‌رستی ده‌نوسین).
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی قووڵترمان هه‌بێت بۆ رۆمان، ده‌بێ ئاشنابین به ستایله‌کانی نوسینی رۆمان. ده‌کرێ رۆمان وه‌ک وانه‌یه‌ک له‌قوتابخانه‌کان بوترێته‌وه. وانه‌یه‌ک به مه‌به‌ستی چۆنێتی تێگه‌یشتن له‌مرۆڤ له‌سه‌رده‌می عه‌لمانیه‌تدا. ستایلی نوسینی رۆمان زۆرن. لێره‌دا ئێمه مه‌به‌ستمان ئه‌و شێوازانه‌یه‌که رۆماننوس به‌کاریان ده‌بات بۆ نوسینی ده‌قه‌که‌ی. بۆ نموونه شێوازی گه‌وره‌کردن هه‌یه، رۆماننوس دیاریده‌کان گه‌وره‌ئه‌کات، تۆماس بێرنهارد نموونه‌ی ئه‌م دیده‌یه. شێوازی بچوککردنه‌وه هه‌یه، دیاریده‌کان که‌منرخ ده‌بن له‌ساتی گێڕانه‌وه‌دا. شێوازی ئۆکسیمۆرۆن هه‌یه یانی دژایه‌تی، شێوازی مێژوویی هه‌یه، دیاره رۆمانێک که له‌ساته‌وه‌ختێکی مێژوویدا رووئه‌دات مانای ئه‌وه نیه مێژوو ده‌گێڕێته‌وه چونکه مێژوو ته‌نها وه‌ک شانۆیه‌ک به‌کاردێت، شێوازی ئه‌له‌گۆری هه‌روه‌ها شیوازی شه‌پۆلی هۆش‌و چه‌ندین شێوازی تریش.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی گرنگه بزانرێت دیده، که‌سایه‌تی یان که‌سایه‌تییه‌کانی نێو ده‌قه‌که له‌چ دیدێکه‌وه دونیا ده‌بینێت، له‌کوێی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگادان، بۆ وه‌ها قسه‌ئه‌که‌ن، وه‌ها ده‌بینن، وه‌ها بیرئه‌که‌نه‌وه، خه‌م یان خۆشی له‌و جۆره‌یان هه‌یه.
ده‌بێ رۆمان وه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا بکرێت، که ده‌قی سه‌رد‌ه‌می پاش ده‌قه پیرۆزه‌کانه، هه‌روه‌ها ده‌قه ورد‌ه‌که‌ی پاش مه‌رگی حه‌کایه‌ته گه‌وره‌کانه (مۆدێرنه). بۆیه ده‌بێ وه‌ک ده‌قێکی پیرۆز بخوێنرێته‌وه له‌سه‌رده‌می مه‌رگی پیرۆزیا. له‌هه‌مانکاتدا وه‌ک پانتاییه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا بکرێت که تیایا بوون ده‌رفه‌تی بۆ ده‌ڕه‌خسێت هه‌تا ببێت-به-بوونێکیتر. رۆمان به خۆمان‌و مرۆڤه‌کانیتر‌و ده‌وروبه‌رمان ئاشنا ئه‌کات. ده‌بێت له‌لایه‌ن کورده‌وه نوسرابێت، کار له سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی بکات. ستونی داهاتوو ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانهکێیه؟
له‌ڕاستیا ده‌بێ پرسیاره‌که وه‌هابێت: ده‌بێ رۆماننوس کێ بێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌دونیای ئه‌مڕۆدا ئاسان نیه. چونکه ئه‌مرۆ رۆمان وه‌ک پیشه‌یه‌ك، که ره‌نگه ببێته سه‌رچاوه‌ی ناوبانگ‌و داهاتێکی زۆر، خه‌ڵکێکی زۆر هه‌وڵئه‌ده‌ن فێری بن. له‌زۆر زانکۆی دونیادا کۆرسی رۆماننوسین یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن نوسینی داهێنه‌رانه هه‌یه. به‌نده چه‌ند کۆرسێکی له‌و جۆره‌ی دیوه، لەسه‌ر د‌ه‌ستی چه‌ند نوسه‌رێکی ناودار. به‌ڵام مرۆڤ ته‌نها به وه‌رگرتنی کۆرس یان له‌ڕێگای وانه‌وه فێری نوسین نابێت، وه‌ك چۆن من نه‌بوومه چیرۆک یان رۆماننوس. (هه‌رچه‌نده ئاواتی من ئه‌وه بوو به زمانی ئینگلیزی بنوسم، ئادابی ئینگلیزی بخوێنم، له‌کتێبخانه‌یه‌ک کاربکه‌م، تۆزێ ریش بهێڵمه‌وه، جلی کۆن له‌به‌رکه‌م، زۆرتر گوێ له‌مۆسیقا بگرم). به‌ڵام رۆژێ کچێکی فه‌ره‌نسی مه‌کرباز هه‌ڵیخه‌ڵه‌تانم که وه‌ک ئه‌و کاروباری حکومه‌ت بخوێنم، له‌گه‌ڵیا برۆم له‌ڕادیۆ ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت قسه‌بکه‌م، ئیتر خه‌ونه‌کانم وه‌رین‌و رۆحیشم ژه‌نگی هه‌ڵهێنا.رۆماننوس زۆر به ساده‌یی ئه‌و که‌سه‌یه که هه‌وڵئه‌دات دونیایه‌کیتر بخوڵقێنێ. دونیایه‌ک کاتێک ئێمه وه‌ک خوێنه‌رێکی ده‌بینه میوانی، دیدمان ده‌گۆڕێت، له‌ئه‌نجامدا له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ دونیای خۆمان به جۆرێکی‌تر ده‌بینین. ئه‌م گۆڕانه ده‌توانرێت وه‌ک گۆڕانی پارادایمی ته‌ماشا بکرێت. گۆڕانی پارادیم بریتیه له‌گۆڕانی سه‌رتاپایی دیدمان به‌به‌ر‌اورد به‌و ئه‌و دیده‌ی که له‌پێشینه‌دا هه‌مانبووه به‌رامبه‌ر دیاریده‌یه‌ك. ئه‌م پرۆسه‌یه بریتییه له‌میتامۆرفۆس تناسخ-بوون، له‌جێگۆڕکێیه‌کی سه‌رتاپایی. رۆماننوس بۆئه‌وه‌ی ببێته ئه‌و که‌سه‌ی که ئه‌م گۆڕانه‌مان تیا ئه‌نجامدات ئه‌وا ده‌بێت به قوڵی‌و به فره‌مه‌ودایی به دونیای ژیانراوماندا رۆچوبێت، هه‌تا بتوانێت وێنای دونیایه‌کی خه‌یاڵی بکات، ته‌ریب به دونیای راسته‌قینه، که ببێته مایه‌ی گۆڕانی دیدمان بۆ دونیای راسته‌قینه. که‌واته رۆمان ئه‌زمونکردنه. ئه‌زمونکردن بریتیه له‌هه‌وڵدان بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له‌دووباره‌کردنه‌وه‌ی خود. ئێمه کاتێک ئه‌توانین بڵێین ئه‌زمونمان کردوه که چیدی وه‌ک خۆمان نه‌بین پاش دیاریده‌ی ئه‌زمونکردنه‌که. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رێک بکه‌ین‌و هیچ گۆڕانێک به‌سه‌ر هیچ دیدێکمانا نه‌هاتیبێت بۆ هیچ شتێک: ئه‌وا ئێمه له‌میانه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌دا ئه‌زموونمان نه‌کردوه. سه‌فه‌رێکی بێ ئه‌زموون، وه‌ک سه‌فه‌ری زۆری زۆری کوردان. رۆماننوس، بۆئه‌وه‌ی ئێمه ناچار به‌ئه‌زموونکردنمانکات ئه‌وا ده‌بێت هه‌ردوو به‌هره‌و تێرامان تێکه‌ڵکات به‌رامبه‌ر بابه‌ته‌که‌ی. له‌ده‌قێکی هه‌ره گرنگا نوسه‌ر‌و فه‌یله‌سوفی رۆمانتیکی ئه‌ڵمانی شیله‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌نوسێت. ده‌قه‌که له‌ژێرناوی ده‌رباره‌ی شیعری ساویلکه‌و تێڕامانی. هه‌رچه‌نده بابه‌ته‌که‌ی شیله‌ر شیعره به‌ڵام ده‌توانرێت پرنسیپه جوانناسیه‌کانی به سه‌ر هونه‌ری رۆمانیشدا بسه‌پێنرێت. لای شیله‌ر سروشت جوانه به‌ڵام لاساییکردنه‌وه‌ی به‌بێ تێڕامان کارێکی ساویلکانه‌یه، ئه‌و ئه‌م ده‌قه‌ی له‌میانه‌ی هێرشه‌کانیا نوسی له‌سه‌ر شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمان گۆته. (ئه‌گه‌ر شه‌ڕی دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه ببوایاته مایه‌ی داهێنانی وه‌ها، ئه‌وا ئێمه بێگومان ده‌بوینه یه‌کێک لە‌هه‌ره گه‌له به‌به‌رهه‌مه‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی). ده‌قه‌که‌ی شیله‌ر زۆر کانتیانه‌یه. کاری ئه‌ده‌ب نیه دونیا وه‌ک خۆی باسکات، گه‌رچی ئه‌وه ره‌نگه بۆخۆی کاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر که‌سه‌کان به‌جێبهێڵێ به‌ڵام ده‌قی ئه‌ده‌بی پێویستی به تێڕامانه. لێره‌وه ده‌توانم قسه له‌سه‌ر ئه‌و دیده‌بکه‌م که له‌پێشینه‌دا ئاماژه‌م پێ‌کرد، رۆماننوس ده‌بێ دیموکراسی بێت. دیاره مانای دیموکراسی لێر‌دا لەه‌هه‌مانکاتدا به‌ربڵاو‌و قووڵ وه‌رگیراوه. دیموکراسی بریتیه له‌هه‌بوونی پانتایی بۆ هه‌موان، به‌بێ جیاوازی، بۆئه‌وه‌ی وه‌ک خۆیان هه‌بن. له‌دونیای واقیعدا ئه‌مه مه‌حاڵه، هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ك کۆمه‌ڵیك ناکۆتا له‌کۆت‌و زنجیر‌و پیرۆزی لێ ئاڵاوه که تاکه‌کان ناچار ئه‌کات بێنه سه‌ر رێگای راست یان ریگای دیکتاتۆریه‌تی کۆمه‌ڵگایی. کۆمه‌ڵگا رێکده‌خرێت، هه‌موو رێکخستنێکیش هه‌ره‌مییه، که‌واته هه‌میشه به‌رز‌و نزم، پر به‌ها‌و که‌م به‌ها بوونی هه‌یه. رۆماننوس دێت ئه‌مه ده‌بینێت، هه‌ستی پێئه‌کات. چونکه بۆ زۆرینه‌یه‌کی خه‌ڵك نه‌بینراو‌و هه‌ستپێنه‌کراوه، بۆیه له‌سه‌ره‌تا وه‌ده‌ریان ئه‌خات. ئه‌مه وه‌ها له‌رۆمان ئه‌کات هه‌میشه شێوازێکی زیاده‌رۆیی یان نائاسایی به سه‌ر شێوازی گێرانه‌وه‌یدا زاڵ بێت. به گه‌وره‌کردن یان نائاساییکردن بچوکه‌کان ئه‌وه‌نده گه‌وره ئه‌بن ببینرێن، ده‌نگه لاوازه‌کان ئه‌وه‌نده نوزه‌یان لێدێت هه‌تا ببیسترێن، له‌هه‌مانکاتدا گه‌وره‌کانی ژیانی ژیارکراو ئه‌وه‌نده گه‌وره ئه‌بن له‌بونه‌وه‌ری وه‌ک ده‌یناسور ئه‌چن. بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه فه‌راهه‌م بێت شێوازی جۆراوجۆری گێڕانه‌وه ده‌بێت بگیرێته به‌ر.که‌واته رۆماننوس ده‌بێ گوێی له‌بێده‌نگی بێت، نه‌بینراو ببینێت، هه‌میشه له‌ڕوانگه‌یه‌که‌وه بنوارێت که ئێمه وه‌ک خوێنه‌ر ناچارکات توشی سه‌ره‌گێژه بین، ده‌بێ ئه‌خلاقمان بخاته ژێر پرسیار‌ه‌وه، باری ده‌رونییمان بشڵه‌قێنێ. کاتێک رۆماننوس ده‌توانێ به‌م کارانه هه‌ستێت ئه‌وا وه‌ک بونه‌وه‌رێکی دیموکراسخواز پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی هه‌یه راست نیه، هه‌رگیز ئه‌وه‌ی هه‌یه ناتوانێت راست بێت یان ببێته راستی. ئه‌وه‌ی هه‌یه پڕیه‌تی له‌شاراوه له‌بێده‌نگکراو، له‌تاک-ره‌هه‌ندی بینین. رۆماننوس به هه‌ستانی به‌م کاره‌ی ده‌بێته مرۆڤێکی ده‌ره‌کی. ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه له‌ناوه‌وه‌بێت. ده‌ره‌کی بوونی ئه‌یکاته بونه‌وه‌رێکی نه‌شاز، که‌سێک که له‌ئه‌وانیتر ناچێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردایه. بۆیه له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا خود تا ئه‌وپه‌ری تێکه‌ڵ ده‌بێت به ده‌ق. خودێک که نه‌شازه به جۆرێک نه‌شازبوونی ئه‌یکاته باشترین ئاوێنه‌ی کۆمه‌ڵگا. له‌ڕۆمانی سویدییا کاراکته‌ری سۆزانی کاراکته‌رێکه که به‌شێوه‌یه‌کی زۆر به‌ربڵاوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن رۆماننوسه چه‌په‌کانه‌وه، له‌میانه‌ی ر‌ه‌خنه‌کردنیان له‌سیسته‌می سیاسی وڵات، چونکه سۆزانی وه‌ک نوسه‌ر خۆی ئه‌و ده‌ره‌کیه‌یه که تائه‌وپه‌ڕی ناوه‌کییه. ئه‌و که‌سه‌یه کاتێک له‌نێو هه‌ره‌می فه‌رمی کۆمه‌ڵگادا جێگه‌ی نابێته‌وه به‌ڵام له‌نوێنی نوستنی بڕێکی زۆر له‌که‌سایه‌تییه باڵاکانی کۆمه‌ڵگایه.رۆماننوسی کورد هێشتا ئه‌و بونه‌وه‌ره ده‌ره‌کیه ناوه‌كیه نیه، که بتوانێت کۆمه‌ڵگای کوردیمان بۆ رایه‌ڵکات، هه‌ڵو‌ه‌شێنی. چونکه بوونێکی له‌و جۆره پێویستی به سه‌لیقه‌یه‌کی زۆر هه‌یه له‌باره‌ی زمانه‌وه، بۆ نموونه که‌سێک ناتوانێت خۆی به کوردی زان بزانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی عەره‌بی‌و فارسی‌و تورکی یان عوسمانلی بزانێت، هه‌روه‌ها پێویستی به توانایه‌کی باڵا هه‌یه له‌ڕووی مه‌عریفییه‌وه.
No comments:
Post a Comment