ئه‌وروپا
له کوێدا به‌دوای ئه‌م کیشوه‌ره‌دا بگه‌ڕێین، له چیرۆکی سه‌فه‌ره‌کانا. له موژده‌ی قاچاخچیه‌کانا، له خه‌یاڵی پیاوێکی دڵ پڕ له ئازاری په‌راوێزخراو له کوردستان، له‌و وێنانه‌ی که ده‌گه‌نه‌وه وڵات، له‌و وشانه‌ی که له ته‌له‌فونه‌کانا ده‌وترێن، له کورته نامه‌کانا، یان له‌و گفتوگۆیانه‌ی که له سه‌رتاشخانه‌و چاخانه‌و پاس‌و پیاسه‌ی ئێواران‌و هۆڵی زانکۆ‌و قوتابخانه‌کان‌و خوانی شێوو خه‌ونی ئه‌و کچه تازه‌پێگه‌شتوانه‌ی که له چاوه‌ڕوانیدا پیرده‌بن. ئه‌مه سه‌رابێکی سه‌خته.ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا له شوێنه ته‌ڕو تاریکه‌کانی ناخمانا ئاماده‌بێت، ئه‌گه‌ر شانۆی خه‌ونه ئه‌رخه‌وانییه‌کانمان بێت، ئیدی بۆچی ده‌بێ ئێمه سه‌فه‌ری بۆ بکه‌ین. ئێمه به‌بێ جیاوازی هه‌ر هه‌مومان، یه‌ک به‌یه‌ک، په‌یوه‌ستین به ئه‌وروپاوه. له‌کاتێکدا هه‌ندێکمان بۆی هه‌ڵدێین، ئه‌وا ئه‌وانی ترمان لێیهه‌ڵدێین. ئه‌وانه‌ی که لێیهه‌ڵدێن، که نه‌فره‌تی لێئه‌که‌ن، که به بێزه‌وه ته‌ماشای ئه‌که‌ن، له هه‌موان زیاتر بیری لێئه‌که‌نه‌وه. په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا رێک وه‌ک په‌یوه‌ندی ئێمه وایه له‌گه‌ڵ سێکسدا، هه‌میشه تێکئاڵاوه له پیرۆزی‌و تابۆ، له پیسێتی‌و جوانی، له گوناه‌و خۆشی، له چه‌پاندن‌و ته‌قینه‌وه، له نکوڵیکردن‌و دێوانه‌یی. به‌ڵام ئه‌م کیشوه‌ره سارده له جێگایه‌کی تره. سنوری خۆی هه‌یه، یاسای خۆی هه‌یه، مێژووی خۆی هه‌یه، دیرۆکێکی پڕ له فه‌لسه‌فه‌ی خۆی هه‌یه. که‌واته ئه‌م کیشوه‌ره له جێگایه‌کا نیشته‌جێیه. به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌وروپا له ته‌نها جێگایه‌کدایه، یان له گشت جێگاکان. له‌کاتێکا ئه‌وروپا له نێو ئێمه‌دایه، له ناخی ناخماندایه، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێ بۆی بڕۆین، هه‌رچه‌نده بۆی ده‌ڕۆین، به‌ڵام ئێمه ناگه‌ینه ئه‌وروپا. هه‌رچه‌نده ئاماده‌ین بۆی بمرین، به سنوره پڕ له مینه‌کانا بپه‌ڕینه‌وه، شاخ‌و چه‌م‌و ده‌شت‌و رووبار ته‌یکه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز پێیناگه‌ین. چۆن له جێگایه‌ک بگه‌ین که پێیناگه‌ین، که ناتوانی پێیبگه‌ین. چۆن ناگه‌ینه جێگایه‌ک که هه‌ر یه‌که‌مان کوڕه پلک‌و کوڕه پورو کچه خاڵ‌و ئامۆزا‌و براو نه‌نکمانی لێیه. به‌ڵام گه‌یشتن یانی چی؟ پێش هه‌موو شتێ گه‌یشتن یانی جێهێشتن. جێهێشتن هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه له جێگا، وه‌ک ئێدوارد سه‌عید بایۆگرافیه‌که‌ی ناونا له ده‌ره‌وه‌ی شوێن، به‌ڵام گه‌یشتن به‌مانای چونه ناوه‌وه‌ی شوێن نییه. ره‌نگه گه‌شتن هه‌رگیز بواری ئه‌وه نه‌دا که بگه‌یته ناو شوێن، بۆیه پاش جێهێشتنی شوێنی یه‌که‌م، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه بۆ هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی شوێنه‌وه بمێنیته‌وه. ئه‌م ستاتۆیه؛ هه‌تا بڵێی دڵته‌نگه. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا برینێکه یاخی له قه‌تماخه. ره‌نگه پاش جێهێشتن جارێکی تر خود ئاره‌زووی ئه‌وه نه‌کات که به شوێن ئاشنابێته‌وه. لێره‌دا ئه‌و جێگایه سه‌رهه‌ڵئه‌دا که به‌ختیار عه‌لی ناوی ئه‌نێت ناشوێن. خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌م ستونه ده‌رباره‌ی ئه‌وروپایه وه‌ک پرۆژه‌یه‌ک. وه‌ک خه‌ونێک، وه‌ک په‌ناگه‌یه‌ک، وه‌ک مێژوویه‌ک، وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌ک، وه‌ک شارستانیه‌تییه‌ک، وه‌ک وڵگه‌ی سزا، وه‌ک کامپی په‌نابه‌ران، وه‌ک مۆز‌ه‌خانه، کتێبخانه، مۆدێرنه، قاتوقڕی، هه‌زاره‌ها هه‌زار شتی تر. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌وروپا ئه‌دوێین له بۆمبای، له سلێمانی، له مۆمباسا، له زۆر زۆر شوێنی تر. له توێی ئه‌م ستونانه‌دا یاده‌وه‌ری‌و ئاماده‌بوون‌و تێڕامان‌و عیشق‌و رق‌و په‌یوه‌ستبوون، قسه‌ی لێوه‌ئه‌کرێت. ئه‌مه سه‌فه‌رێکه نه سه‌ره‌تای هه‌یه نه کۆتا. نه هه‌رگیز ده‌ستپێئه‌کات‌و نه هه‌رگیز کۆتایی دێت. بۆیه بڕیارمدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بدوێم، چونکه هه‌ستئه‌که‌م هه‌تا بڵێی هه‌نوکه‌ییه. هه‌نوکه‌ییه، که ده‌بینم کوردێک، به روومه‌تێکی خه‌مبارانه به شه‌قامه سارد‌ه‌کانی یه‌کێک له شاره بێ دڵه‌کانی ئه‌وروپادا به ته‌نها له سه‌رخۆ ئه‌ڕوا. هه‌نوکه‌ییه چونکه ئه‌و خه‌ون بینینه‌ی که له خه‌یاڵدانی ئێمه‌دایه ده‌رباره‌ی ئه‌م کیشوه‌ره تۆوێکی زۆری شکستی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتوه. هه‌نوکه‌ییه چونکه ئه‌وروپا شوێنی کردوه‌ته بوونێکی میتافیزیکی. ئێمه که ره‌دووی سه‌راب ئه‌که‌وین له ساته‌وه‌ختی مه‌رگا ژیان کورت ئه‌که‌ینه‌وه بۆ دیدێکی شاعیرانه. ئێمه به‌ره‌و شکستێکی دڵته‌نگ هه‌نگاوئه‌نێین زۆر دڵته‌نگترو خه‌مبارتر له‌وه‌ی عه‌ره‌ب. پرسیاری مۆدێرنه، مۆدێرن بوونی کۆمه‌ڵگای ئێمه، ته‌نهاو ته‌نها له تێگه‌شتنی ئه‌وروپاوه دێت. تێگه‌شتن به مانای لاساییکردنه‌وه نه، به مانای هه‌وڵدان بۆ گه‌شتنه هه‌مان ئاست نه، به مانای شوێنکه‌وتنی هه‌مان رێگا نه. تێگه‌شتن یانی چونه ناخی رووداوه‌کانه‌وه بۆ کردنه‌وه‌ی ته‌لیسمه‌کان، دۆزینه‌وه‌ی کلیله‌کان‌و پاشان هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی کلیلێکی تایبه‌ت به خود، له مه‌تریاڵه‌کانی خود. بۆ تێزی دوکتۆراکه‌م من به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌تانه‌دا هه‌ڵسوکه‌ت ئه‌که‌م. له زانکۆ وانه‌ی ده‌رباره ده‌ڵێمه‌وه، له توێی کتێب‌و ده‌ق‌و به‌ڵگه‌نامه‌کانا ورد وردێ بۆی ده‌خوێنمه‌وه، ده‌چمه کۆڕ‌و سیمیناره‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێکی زۆری ئه‌وروپا یان بینیومه یان تیا ژیاوم. رۆژانه له ماڵ ئێمه به ئه‌ڵمانی‌و ئیتاڵی‌و ئینگلیزی قسه‌ئه‌کرێت. هه‌میشه له هاوڕێی‌و دۆستمان له وڵاتانی تره‌وه دێنه میوانی. ئه‌وروپا وه‌ک زمان، وه‌ک که‌لتور، وه‌ک شێوازی چێشتلێنانا، به‌شێکی ژیاری رۆژانه‌ی ئێمه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه من ئه‌توانم بڵێم که ئه‌توانم ده‌رباره‌ی ئه‌م کیشوه‌ره، چ وه‌ک بونێکی فیزیکی‌و چ وه‌ک بونێکی میتافیزیک بنوسم.پێمخۆشه ئه‌م ستونه رچه شکێن بێت. کارێک دووباره‌و سواو نه‌بێت. نه ببێته مایه‌ی ئۆریه‌نتالیزم، رۆژهه‌ڵاتناسی، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک رۆژهه‌ڵاتی له رۆژئاواوه، وه‌ک کوێخا رۆژئاواییه‌کانیان له رۆژهه‌ڵات ده‌ڕوانن. نه‌ک ببێته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی ئۆکسیدێنتال یان خۆرئاواناسی، که وه‌ک چۆن رۆژهه‌ڵاتناسی پڕیه‌تی له بوختان‌و کینه‌و هه‌ڵه‌شه، وه‌هاش رۆژئاواناسی بریتییه له تۆڵه‌و ده‌مارگیری‌و هه‌ست به لاوازیکردن.ئه‌م ستونه، وه‌ک کاره‌کانی پێشوو، سه‌فه‌رێکه به هاوه‌ڵی ئێوه، به‌نێو دونیایه‌کا که هه‌مومان بیری لێئه‌که‌ینه‌وه، خه‌ونی پێوه ده‌بینین، له هه‌مانکاتدا حه‌زده‌که‌ین رۆژێک وڵاتی خۆشمان وه‌ک ئه‌وروپای لێبێت. هه‌رچه‌نده زاراوه‌ی ئه‌وروپا له زمانی قسه‌کردن‌و نوسراوی کوردی‌دا چه‌ندین مانای جیاجیا له خۆی ده‌گرێت، هاوه‌ڵم بن با پێکه‌وه بڕۆین بۆ ئه‌مسته‌ردام، رۆم، ڤیه‌نا، پاریس، له‌نده‌ن، شاره خۆشه‌ویسته‌که‌م دۆبلن. وه‌ره با پێکه‌وه به‌دڵی ئه‌م کیشوه‌ره، هه‌تا له دڵه پڕ له خورپه‌که‌ی خۆمان به ئاگابین.
No comments:
Post a Comment