سه‌ره‌تا ئه‌م چوار پرسیاره‌ی که لێره‌دا کراوه، هه‌رچواریان هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیه‌کن، ئه‌ویش سروشتی داهاتوویه تیایندا. له‌مه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ئه‌م چوار پرسیاره پرسیارن ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له داهاتوودا چی ده‌گوزه‌رێ، چاره‌نوس چیه، ئێمه به‌ره‌و کوێ ده‌رۆین. گرانی وه‌ڵامی ئه‌م جۆره پرسیارانه له‌وه‌دایه که یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی داهاتوو ئه‌وه‌یه که هه‌میشه برێکی زۆر له نهێنی له خۆیدا حه‌شارداوه. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه ده‌توانرێ له هه‌ندێ جێگای دونیادا باشتر بزانرێت که ئاراسته‌ی دیاریده‌یه‌ک به‌ره‌وکوێ ده‌روات، به‌ڵام له هه‌ندێ جێگای تردا کارێکی وا زۆر سته‌مه. ئه‌م جیاكاریه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کێ له به‌رێوبردنی رووداوه‌کاندا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته. بۆ نموونه له رۆژئاوا ده‌توانرێ بوترێت هه‌موو دیاریده‌یه‌ک، تا ئاستێکی زۆر له نێو چوارچێوه‌ێ یاسادا رووده‌دا، که‌سه‌کان کاریگه‌ریان هه‌یه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی سنوردار. ئه‌مه له جێگایه‌کی وه‌ك عێراق و کوردوستان به پێچه‌وانه‌یه. له‌وێ که‌سه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له سه‌روی هه‌موو شتێکه‌وه‌ن. بۆیه قسه‌کردن له سه‌ر داهاتوو هه‌میشه ده‌بێ ئه‌وه له به‌رچاوبگیرێت که کاراکته‌ره‌کان چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌ن. زانینی ئه‌مه مه‌حاڵه، چونکه له راستیا کاراکته‌ره‌کان خۆیان نازانن چۆن له به‌رامبه‌ر رووداوه‌کاندا هه‌ڵوێست وه‌رئه‌گرن. بۆیه ئه‌وه‌ی که پێی ده‌گوترێت سیاسه‌ت: نه زانسته نه هونه‌ر، نه په‌یوه‌ندی به یاساوه هه‌یه، نه خه‌لک. سیاسه‌ت لێره‌دا یاریه‌که که که‌سه‌کان به پێی تێگه‌شتنی ئه‌و ساته‌یان بۆ رووداوه‌کان پێی هه‌ڵده‌ستن. زۆربه‌ی جار ئه‌م تێگه‌یشتنه مایه‌ی سه‌رسورمانه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌نجامده‌رانیشی پاش روودانیان. له رێگای ئه‌م
پێشه‌کیه‌وه ده‌مه‌وێ ئه‌و چوارچێوه‌یه دیاریکه‌م که وه‌ڵامه‌کانی ئه‌م پرسیارانه تیایا ده‌رئه‌که‌ون.
پرسیاری یه‌ک:
من چۆن ده‌نوارمه هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق؟ ئه‌مه سه‌ره‌تای پرسیاره‌که‌یه، پاشان پرسی ره‌گ داکوتانی دیموکراسی کراوه، ئینجا به گشتی پرسی داهاتوو، و سیناریوکانی. پرسیاره‌که ئه‌وه‌م پێ ده‌لێت که مه‌به‌ست له روودانی هه‌ڵبژاردن، ره‌گداکوتانی دیموکراسیه. لێره‌دا هه‌ڵبژاردن وه‌ک رووداوێک ته‌ماشاکراوه که چاوه‌نواری ئه‌وه‌ی لێئه‌کرێت ببێته هۆی ره‌گ داکوتانی دیموکراسی. ئه‌م چاوه‌نواریکردنه له جێی خۆیدایه به‌ڵام تا ئاستێکی زۆر ئاڵۆزه. له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکا له عێراق سێ هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌ئه‌چێت. هه‌ڵبژاردنی شیعه‌کان، هه‌ڵبژاردنی سوننه‌کان، وه هه‌ڵبژاردنی کورده‌کان، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌مینه بچکۆله‌کانی تر له به‌رچاو نه‌گرین. که‌واته عێراق وه‌ک بۆته‌قه‌یه‌ک که به ناچاری ئه‌م هه‌موو دژه‌ی تیاکۆبوه‌ته‌وه ناتوانرێت به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی ته‌ماشا بکرێت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن دیاریده‌یه‌کی دیموکراسی نیه، به‌ڵکو بریتیه له ناردنی نوێنه‌ر بۆئه‌وه‌ی له گه‌ڵ نوێنه‌ری پێکهێنه‌ره‌کانی تردا بکه‌وێته ململانێوه چونکه هه‌موو پێکهێنه‌رێک وا وێنای ئه‌و پێکهێنه‌ره‌کانی تر ئه‌کات که ده‌یانه‌وێت خراپ مامه‌ڵه‌یان بکه‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، مرۆڤ بوونی نیه، تاک بوونی نیه، کێشه بوونی نیه، هاووڵاتی بوونی نیه، په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌ت هاووڵاتی له ئارادانیه. ئه‌وه‌ی هه‌یه شه‌ری پێکهاته‌کانه بۆ پچرینی زۆرترین ده‌سکه‌وت. له ده‌رئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی که له عێراقدا رووئه‌دات ئیتنۆکراسیه که یانی ده‌سه‌ڵاتی ئیتنیکه‌کان. ئه‌م جۆره جودایه له دیموکراسی، وه ده‌توانم بڵێم زۆر دووره له دیموکراسی.
ئه‌گه‌ر لێره‌دا هه‌وڵبده‌ین وه‌ڵامی شکست و سه‌رکه‌وتن بده‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌بێ بپرسین شکست و سه‌رکه‌وتنی دیمۆکراسی که یانی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لک، یان پرسی شکست و سه‌رکه‌وتنی ئیتنۆکراسی که یانی ده‌سه‌ڵاتی که‌مینه‌کان. دیاره کاتێک ئێمه ئه‌وه‌مان به‌رچاوخست که دیموکراسی له ئارادا نیه، ئه‌وا ده‌توانین بڵێن پرسی شکست و سه‌رکه‌وتن بێمانایه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بپرسین ئایا عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م پرۆسه‌یه یان هێزێک یان نوێنه‌ری ئیتنیکێک باڵ به‌سه‌ر دۆخه‌که‌دا ده‌کێشێ. شیعه و سوننه هه‌میشه له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دان که ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رتاسه‌ری تۆتالیتاری هه‌میشه‌ییان هه‌بێت، وه له رێیه‌وه هه‌موو داهاتی ووڵات بۆ خۆیان به‌رن و باس له سه‌قامگیری و یه‌کێتی خاک و گه‌لی عێراق بکه‌ن. دیاره عه‌قڵی ئیتنیک عه‌قڵی خێڵه. له عێراقدا ئیتنیک وه‌ک که‌لتور و دونیا بینی بوونی نیه، به‌ڵکو خێڵ و به‌هاکانی ئه‌و بۆشاییه‌ی پڕکردوه‌ته‌وه. عه‌قڵی خێڵ پێویستی به قسه‌له‌سه‌رکردنی ئه‌نتۆپۆلۆجی زۆره. (هه‌ندێک ده‌وڵه‌تناسی فه‌ر‌نسی ئه‌م کاره‌یان کردوه له میانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یان ده‌رباره‌ی ئه‌فریقا)، له‌به‌ر ئاڵۆزی بابه‌ته‌که و جوادیی ناوچه‌که من لێره‌دا خۆمی لێ ئه‌پارێزم. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه روون بێت که عه‌قڵی خێڵ عه‌قڵی کۆمه‌ڵگایی نیه، عه‌قڵی مرۆڤ دۆستی نیه، عه‌قڵی داننا نیه به‌بوونی ئه‌ویتردا. عه‌قڵیکه تا سه‌ر ئێسقان نا مۆدرێن، نا شارستانی، نا مرۆڤانه. دیاره ئه‌مرۆی عێراق که رووپۆشێکی ئیسلامی هه‌یه، ئه‌م دیاریده‌یه‌ی هێنده‌ی تر ئاڵۆزکردوه. چونکه ئیسلام خاوه‌نی هیچ تیوره‌یه‌ک نیه ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت یان سه‌روه‌ری. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی ئه‌وه هه‌رزوو ئیسلام ببێته نێچیرێک به‌ده‌ست بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی پێش ئیسلامه‌وه. له ئه‌مرۆی عێراقدا ئیسلام روویه‌کی توندر‌وی پر توندوتیژی به‌خشێیوه‌ته ده‌سه‌لاتی خێڵ. له هه‌موو خراپتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نامرۆڤانه‌یه‌ی پیرۆزکردوه.
ئه‌مرۆ له دونیادا دیموکراسی له قه‌یراندایه، سته‌مه چاوه‌روانی ئه‌وه بکرێت له ووڵاتێکی دواکه‌وتووی وه‌ک عێراقدا، که هه‌رکه‌سه و ته‌نها بۆئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له ده‌سه‌ڵاتدابێت هه‌تا وورگ و گیرفان و بانکه‌کانی پڕکات، دیموکراسی بێته ئاراوه.
پرسیاری دوو
کور‌د که‌مینه‌یه‌کی نه‌ویستراوه له عێراقدا. خه‌ڵكی کور‌د دوور له ناوه‌ند له چیاکان ئه‌ژین. بۆیه ده‌توانرێت بوترێت که شێوازێک له ململانێ له ئارادایه ئه‌ویش ململانێی ناوه‌ند و که‌نار. ده‌توانرێت ئه‌م ململانێیه وه‌ک ته‌رازویه‌ک وێنابکرێت. هه‌تا ناوه‌ند به‌هێزبێت فشار له سه‌ر کور‌د زیاتر ده‌بێت، وه کور‌د له ئه‌نجامدا بێ‌هێزده‌بێت. که‌واته ناوه‌ندێکی به‌هێز، که ره‌نگه له ئه‌نجامی سه‌قامگیریه‌وه بێته ئاراوه، به زیانی کور‌د بشکیته‌وه. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ناوه‌ندێکی شکستخواردو به زیانی کور‌د ده‌شکێته‌وه. چونکه به هۆی ئه‌و جێگا جوگرافیه‌ی باشوری کوردوستان، عێراقی لاواز له قازانجی کوردنابێت.
پرسی ئه‌وه‌ی ئه‌ی چی به‌سه‌ر مادده‌کانی ده‌ستوردا دێت. له دۆخی به‌هێزی ناوه‌نددا ده‌ستور ده‌بێت ئه‌و ده‌ستوره‌ی که له سوریا و میسر و ئوردون و ووڵاتانی تری ناوچه‌که هه‌یه یان به‌ته‌وای وه‌لا ئه‌خرێت یان هه‌ر برگه‌یه‌کی له خزمه‌تی زیاتر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددابێت په‌یره‌و ده‌کرێت و ئه‌ویتری خۆمان خۆش.
دیاره لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به بوونی ئه‌مریکا بکه‌ین. ئایا عێراق ده‌بێته دیموکراسیه‌کی ئه‌مریکی، ئایا عێراق پرۆژه‌یه‌کی ئه‌مریکیه. ئه‌مریکای سه‌رده‌می هاتنی بۆ عێراق له گه‌ڵ ئه‌مریکای ئه‌مرۆدا جودایه. ئه‌مریکای ئه‌و سه‌رده‌مه خه‌ونی گۆرینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی هه‌بوو بۆ پێکهاته‌یه‌کی جودا. بۆ کۆمه‌ڵه ووڵاتێکی لیبرالی کراوه‌ی سه‌ر به ئه‌مریکا. هاتنی بۆ عێراق بۆئه‌وه بوو ئه‌م پلانه به‌جێ بهێنی. به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئه‌م پلانه ته‌نها به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌دا ئه‌روات. ئه‌مریکای ئه‌مرۆ له خه‌می ئه‌وه‌دایه چۆن خۆی رزگارکات. چۆن بکه‌وێته‌وه سه‌ر پێ. هه‌میشه خه‌می خۆ، زیاتر به هێند وه‌رئه‌گیرێ له خه‌می دوور. بۆیه ئه‌مرۆ له‌وه ئه‌چێت پرۆژه‌ی ئه‌مریکی ئه‌وه بێت که چۆن دۆخێکی وه‌ها بهێنرێته ئاراوه که بتوانرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ووڵاته له ده‌ستچیت بتوانرێت لێی دوورکه‌وێته‌وه. بۆیه له ئه‌مرۆدا خه‌می ئه‌مریکا سه‌قامگیریه له بڕی دیمۆکراسی. که‌مکردنه‌وه‌ی فشاره. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانرێت فشاره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی بۆ سه‌ر کور‌د لێکبدرێته‌وه.
پرسیاری سێ
وه‌ک له لێکدانه‌وه‌که‌ی سه‌ره‌وه روونمانکرده‌وه روودانی دیمۆکراسی له عێراق یانی ناردنی نوێنه‌ر بۆ په‌رله‌مان بۆ شه‌رکردن بۆ که‌مینه‌که‌یان. به پێی ئه‌م هاوکێشه‌یه هه‌تا نوێنه‌ر که‌متربێت هێز که‌متر ده‌بێت و له ئه‌نجامدا نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سکه‌وت و که‌متره. له دۆخێکی وه‌هادا کاتێک هه‌موو که‌مینه‌یه‌ک به گومانه له ئه‌ویتر، چه‌ندین دیواری ئه‌ستور له نێوان پێکهاته‌کاندا هه‌یه، ناتوانرێت ووڵاتێکی دیومکراسی بێته ئاراوه. بۆیه که‌مبوونه‌وه‌ی کورسی کور‌د بێگومان ده‌بێته هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی مافی کور‌د. لێره‌دا دیموکراسی له بڕی قازانج ده‌بێته زیان به‌خش. بۆیه له عێراقدا ده‌بێت ئه‌م تایبه‌تگیریه له به‌رچاوبگیرێت. ده‌بێ هه‌رگیز کار به‌و ئاراسته‌یه نه‌کات که عه‌ره‌ب ببنه خاوه‌نی یه‌ک هه‌ڵوێست. چونکه له بارێکی وه‌هادا کور‌د به هه‌موو شێوه‌یه‌ک زیان به‌خش ده‌بێت. یه‌کببونی هه‌ڵوێستی هه‌موو عه‌ره‌ب له دژی کور‌د هه‌میشه له ئارادایه. به پێچه‌وان‌ی ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تمه‌داره‌کانی کور‌د چاوه‌روانیان ئه‌کرد.
پرسیاری چوار
ته‌وافوق ئه‌گه‌رچی لایه‌نی تاریکیشی هه‌بوو به‌ڵام ئه‌و گرنگیه‌ی هه‌بوو که هیچ که‌مینه‌یه‌ک پشتگوێ نه‌ئه‌خرا. له پاش ته‌وافوق یاسای گه‌مه‌که ده‌گۆرێت. ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه زۆرترین ده‌سه‌ڵات له سه‌ر حیسابی ئه‌ویتر به ده‌ستده‌هێنێ. بۆیه بۆ کور‌د چه‌ند رێگایه‌ک هه‌یه: یه‌ک نابێت هه‌رگیز، هه‌تا بۆی بکرێت بچێته خانه‌ی ئۆپۆزسیونه‌وه. چونکه دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات له نه‌مانی ته‌وافوقدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌موو مافه‌کان بکه‌ونه ژێر مه‌ترسیه‌وه. دوو، ده‌بێ کور‌د جگه له کورسی و ژماره‌ی کورسی کارت تر به‌کاربهێنێت. کارتی نه‌ته‌وایه‌تی، بۆ نموونه، ئه‌مه‌ش به به‌هێز کردنی پێگه‌ی خۆ وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی جودا. به جۆرێک که حکومه‌تی ناوه‌ند ناچاربێت بکه‌وێته به‌رده‌م پرسی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر کور‌د به‌شێک نه‌بن له حکومه‌ت ئه‌وا عێراق نابێته ووڵاتێکی سه‌قامگیر. سێ ده‌بێ کور‌د له روانگه‌ی دیدی ئه‌وانی تره‌وه له عێراقدا له دۆخی سیاسی ناوخۆیدا بچێته‌وه. گه‌لیک که له چوار ملیون که‌س زیاتر ئه‌گه‌ر وه‌ک هێزێکی یه‌کگرتوو ده‌رکه‌وێت که بزانێت ویست و خواستی چیه، نوێنه‌ره‌کانی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک بن، سیاسه‌ت ببێته هه‌وڵی پێکه‌وه‌ژیانی کۆمه‌لگای کوردی ئه‌وا کور‌د ده‌بێته هێزێک که که‌س ناتوانێت پشتگوێیخات. به‌ڵام ئێمه به‌و ئاراسته‌یه‌دا نارۆین. ئێمه هه‌تا بێت شپرزه ده‌بین، گه‌نده‌ڵ ده‌بین، خه‌ڵکی کوردوستان ده‌تورێن له ده‌سه‌ڵات، دۆستی بیانی دوورئه‌که‌ونه‌وه، ئێمه هیچ به ده‌ست ناهێنێن ئه‌گه‌ر له هه‌موو روویه‌که‌وه تۆکمه‌و پڕچه‌ک و له خۆ بوردوو نه‌بین.
ده‌بێ ئه‌وه بزانین که ئێمه هه‌ستی نه‌ته‌وه بوونمان لاوازه. ده‌رفه‌تێکی باش بوو له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیا کار به‌و ئاراسته‌یه بکرایه. به‌ڵام ئێمه له‌وه ناچێت هیچ پلان و به‌رنامه و خواستمان هه‌بێت. هه‌میشه کورتبین، خه‌ڵه‌فاو، دره‌نگ به ئاگاهاتوو. دیاره خیتابی یه‌کخستنی ماڵی کور‌د له ئارادایه، به‌ڵام له راستیا بۆئه‌و مه‌به‌سته نیه که بانگه‌شه‌ی بۆئه‌کرێت. ئێمه ئه‌وه‌نده دواکه‌وتووین ناتوانین له گه‌ڵ خۆمانا هه‌ڵکه‌ین. ئێمه ده‌مانتوانی کۆمه‌ڵگایه‌ک بهێنینه ئاراوه که ناوه‌ند هه‌رگیز نه‌توانێ بیرله‌وه بکاته‌وه که جارێکی تر ئه‌توانێ ده‌ستی به‌سه‌را بگرێت، بۆیه ناچاربێت به خواسته‌کانی رازی بێت. به‌ڵام ئێمه هێشتا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به جاشبوونه‌وه‌داین. ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له رێگای هاووڵاتی بوون، رێزی ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵک، سرینه‌وه‌ی به‌ربه‌سته جوداکاره‌کان، کارکردن بۆ وێناکردی کور‌د وه‌ک یه‌ک.