بیرکردنه‌وه له ده‌وڵه‌ت 2: هابرماز و تیوره‌ی بواری گشتی
سه‌ردار عه‌زیز
یورگن هابرماز، یه‌کێکه له هه‌ره ناسراوترین کۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفه‌کانی ئه‌مرۆی ووڵاتی ئه‌ڵمانیا. له هه‌مانکاتدا یه‌کێکه له دوا بیریاره‌کانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت. ئه‌م قوتابخانه‌یه که چه‌ندین ناوی گه‌وره له خۆی ئه‌گرێت وه‌ک ئه‌دۆرنۆ، هۆرکهایمه‌ر، مارکێزه و چه‌ندانی تر، زیاتر به تیۆره‌ی ره‌خنه‌گرانه (کریتیکاڵ تیوری) ناسراوه. فه‌یله‌سوفانی ئه‌م قوتابخانه‌یه ره‌نگه هه‌ریه‌که و له بوارێکی تایبه‌تی خۆیدا کاریکردبێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی لاواز‌و گشتی پێکه‌وه‌یان ئه‌به‌ستێ ئه‌وه‌یه که هه‌ر هه‌مویان هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی مارکسیزمیان داوه بۆ بواری که‌لتور، که‌ڵچراڵ مارکسیزم.
من له‌م نووسینه‌مدا ئاره‌زووی ئه‌وه‌م نیه که زیاتر قسه له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت بکه‌م چونکه ئه‌وه به بابه‌ت و دوو بابه‌ت ته‌واو نابێت. ئه‌وه‌ی زیاتر من حه‌زئه‌که‌م قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م هابرمازه به تایبه‌ت تیوره به ناوبانگه‌که‌ی که به تیوره‌ی بواری گشتی ناسراوه له‌لایه‌ک و وه‌ک هه‌میشه کاریگه‌ری له سه‌ر پانتایی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه له سه‌ر ده‌وڵه‌ت. قسه‌کردن له سه‌ر هابرماز ئاسان نیه، چونکه ئه‌و به زمانێکی چروپر د‌ه‌نووسێت و شاره‌زایی منیش بۆئه‌و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی که وه‌رگێراونه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و چه‌ند کۆرسێکی تایبه‌ت له زانکۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر تیوره‌ی بواری گشتی ده‌بێ هه‌ندێ پێشینه‌ی پێویست روونکه‌ینه‌وه که یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ تێگه‌یشتنێکی تۆکمانه تر ده‌رباره‌ی هابرماز و تیوره‌که‌ی. به تایبه‌ت هابرماز وه‌ک ناوێک به بواری رۆشنبیری کوردی ناسراوه به‌ڵام وه‌ک تێگه‌یشتنێک هێنده نه‌ناسراوه یان به‌لانی که‌م هیچ نه‌ناسراوه. ئه‌وانه‌ش تائێستا هه‌وڵێان دابێ بۆ قسه‌کردن یان خواستنی دێرێک یان دوو دێر له بابه‌ته‌کانی ئه‌و نه‌یانتوانیوه پوخته‌و ناوه‌رۆکی تیوره‌که‌ی ئه‌و به خوێنه‌ر بناسێنن. ئه‌م ده‌رده وه‌ک په‌تایه‌ک زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفان و بیریارانی تری گرتوه‌ته‌وه. په‌یوه‌ندی ئێمه له گه‌ڵ بیردا وه‌ک په‌یوه‌ندی وایه له گه‌ڵ شتومه‌ک و به‌رهه‌مه ته‌کنه‌لۆژیه‌کاندا، به‌کاریدێنن، زۆرجار سه‌قه‌تانه، کۆپی ئه‌که‌ین، خۆمان ئه‌که‌ینه خاوه‌نی، که‌چی له هه‌مانکاتدا هیچی ده‌رباره نازانین. په‌یوه‌ندی رۆشنبیران و فیکری رۆژئاوا و کاریگه‌ری له سه‌ر ره‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، کۆمه‌ڵگای ئێمه، بوارێکه قسه‌ی زۆر هه‌ڵئه‌گرێت. بۆ قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌م بواره و نه‌هامه‌تیه‌کانی له داهاتودا ده‌گه‌رێمه بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر بیری رۆژئاوا‌و ئینتلجینسیای رۆژهه‌ڵات به به‌راوردکردنی کۆمه‌ڵی بیریاری ئه‌فریقی و کورد. چونکه گه‌ڵانی ئه‌فریقا به‌ده‌ست هه‌مان کێشه هاوشێوه‌کانی کوردوستانه‌وه ده‌ناڵێنن.
یه‌کیک له پێشینه گرنگه‌کان ئه‌وه‌یه که هابرماز، هێشتا خۆی سه‌ر به مۆدێرنه له قه‌ڵه‌م ئه‌دات. به بروای ئه‌و مۆدێرنه پرۆژ‌یه‌کی ته‌واو نه‌بووه، به‌و مانایه هه‌میشه له نوێبوونه‌وه‌دایه و د‌توانێ خۆی نوێبکاته‌وه، به تایبه‌ت به هۆی سه‌روه‌رێتی عه‌قڵ. هه‌ر ئه‌م تێروانینه بوو که ده‌مه‌قاڵه‌یه‌کی زۆری نایه‌وه له‌نێوان ئه‌و[هابرماز] و فه‌یله‌سوفی دژه مۆدێرنه میشێل فۆکۆدا. به‌ڵام مانای چیه هێشتا داکۆکیکه‌ری مۆدێرنه بیت. مۆدێرنه چه‌ند سیفه‌تێکی تایبه‌تی هه‌یه، له نێو ئه‌م سیفه‌تانه‌دا، برواکردن به‌توانای بێپایانی عه‌قڵ، به‌جۆرێک وه‌ک ئیمانوئێل کانت ده‌ڵی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵه‌وه نیه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه یه‌کێک بێت له سیفه‌ته هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی مۆدێرنه و رێنێسانس ئه‌وا سیفه‌تێکی تر ئه‌وه‌یه که مرۆڤایه‌تی هه‌رده‌م له گه‌شه‌دایه به‌ره‌و باشی ئه‌مه‌ش له رێگای زانست و عه‌قڵه‌وه فه‌راهه‌م ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده زانست و لایه‌نه تاریکه‌کانی ئه‌مانباته‌وه قسه‌کردن له سه‌ر ماکس ڤیبه‌ر، به‌ڵام هابرماز له‌وه به ئاگایه که زانین و زانست ته‌نها به‌وه‌وه ناوه‌ستن له دیاریده‌کان بکۆڵنه‌وه و لێیان تێبگه‌ن به‌ڵکو وه‌ک ئه‌دۆرنۆ و هۆرکهایمه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌که‌نه‌وه زانست ئاره‌زووی کۆنترۆلکردنی سروشت و مرۆڤیشی هه‌یه. هه‌ربۆیه هابرماز داوا له تاکه‌کان ئه‌کات که هه‌میشه به ئاگابن و خۆیان له بواری عه‌قڵ و تێگه‌یشتنه‌وه پڕ چه‌ک که‌ن بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌بن که له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نێک بتوانن ئارگویمێنت بکه‌ن. چونکه لای هابرماز ئارگویمێنت یان ململانێ له‌بواری عه‌قڵیدا له‌رێی زمانه‌وه ته‌نها رێگایه بۆ چالاک بوون و به‌شداریکردن له بواری گشتی دا.
بۆیه به ئاسانی ده‌توانین بڵیین هابرماز سه‌ر به پۆلی فه‌یله‌سوفانی، نیوکانت، یان کانتیه نوێکانه. هه‌ربۆیه کاتێک کانت ده‌ڵی موناقه‌شه بکه و ئارگومێنتت هه‌بێ به‌ڵام هه‌میشه گوێرایه‌ڵ به. ئه‌مه به‌و مانایه دێت هه‌رگیز توندوتیژی به‌کارمه‌هێنه، شۆرشکردن و شۆرشگێران کارێکی خراپه، حکومه‌ت یان ده‌سه‌ڵات هه‌میشه مافی هه‌یه که دژ به هه‌موو کارێکی توند و تیژی بوه‌ستێته‌وه چونکه کارێکی ناعه‌قڵانیه. لێره‌وه تاکی هابرمازیانه بۆئه‌وه‌ی بتوانێ که‌سێکی چالاک بێت یان هاوڵاتی بێت ده‌بێ عه‌قلانی بێت، رۆشنبیربێت، به ئاگابێت، به‌شداربێت له بواره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانا.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین لای هابرماز دیموکراسی ته‌نها سیسته‌مه و به‌هیچ جۆرێک ئه‌لته‌رناتیڤی نیه. له نێو دیموکراسیدا تاکه‌کان له کاتی هه‌بوونی بواری گشتی و ئازاد‌دا ده‌توانن بابه‌ته رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بگوێزنه‌وه بۆ ئاستی خیتاب، دیسکۆرس. کاتێک هه‌ر کێشه‌یه‌ک گه‌شته ئاستی خیتاب ئه‌وا تاکه‌کان له‌لایه‌ک و ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ک ده‌که‌ونه گفتوگۆ و له ئه‌نجامدا هه‌ردوولا ده‌گه‌نه ئاستێکی رێک یان به‌لانس. ئه‌مه رووئه‌دات چونکه به بروای هابرماز ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵات کێشه‌ی یاسایی بوونی هه‌یه. کێشه‌ی یاسایی بوون مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت هه‌میشه پێویستی به هاووڵاتیانیه‌تی بۆئه‌وه‌ی ببێته ده‌زگایه‌کی خاوه‌ن شه‌رعیه‌ت و یاسایی. چونکه له دیموکراسیدا به پێچه‌وانه‌ی سیسته‌مه‌کانی تر ته‌نها خه‌ڵک سه‌روه‌ره. بۆیه ده‌وڵه‌ت هه‌میشه ناچاره یان پێویسته شه‌رعیه‌تی بوونی له هاووڵاتیانیه‌وه وه‌رگرێت ئه‌گینا هه‌رزوو ده‌بێته ده‌وڵه‌تێکی ناشه‌رعی. به‌لای هابرمازه‌وه ئه‌م شه‌رعی بوونه بۆ ده‌وڵه‌ت هێجگار گرنگه بۆیه ده‌وڵه‌ت هه‌میشه ناچاره بگه‌رێته‌وه بۆ هاووڵاتیانی و له‌گه‌ڵیاندا بکه‌وێته گفتوگۆ.
هه‌رئه‌مه وه‌های له هابرمازکرده‌وه که دوو کاتۆگۆری دیاریکات یه‌که‌م کاتاگۆریا ژیانی دونیاییه، که مه‌به‌ست لێی ئه‌و چالاکیه رۆژانه‌یه که تاکێک ئه‌نجامی ئه‌دات و هه‌وڵئه‌دات مانای پێببه‌خشی. ئه‌م چه‌مکه هێنده نوێ نیه چونکه له چه‌مکه‌کانی تری هایدگه‌ر و هۆسرێل ئه‌چێت به تایبه‌ت چه‌مکی بوون له دونیادا لای هایدگه‌ر له کتێبی بوون و کات. کاتاگۆری دووه‌م هابرماز پێی ده‌ڵێت سیسته‌م، که مه‌به‌ستی لێی ده‌سه‌لات و پاره و ده‌وڵه‌ته. به لای هابرمازه‌وه سیسته‌م ژیانی دونیای ، لایف ۆۆرڵد به ئینگلیزی و لیبنسڤێلت به ئه‌ڵمانی، کۆڵۆنیکردوه.
ئه‌م داگیرکردن یان کۆڵۆنیکردنه له چه‌ند روویه‌که‌وه رووئه‌دات، وه‌ک به بیرۆکراسی بوونی ده‌وڵه‌ت و ئاڵۆزبوونی، میدیا، بازار، به تایبه‌ت له سه‌رده‌مێکا که مرۆڤه‌کان له مافه‌کانی هاووڵاتی بوونی خۆیان ده‌ستبه‌ردارئه‌بن و ده‌بنی کریار یان کۆنسیومه‌ر. کرینیش پرۆسه‌یه‌کی ناکۆتایه له سیسته‌می که‌پیتالیزما چونکه هه‌میشه ئێمه له کاری کرینی ناپێویستداین ئه‌گه‌ر له هێربرت مارکۆزه‌وه چه‌مکێک قه‌رزکه‌ین. مه‌به‌ست له کرینی ناپێویست ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌میشه له رێگایی رێکلامه فریوئه‌درێین که گوایه هه‌میشه پێویستمان به زۆرشت هه‌یه، که له کاتێکا ژیانمان باشتر ئه‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌مان نه‌بێت. مه‌به‌ستی که‌پیتالیزم له‌مه ئه‌وه‌یه که بازار ده‌بێت هه‌میشه به‌رد‌وام بێت ئه‌گینا شکست دێنێت. ئه‌مه وه‌هایکرده که بواری بازار و شتومه‌ک له هه‌مووشتێ زیاتر کاتی تاک بگرێت و بواری ئه‌رکه‌کانی تر که‌مکاته‌وه. هه‌ندێک بروایان وایه ئه‌مه پلانێکی دارێژراوه دژ به ئازادی هاووڵاتیان، چۆمسکی زیاتر لایه‌نگری ئه‌م بیرورایه‌ن.
ئێستا ئه‌گه‌ربێینه سه‌ر چه‌مکی بواری گشتی. بواری گشتی به پێچه‌وانه‌ی بواری تایبه‌تیه. ئه‌م بواره بریتیه له ئه‌و جێگایانه‌ێ که تاکه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی شوێنه تایبه‌ته‌کانی خۆیانه‌وه له گه‌ڵ ئه‌وانی تردا کۆئه‌بنه‌وه، به‌ریه‌کئه‌که‌ون، یه‌کترئه‌ناسن، شت و کێشه‌ی ئه‌وانی تریان به‌رگوێئه‌که‌وێت، کێشه هاوبه‌شه‌کانیان به‌شئه‌که‌ن، پێکه‌وه بیر له گۆران و چاره‌سه‌رئه‌که‌نه‌وه، بروا به‌یه‌کتری په‌یدائه‌که‌ن، ئه‌مانه وه‌ها ئه‌کات که له نێوانیاندا ناوه‌ند پێک‌بێت. ئه‌م ناوه‌نده وه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش پێکه‌وه‌یان ئه‌به‌ستێت وایان لێئه‌کات له پێناوی ئامانجێکی هاوبه‌شا پێکه‌وه کاربکه‌ن. بۆنموونه کارکردنی کرێکاران پێکه‌وه له کارگه‌یه یان کۆمپانیایه‌ک وه‌هایان لێئه‌کات که له یه‌کنزیک ببنه‌وه و له خه‌م و ده‌رده‌سه‌ریه‌کانی یه‌کتر به ئاگابن. ئه‌مه وه‌هاییکرد کاتێک له شۆرشی پیشه‌سازی له به‌ریتانیا کرێکاره‌کان له بوارێکا پێکه‌وه کاریانده‌کرد پاشان پارتی کرێکارانیان هێنایه گۆرێ. ئه‌م تێروانینه به پێچه‌وانه‌ی مارکسه. لای مارکس ئازاره‌کانه وه‌ها له کرێکاران ئه‌کات که یه‌کبگرن و راپه‌رن. هه‌ستکردن به ئازار و شۆرش زیاتر کاری کردار و په‌رچه‌کردارن که دوورن له بواری بیرکردنه‌وه و پلان و رێکخستن و ئارگویمێنتی عه‌قڵی.
ئه‌مرۆ بواری گشتی ته‌نها ئه‌و شوێنی کار و چاخانه و قاوخانه و ئه‌و جێگایانه نیه به‌ڵکو بوارێکی هه‌ره‌گرنگ که هاتوه‌ته کایه‌وه شوێنی ناشوێنه. مه‌به‌ست له‌مه ئه‌و پانتاییانه‌یه که له بواری نوسین و رۆژنامه و له هه‌مووی گرنگتر ئینته‌رنێته. له‌م بوارانه‌دا کێشه‌کان به‌رچاوده‌خرێن، رایه‌ڵ ده‌کرێن، بیروراجیاوازه‌کان ده‌گوێزرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به ئاگابوون، عه‌قڵانی بوون، گه‌شه‌کردنی ئارگویمێنت، پاشان گه‌شه‌ی دیموکراسی. له‌م دوایانه‌دا ئه‌م بواره راسته‌وخۆ که‌وته ژێر مه‌ترسیه‌وه به تایبه‌ت به ناوزه‌دکردنی به پانتایی زمانی زبر. له شوێنێکی تردا زمانی زبرمان له روانگه‌ی لیبراڵه‌وه خوێندوه‌ته‌وه به‌م زوانه بڵاوی ئه‌که‌ینه‌وه.
چی ئه‌توانین له هابرمازه‌وه فێربین بۆ کۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌تی کوردی. دیاره هابرماز کۆمه‌ڵگای رۆژئاوا بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌کانیه‌تی، کۆمه‌ڵگایه‌ک که ئازادی بواری گشتی ته‌نیوه وه ئازادیه‌کانی بیرکردنه‌وه و راده‌ربرین و خۆپێشاندان و رێکخستنی کۆمه‌لگا و حیزب و ئه‌وانی تر له هه‌موو جێگایه‌کی تر زیاتر له دونیادا به‌رقه‌ران. به‌لام سه‌رباری ئه‌مانه هابرماز و بیری هابرماز به‌سودده‌بێت بۆ بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه له کۆمه‌ڵگاو هه‌روه‌ها له ده‌وڵه‌ت.
سه‌روه‌رێتی خه‌ڵک. ئه‌م خاڵه تا راده‌یه‌کی زۆر به بایه‌خه، چونکه تا ئێستا زۆر نوێیه له بیری رامیاری ئێمه‌دا. له کۆمه‌ڵگای ئاینیدا ده‌وڵه‌ت سه‌روه‌ری له خواوه وه‌رده‌گرێت. له ده‌وڵه‌تی فیوداڵدا سه‌روه‌ری بۆ پاشا و میره‌کانه. به‌ڵام ته‌نها له دیموکراسیدا سه‌روه‌ری بۆ هاووڵاتیانه. بوونی هاووڵاتی به سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌وڵه‌ت، یه‌کێکه له خاڵه گرنگه‌کان. ده‌وڵه‌ت له رۆژهه‌ڵات له دۆخێکی نارسیسیانه‌ی زۆر قووڵدا ئه‌ژی. به داخه‌وه تا ئاستێکی زۆریش ئه‌م ده‌وڵه‌تۆکه بچکۆله‌ی خۆشمان. نارسیسیم به مانای ئه‌وه هه‌میشه به شان و باڵ و شکۆمه‌ندی خۆ‌یا هه‌ڵئه‌دات، هه‌رگیز ناتوانی که‌سێ تری جگه له‌خۆی خۆش بووێت. ئه‌م نارسیسزمه‌یه بواره‌کانی گشتی و بیرکردنه‌وه و راده‌ربرین و په‌یوه‌ندیکردنی ته‌سککردوه‌ته‌وه. ده‌وڵه‌تی نارسیست، که ره‌نگدانه‌وه‌ی که‌سه ناریسیسته‌کانیه‌تی، زوو توره‌ده‌بێ، هه‌رزوو دڵی ده‌شکێ، هه‌ر خێرا هه‌ست به که‌می ئه‌کات، ناتوانێ دان به بوونی ئه‌وانی ترابنێت، ناتوانێ گوێگربێت، هه‌رکاتێ گوێی له زمانی زبربوو ئیتر جامی غه‌زه‌بی پڕده‌بێ. ئه‌م ده‌وڵه‌ته ناتوانێ دیموکراتی بیت. ناتوانێ کێشه‌کان بگواستێته‌وه بۆ بواری خیتاب و له گه‌ڵ هاووڵاتیانیا بکه‌وێته گفتوگۆ. ده‌وڵه‌ت به شێوه‌ی جوراوجۆر له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانیا ده‌که‌وێته گفتوگۆ، هه‌ر دیاریترینیان شێوازی ریفراندۆمه. لێره له‌ووڵاتی ئایرله‌ندا له ده‌ستوری ئایرله‌ندیدا جێگیره ئه‌گه‌ر هه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا نه‌گونجا، یان پێویستی به گۆرانی ده‌ستور کرد ، ئه‌وا ته‌نها له رێگای ریفراندۆمه‌وه ده‌ستور چاکده‌کرێت یان ده‌گۆردرێت.
دیموکراسی سیسته‌مێکی تا بڵێی ئاڵۆز و ناسکه، له خه‌سڵه‌ته دیارییه‌کانی ئه‌وه‌یه که زۆر به گرانی دێته دی و زۆر به ئاسانی له ده‌ست ده‌چێت. بۆیه ده‌بێ هه‌میشه ئاگاییه‌ک هه‌بێت له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتیانه‌وه که ئایا هێشتا ده‌وڵه‌ته‌که‌یان شه‌رعیه، ئایا هێشتا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی کۆمه‌ڵگا لێی رازین. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ده‌بێت هه‌ر زوو به دوای شه‌رعیه‌تی خۆیدا بگه‌رێت و له گه‌ڵ هاووڵاتیانیا بکه‌وێته گفتوگۆ.
لایه‌نێکی تر له بیر هابرماز ئه‌وه‌یه که بواربدرێت بواری گشتی بێته کایه‌وه. بواری گشتی له کۆمه‌ڵگای کوردیا زۆرلاوازه. هۆکاری ئه‌و لاوازیه زۆرن به‌ڵام به‌گشتی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نه‌بوونی دیموکراسی، گه‌شه‌نه‌کردنی زانست، باڵاده‌ستی ئاین، نه‌بوونی سێکیولایزم. هه‌ردوو زلحیزبه کوردیه‌که هه‌رچه‌نده ده‌یانه‌وێ له ئه‌مریکاوه نزیکبن به‌ڵام رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر و زیاتر به شێوازی چینی حوکم ئه‌که‌ن. شێوازێک که حیزب بواری تایبه‌ت و بواری گشتی تابینه‌قاقه ئاخنیوه. نه له سه‌ر کار نه له پارک نه له زانکۆ بوار نیه بۆ دروستبوونی ئارگویمێنتێکی بونیادنه‌ر که عه‌قڵ تیاباڵا ده‌ست بێت. ئێستاش زۆربه‌ی قسه‌کردن له کوردوستان له بواری گشتیا یان ده‌رباره‌ی کێ باشه و کێ خراپه یان ده‌رباره‌ی شت و مه‌که بێبه‌هاکانه. له کاتی گه‌رانه‌وه‌م بۆ کوردوستان مایه‌ی سه‌رسورمان بوو کاتێک خه‌ڵکی ئه‌و هه‌موو کات و ووزه و بیرکردنه‌وه‌ی ته‌رخانده‌کرد بۆ مۆبایله‌که‌ی.
کێشه‌یه‌کی تر که هابرماز ده‌توانێ یارمه‌تیمان بدات ئه‌وه‌یه، بۆچی کۆمه‌ڵگای ئێمه له هه‌موو بوارێکا خه‌ریکی مانگرتنه که‌چی له هه‌مانکاتدا بروایه‌کی ئاینیانه‌ی به حیزبه‌کان هه‌یه. ئه‌گه‌ر حیزبه کوردیه‌کان له قه‌یراندان ئه‌وا ئه‌رکی خه‌ڵکه له قه‌یران رزگاریانکات، به‌ڵام له کوردوستان له‌به‌ر سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی خه‌ڵک و تاک، خه‌ڵک زیاتر مه‌رن تا مرۆڤ. هه‌ربۆیه که حیزب توشی قه‌یران ده‌بێت هه‌ر زوو له‌گه‌ڵیشیا کۆمه‌ڵگا توشی قه‌یران ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که ئێمه له قۆناغی پێش مۆدێرنه‌دا ئه‌ژین. له به‌رامبه‌ر رووداوه‌کاندا هه‌ڵئه‌چین و سوزمان زاڵده‌بێت. دیاریده‌ی مه‌رگی دۆعا و ئه‌و هیستریایه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا کاری وه‌ها له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا رووینه‌دابێت. چی له مه‌رگی درندانه زیاتر ئاشنایه به کۆمه‌ڵگای ئێمه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ببێته وه‌دیهێنانی خیتابێکی کۆمه‌ڵایه‌تی رامیاری هێمن که کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و تێگه‌یشتنی زیاتر ببات ئه‌وه پۆزه‌تیفه به‌ڵام ئه‌گه‌ر تسونامی هه‌سته‌کان به شیعر و ئینشاکانیانه‌وه هه‌موو کون که‌له‌به‌رێک پڕکه‌ن و هه‌ر زوو دابمرکێنه‌وه بێئه‌وه‌ی هیچ له پاش خۆیان به‌جێبهێڵن، ئه‌وا ئه‌وه‌ی رووئه‌دات جگه له جۆرێکی پۆستمۆدێرنه‌ی باوکه رۆ و رۆڵه رۆ هیچیت ترنیه.
ره‌هه‌ندێکی تری فیکری هابرماز ئه‌وه‌یه که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌کاته‌وه که له نێوان ژیانی دونیایی و سیسته‌مدا پانتاییه‌ک هه‌یه که ده‌کرێت ببێته جێگای له دایکبوونی رێکخراوه کۆمه‌لایه‌تیه‌کان. رێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که یه‌کیکن له کۆڵه‌که بنه‌ره‌تیه‌کانی دیموکراسی به کۆمه‌ڵگای ئێمه نامۆن. کۆمه‌ڵگای ئێمه به هه‌موو ئه‌و یانه جۆراوجۆرانه نامۆیه که کۆمه‌ڵاگی رۆژئاوای ته‌نیوه. یانه‌ی کتێب خوێندنه‌وه بۆ نموونه. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک پێکه‌وه مانگی جارێک له ماڵێکا کۆئه‌بنه‌وه بۆ لێکۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی کتێبێکی تایبه‌ت که هه‌ر هه‌موویان خوێندویانه‌ته‌وه. یانه وه‌رزشیه جۆراوجۆاره‌کان ، یانه خێرخوازیه‌کان، یانه‌ی پاک راگرتنی گه‌ره‌ک و چه‌نده‌ها یانه‌ی جۆراوجۆری تر. رۆبرت پۆتنام کۆمه‌ڵناسی ئه‌مریکی ناسراو که له زانکۆی هارڤه‌رد وانه ئه‌ڵێته‌وه له کتێبه به ناوبانگه‌که‌یا (بۆڵنگ به ته‌نها) که له کاتێکا بۆڵنگ ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردابێت، باسی ئه‌م دیاریدانه ئه‌کات. ئه‌م رێکخراوانه مه‌رج نیه ته‌نها له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیابن به‌ڵکو د‌ه‌کرێ ببنه سیاسیش، به‌تایبه‌ت کاتێک کۆمه‌ڵێ خه‌لکی خاوه‌ن کێشه‌یه تایبه‌ت یان سه‌ر به‌شوێنێکی تایبه‌ت ده‌ردو مه‌ینه‌تیه تایبه‌تیه‌کانیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه گوێی لێناگیرێ ئه‌وا ده‌توانن رێکخراوی تایبه‌ت به خۆیان پێک‌بێنن بۆ به‌دیهێنان و داکۆکیکردن له کێشه‌کانیان. دیاره ره‌نگه له کوردوستان ژماره‌یه‌کی بێ‌شومار رێکخراو هه‌بێت که هیچ شتێک ئه‌نجام ناده‌ن و زۆربه‌یان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه بیانیه‌کانه‌وه پێکهێنراون، به‌لام ئه‌وانه‌ی کاری تیائه‌که‌ن جگه له فیزلێدان به سه‌ر خه‌ڵك و خۆبه‌زلزانین و خۆبه ئه‌وروپی زانین و شتی پوچی تری له‌م جۆره هیچی تریان له ده‌ستنایه‌ت. له باشترین باردا نه‌بوونیان سودی زیاتره چونکه سه‌رچاوه‌یان له تێگه‌یشتن و پێویستی خه‌ڵکه‌وه نیه به‌ڵکو بونیادێکی کۆڵۆنین، زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌کانی مه‌به‌ستیان پاره‌په‌یداکردنه. له کۆتایدا ئه‌گه‌ر دیموکراسیمان ده‌وێ ده‌بێ به‌رده‌وام بێ‌وچان کاری بۆبکه‌ین، ئه‌گینا هه‌رگیز پێی شادنابین. ئه‌م کارکردنه ده‌کرێت ببێته به‌شێک له کاری و ژیانی رۆژانه‌مان. کاتێک فه‌ره‌نساویه‌کان رێگه‌یان به ئازادی راده‌ربریندا له ووڵاتی سنیگاڵ له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ئه‌وا بووبه هۆی دیموکراسی بوونی ئه‌و ووڵاته بۆیه ئه‌مرۆ سینیگال له هه‌موو ووڵاتێکی ئه‌فریقی زیاتر سه‌قامگیرتره.
No comments:
Post a Comment