نووسه‌رو لیَكۆڵه‌ر سه‌ردار عه‌زیز بۆ كوردستانى نویَ:ئه‌مریكا باش ئاگاداره جگه له‌كورد هیچ لایه‌نیَكی تر نییه دۆستیان بیَت
له‌دواى روداوى(11ى سیَپته‌مبه‌ر)ه‌وه ئیدى دنیا شیَوه‌یه‌كى دیكه‌ى وه‌رگرت و ئه‌مریكا وه‌ك هه‌میشه‌و تاكه هیَز هه‌ندیَ هاوكیَشه‌ى گۆرِى و هاوكیَشه‌ى دیكه‌ى له‌جیهاندا دروستكرد‌و رووخانى رژیَمى تاڵیبان و رژیَمه‌كه‌ى سه‌دامى به‌دواداهات، كوردیش له‌م سه‌رده‌مه نویَیه‌ى سیاسه‌تى جیهانیداو له‌په‌یوه‌ندى خۆیدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا رۆڵیَكى دیارى به‌ركه‌وتووه‌و له‌ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاست حسابیَكى دیار‌و به‌رچاوى بۆ ده‌كریَت. بۆ زیاتر شاره‌زابوون له‌بیركردنه‌وه‌ى ئه‌مریكاو ئاسۆكانى په‌یوه‌ندیى نیَوان كورد‌و ئه‌مریكاو سیاسه‌تى تازه‌ى جیهانى ئه‌م چاوپیَكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵ رۆشنبیرى تاراوگه‌و خویَندكارى ماسته‌رى زانكۆى(كۆك) له‌ئیَرله‌نده‌و شاره‌زا له‌بوارى ئه‌مریكاناسیدا(سه‌ردار عه‌زیز) سازكرد.گفتوگۆی: هیَمن مه‌حمود*سیستمى نویَى جیهانى كه‌ئه‌مریكا رابه‌رایه‌تى ده‌كات و دیموكراسى و جیهانگیرى كردووه‌ته دروشمى خۆى واده‌رده‌كه‌ویَت كه‌ئیَستا له‌پاشه‌كشه‌دا بیَت، ئه‌وه‌تا ده‌بینین ئه‌مریكا له‌عیراقدا به‌ده‌ست چ گرفتیَكه‌وه ده‌ناڵیَنیَت و ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ى كه‌كۆندۆلیزارایس بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاستى گه‌وره كیَشاى له‌بیرى هه‌مووان چووه‌ته‌وه‌و ئیَرانیَكى ئه‌تۆمى له‌ده‌ركه‌وتنایه‌و له‌برى دیموكراسى و پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادى زیاتر، تیرۆر‌و تۆقاندن و شه‌رِى مه‌زهه‌بى و ناسنامه‌ى جیاواز باڵاده‌سته، به‌راى تۆ ئاینده‌ى ئه‌م سیستمه به‌ره‌وكویَ ده‌رِوات؟- ئاینده‌ی ئه‌م سیستمه به‌ره‌وكویَ ده‌رِوات؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریَكی وائاسان نییه. له‌به‌ر ئاڵۆزیی سیستمی نیَوده‌وڵه‌تی و ئه‌و گۆرِانه خیَرایه‌ی به‌سه‌ر پۆله‌تیكدا دیَت. ئه‌م پرسیاره ته‌نها له‌لای ئه‌وانه‌وه ئاسانه وه‌ڵامبدریَته‌وه كه‌هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیایه‌كن ئیتر ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ته‌بان یان دژى ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره، دیموكراسی وه‌ك دروشمیَك یان وه‌ك به‌هایه‌ك له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا هه‌رگیز ئه‌و چه‌مكه ئاسانه نه‌بووه كه‌به‌رگویَ ده‌كه‌ویَت. به‌مانایه‌كی تر دیموكراسی له‌لایه‌ن گه‌لانی تره‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌جۆریكیَ زۆر جیاواز ده‌بینریَت و لیَكده‌دریَته‌وه له‌وه‌ی كه‌ئه‌مریكا مه‌به‌ستییه‌تی. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی وای له‌ئه‌مریكا كردووه دیموكراسی بكاته دروشمیَك چه‌ند پیَكهاته‌یه‌كی میَژوویی و رامیارییه پیَش هه‌موو شتیَك ئابوورییه. بۆیه چه‌مكی دیموكراسی چه‌مكیَكه كه‌پیَویسته له‌دیدی جیاوه ببینریَت و له‌تیَگه‌شتنه جیاوه‌زه‌كانی ئاگاداربین، ئه‌گه‌ر بیَین تۆزیَك به‌زه‌قیی قسه‌بكه‌ین ده‌ڵیَین دیموكراسی لای حكومه‌تی ئه‌مریكی ئامانج نییه، به‌ڵكو ئامرِازه، كاتیَك دیموكراسی ده‌بیَته ئامرِاز ئه‌وا ئامانج گرنگی زیاتر په‌یداده‌كات. وه‌ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامرِازه ئامانجی مه‌به‌ستی به‌ده‌ست نه‌هیَنا ئه‌وا ده‌بیَ بگۆرِدریَت، چونكه وه‌ك وتمان ئامانج باڵاده‌ستتره له‌ئامرِاز. ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ك وه‌ربگرین؛ ئه‌مریكا هه‌میشه پاڵپشتی هه‌ڵبژاردن بوو له‌فه‌له‌ستین، به‌ڵام كاتیَك هه‌ڵبژاردن بووبه‌هۆی سه‌ركه‌وتنی گروپیَكی تیرۆریستی وه‌ك حه‌ماس ئه‌وا ئه‌مریكا خیَرا پاشه‌كشه‌ی لیَكرد. لیَره‌دا رووبه‌رِووی دوو قوتابخانه له‌بیركردنه‌وه ده‌بینه‌وه یه‌كه‌م، پاریَزه‌ره نویَكان كه‌گیَڵانه دیموكراسییان به‌ده‌رمانی ده‌ردان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، قوتابخانه‌ی دووه‌م قوتابخانه‌ی ریالیزمه كه به‌گشتی دیموكراسی به‌سه‌رچاوه‌ی قه‌یران له‌و ناوچه‌یه‌دا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، دیاره به‌پاشه‌كشه‌ی پاریَزه‌ره نویَكان ریالیزمه‌كان هاتنه‌وه مه‌یدان و بانگه‌شه‌ی دیموكراسیش پاشه‌كشه‌ی كرد. كه‌واته دیموكراسی وه‌ك دروشمیَك بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه میانیَك بوو بۆ ساته‌وه‌ختیَك هاتوو هه‌رزوو، پیَش ئه‌وه‌ی پیَی بڵیَین كشه كشه پۆپه ره‌شه وون بوو. به‌داخه‌وه ئه‌م تیَزه زۆر ئاشكرابوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، نووسه‌رانی نوم چۆمسكی و ئه‌وانی تر ده‌قی زۆریان له‌سه‌ر نووسیوه، به‌ڵام سه‌ره‌رِای ئه‌مه ئیشكالییه‌تیَكی تر له‌مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌ویش دیدی ئیَمه‌یه بۆ دیموكراسی. ئه‌م دیده‌ی ئیَمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژیَرده‌ست دیدیَكی كه‌گوایه دیموكراسی دژ به‌دیكتاتۆرییه‌ت و پاڵپشتی خه‌ڵك ده‌بیَت. ئه‌م دیده له‌گه‌ڵ دیدی ئه‌مریكا بۆ دیموكراسیدا ناگونجیَ. وه‌ك وتمان لای ئه‌مریكا دیموكراسی ئامرِازه بۆ به‌دیهیَنانی مه‌به‌ستیَك ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مه‌رج نییه هه‌میشه مه‌به‌ستیَكی دیموكراسییانه بیَت. بۆ نموونه له‌هه‌ناوی چه‌مكی دیموكراسیدا كۆمه‌ڵیَك چه‌مكی تر هه‌یه كه‌زیاتر مه‌به‌سته وه‌ك نیولیبرالیزم، سه‌رمایه‌داری، بازارِی ئازاد، گلۆبالیزم، كه‌هه‌موویان له‌رِیَگای ده‌زگا تۆكمه‌و گه‌وره‌كانه‌وه وه‌ك (imf)، بانكی نیَوده‌وڵه‌تی، ده‌زگای تره‌وه به‌رِیَوه‌ده‌بریَن و چاودیَری ده‌كریَن. له‌هه‌ر وڵاتیَكدا كه‌ئه‌م پلانانه به‌ریَوه‌چووبیَت زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له‌سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتی خۆیان بیَبه‌ش بوون. ئه‌م سیستمه حكومه‌ت كورت ده‌كاته‌وه بۆ ده‌زگایه‌كی پۆلیس و سه‌ربازی دادگا. له‌رِیَی ئه‌مه‌وه ریَگا خۆش ده‌كات بۆ سه‌رمایه‌داری جیهانی بیَت و له‌ریَی كریَكاری هه‌رزان و ماده‌ی خاوی بیَ به‌رامبه‌ره‌وه وڵات تاڵان بكات، له‌هه‌مانكاتدا ده‌وڵه‌ت به‌پیَی ریَساكانی بانكی نیَوده‌وڵه‌تی ده‌بیَ له‌خزمه‌ته‌كانی بۆ هاووڵاتیانی كه‌م كاته‌وه، بۆنموونه ده‌بیَ داوده‌رمان به‌پاره‌بیَت، خویَندن به‌پاره‌بیَت، زۆری تریش. بۆیه تیَرِوانیَنی ئه‌مریكی بۆ دیموكراسی مه‌رج نییه هه‌میشه له‌گه‌ڵ خواست و ئاواتی گه‌ڵانی بن ده‌ستدا یه‌كبگریَته‌وه، ئه‌مریكا له‌پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه له‌پرِۆسه‌ی بانگه‌شه‌كردن بۆ دیموكراسییه‌ت و بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی هه‌میشه شكستی هیَناوه. ئه‌م پرِۆسه‌یه هه‌میشه هاوشان بووه له‌گه‌ڵ كاری سه‌ربازیدا، بۆیه لیَكۆڵه‌ره‌وان پرِۆسه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیموكراسی ده‌كه‌نه دوو شیَوازه‌وه، شیَوازی یه‌كه‌م شیَوازی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، شیَوازی دووه‌م شیَوازی گفتوگۆ‌و قایلكردن یان شیَوازی نه‌رم كه‌شیَوازی ئه‌وروپایه. (رۆبه‌رت كیگان) ئه‌مه ناو ده‌نیَت شیَوازی هۆبز یان و شیَوازی كانتیانه. ئه‌گه‌ربیَت و ته‌ماشای میَژووی ئه‌م دوو شیَوازه بكه‌ین ده‌بینین شیَوازی ئه‌وروپی تائیَستا سه‌ركه‌وتوو تربووه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ شیَوازی ئه‌مریكی. ئه‌م هه‌ویره ئاوی زۆر ده‌كیَشی واباشه لیَره‌دا بیبرِینه‌وه. كیَشه‌ی گه‌وره‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌مریكا بۆ گۆرِانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست ئه‌وه‌بوو كه‌ئه‌م پرِۆسه‌یه ده‌خوازرا، به‌ڵام نه‌ده‌زانرا چۆن. وه‌ك ئیَستا ده‌رده‌كه‌ویَت ئه‌مریكا به‌ته‌واوی بیَ پلان بووه بۆ ساته‌وه‌ختی پاش سه‌دام له‌كاتی هاتنی بۆ عیراق. ئه‌م بیَ پلانییه‌و نه‌بوونی هیچ شاره‌زاییه‌ك ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌كه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌ك حكومه‌تی بریمه‌ر ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه‌ئه‌مریكا بۆ به‌رِیَوبردنی عیراق پیَكی هیَنابوو پرِ بوو له‌خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵ و نه‌شاره‌زا، كه‌مه‌به‌ستیان بونیادنانی كه‌سایه‌تی خۆیان بوو نه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی. بۆیه ئیَستا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكی بانگه‌شه‌ی نه‌بوونی خه‌ڵكی شاره‌زا ده‌كات و له‌ویَب سایته‌كه‌یدا به‌دوای خه‌ڵكدا ئه‌گه‌ریَ بۆئه‌وه‌ی كاریان بۆبكه‌ن.* دیموكراسییه‌تى ئه‌مریكى زیاتر دیموكراسییه‌تیَكه بۆ ناوه‌وه نه‌وه‌ك دیموكراسییه‌تیَك بیَت بۆ ده‌ره‌وه، به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌مریكا رووكارى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رچه‌نده به‌دروشمى دیموكراسى په‌رده‌پۆشكردووه‌و بانگه‌شه‌ى بۆده‌كات، به‌ڵام له‌میَژووى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یدا هه‌میشه ئیشكالییه‌تى له‌جیَبه‌جیَكردنى ئه‌و دیموكراسییه‌دا دروستكردووه‌و زۆرجار له‌پیَناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیدا ناچاربووه چاو له‌سیستمی سیستمه دیكتاتۆرییه‌كان و رژیَمه سه‌ركوتكه‌ره‌كان بپۆشیَت، به‌برِواى تۆ هۆكارى ئه‌مه چییه؟ بۆچى هه‌میشه عه‌قڵى عه‌سكه‌رگه‌را زاڵتره به‌سه‌ر عه‌قڵى بیرمه‌نده‌كانیاندا له‌سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یاندا؟- وابزانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا تارِاده‌یه‌ك روونبووه‌وه. كیَشه‌كه ململانیَی نیَوان عه‌قڵی سه‌ربازی عه‌قڵی دیپلۆماسی نییه. به‌ڵكو كیَشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌وه چ دیموكراسییه‌تیَكه كه‌ئه‌مریكا ده‌یه‌ویَت. ئه‌مریكا چۆن دونیا ده‌بینیَت. وه‌ك وتمان ئه‌گه‌ر دونیا ناوه‌ندیَكی هۆبزییانه بیَت ئه‌وا هیَز پیَویسته بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری، ئه‌گه‌ر دونیاش كانتیانه بیَت ئه‌وا له‌رِیَگای بازرگانی و گفتوگۆ‌و ریَزگرتن له‌مافه‌كان و یه‌كتری ئاشتی هه‌تا هه‌تایی دیَته‌دی. له‌دڵی رۆژئاوادا نهیَنییه‌كی ئاشكرا‌و له‌هه‌مانكاتدا شاراوه هه‌یه، ئه‌م نهیَنییه كه‌ئیَستا له‌رِووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چیندا ده‌رده‌كه‌ویَت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بیَت و هه‌موو گه‌لانی دونیا وه‌ك رۆژئاوا بژین ئه‌وا گۆی زه‌وی ویَران ده‌بیَ، چونكه ئه‌و كاته نه‌وزه به‌ش ده‌كات نه‌بوارده‌بیَ بۆ هه‌مووان نه‌ژینگه ده‌توانیَ به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات، بۆیه زۆر گرنگه له‌پیَناوی باڵاده‌ستی رۆژئاوادا كه‌رِیَگه بگیریَت له‌ئه‌وانی تر بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌نه ئاستیَكی گه‌شه كه‌هاوشان بیَت له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا. ئه‌م راستییه تراژیدییه وه‌هایكردوه كه‌رِۆژئاواو له‌سه‌رویانه‌وه ئه‌مریكا كه‌هه‌موو هیَزیَكی خۆی به‌كاربیَنیَت بۆئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ببیَته چه‌ق و ئه‌وانی تریش په‌راویَز، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بریتییه له‌گۆرِین و چه‌سپاندن و دارِشتنی حكومه‌ت به‌پیَی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌وا پیَش هه‌موو شتیَك پیَویستی به‌هیَزی سه‌ربازییه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م مه‌به‌ستانه. ئه‌مریكییه‌كان خۆیان باش ئه‌زانن كه‌دیپلۆماسییه‌ت به‌بیَ هه‌بوونی بازوویه‌كی سه‌ربازی به‌هیَز له‌پشتیه‌وه ده‌بیَته قسه‌ی بیَمانا، من برِوام نییه دیموكراسییه‌ت بۆ ناوه‌وه بیَت. ئه‌مریكا وڵاتیَكه زۆر به‌ناعه‌داله‌تانه دابه‌شبووه له‌نیَوان ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاراندا. وڵاتیَكه كه‌نیو سه‌ده نابیَت خه‌ڵك به‌گشتی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه. هه‌تا كۆتایی شه‌سته‌كان ره‌ش پیَسته‌كان مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو. ئه‌مریكا وڵاتیَكی پرِ له‌كوشت و كوشتار‌و توندوتیژییه. وڵاتیَكه تاسه‌ر ئیَسقان ره‌گه‌زپه‌رست. له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه خه‌ڵكی ئه‌مریكا به‌گشتیی له‌نزمترین ئاستی رۆشنبیری‌دا ئه‌ژین. وه‌ك ده‌بینین سه‌رۆك بۆش له‌گیَلیَتییا بیَ ویَنه‌یه. ئه‌مرِۆ بازارِه‌كان پرِن له‌كتیَب ده‌رباره‌ی قسه هه‌له‌ق مه‌له‌قه‌كانی. له‌دۆخیَكی ئاوادا كه‌پرِه له‌توندوتیژی و هه‌ژاری و بیَئاگایی دیموكراسییه‌ت ئه‌سته‌مه، دونیا بۆئه‌وه‌ی به‌رِیَوه‌یبه‌ریَت، بۆئه‌وه‌ی تیایدا ببیته ریَبه‌ر ده‌بیَت پیَش هه‌موو شتیَ لیَی تیَبگه‌ی. ئه‌مریكا هه‌میشه كورتبین و بیَ مه‌عریفانه له‌گه‌ڵ دونیادا هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه. نموونه‌یه‌ك كه‌ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌ی رابووردو له‌باقوبه روویدا، ئه‌مریكییه‌كان چه‌كیان دایه سوننه توندرِه‌وه‌كان ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی واخۆیان به‌ئه‌مریكییه‌كان ناساند كه‌دژ به‌قاعیده‌ن. * كورد‌و ئه‌مریكا ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواى لیَده‌رچیَت میَژوویه‌كى خۆشیان پیَكه‌وه نییه، به‌برِواى تۆ تاچه‌ندیَك ئه‌مجاره ئه‌مریكییه‌كان خاوه‌نى به‌ڵیَنى خۆیان ده‌بن له‌به‌رامبه‌ر كورددا، هۆكارى گه‌شبینییه‌كانى سیاسییه‌كانى كورد چییه له‌و رووه‌وه؟- من نازانم ئایا هیچ به‌ڵیَنیَك هه‌یه. واباشتره كوردانه له‌مه‌سه‌له‌كان نه‌رِوانین. عه‌قڵی كوردی عه‌قڵیَكی خیَڵه‌كییه كه‌ناتوانیَت له‌سیستمی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه نیَوده‌وڵه‌تییه‌كان تیَبگات. ئیَمه وا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا قسه‌ئه‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا كوردیَكی خه‌ڵكی گه‌رمیان یان شارباژیَرِبیَت. پیَی ده‌ڵیَین تۆ ده‌بیَت خاوه‌نی قسه‌ی خۆت بیت، تۆ ده‌بیَت پیاوبیت، چونكه پیاو خاوه‌نی قسه‌ی خۆیه‌تی، نابیَ بگۆرِیَت و ده‌بیَ ئاگات له‌ده‌ردو ئازاره‌كانی ئیَمه بیَت، ده‌بیَت رابووردووت له‌بیربیَت، چه‌نده‌ها شتی تری له‌م جۆره، میَژووی كورد‌و ئه‌مریكا كه‌من لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تم به‌زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر نووسیوه، كه‌كاریَكی دانسقه‌یه به‌به‌كاربردنی ئه‌رشیفی (cia). خویَندنه‌وه‌كه‌ی من له‌دیدیَكی رۆژهه‌ڵاتناسیانه‌وه بوو. له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابووردو ئه‌مریكا له‌رِیَگه‌ی باڵویَزخانه‌ی به‌غدایه‌وه هه‌وڵیداوه كه‌په‌یوه‌ندی بكات به‌كوردوه بۆئه‌وه‌ی نه‌بنه دۆستی یه‌كیَتیی سۆڤییه‌ت. دیاره ئه‌و زه‌مانه سه‌ره‌تای شه‌رِی ساردبوو. به‌ڵام كورد نویَنه‌ری نه‌بووه هه‌تا بتوانیَت سوود له‌و په‌یوه‌ندییه وه‌رگریَت. زۆربه‌ی كۆلكه رۆشنبیرانی ئه‌و كاته سه‌ر به‌باڵی چه‌پ بوون. كه‌بیَئه‌وه‌ی گویَ به‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد بده‌ن دژایه‌تی هه‌موو هیَزیَكیان كردووه كه‌دژ به‌یه‌كیَتیی سۆڤیه‌ت بووه. ئه‌م دیارده‌یه ئیَستا زیاتر له‌لای ئیسلامییه‌كان ده‌یبینین. دیاریده‌یه‌ك هه‌یه له‌میَژووی سیاسی و ئایدۆلۆژی كوردییا مایه‌ی سه‌رسورِمانه، بۆچی هه‌موو كوردیَكی ئیسلامی و شیوعی ئاماده‌یه دژ به‌كورد بجه‌نگیَ كه‌چی شیوعی و ئیسلامی گه‌لانی تر ته‌نها له‌پیَناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی خۆیاندا ده‌جه‌نگن. شایانی باسه من به‌ڵگه‌نامه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكام له‌لایه له‌داهاتوودا كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م.بیَمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ت، ئه‌گه‌ر بیَتوو ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كورد كه‌ئیَستا له‌باشترین دۆخیایه‌تی له‌پرِ بگۆرِیَت بپچرِیَت یان پیَچه‌وانه بیَته‌وه نابیَت كه‌س تووشی خویَن وه‌ستان و شۆك بكات، چونكه كاریَكی وه‌ها ئه‌گه‌ری هه‌یه هه‌ركاتیَك پیَویست بوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكادا بوو ئه‌وا به‌بیَ دوودڵی ئه‌مریكا ئه‌نجامی ده‌دات. ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشییه ئه‌مرِۆ لۆبی كورد له‌ئه‌مریكا زیاتر له‌هه‌موو كاتیَك باشتر‌و ریَكخراوتره(قوباد) كه‌سیَكی باش و گونجاوه بۆ ئه‌و كاره بووه‌ته جیَی بایه‌خی میدیا‌و ناوه‌نده‌كان له‌ئه‌مریكا. سیاسه‌تمه‌دارانی كورد ئه‌گه‌ر بزانن بارودۆخه‌كه به‌رِیَوه‌به‌رن ئه‌وا ئه‌مرِۆ له‌هه‌موو كاتیَكی تر باشتره، چونكه ئیَمه له‌ساته‌وه‌ختیَكی تایبه‌تدا ئه‌ژین. ئه‌مریكا زۆر زۆر پیَویستی به‌ناوچه‌كه‌یه، وه‌ك خۆیان باش ئاگادارن جگه له‌كورد وه‌ك گه‌ل و حكومه‌ت هیچ لایه‌نیَكی تر نییه كه‌دۆستیان بیَت، به‌ڵام ئیَمه ده‌بیَ هه‌میشه وه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا مامه‌ڵه‌بكه‌ین كه‌ئه‌و سبه‌ینیَ ده‌مانفرۆشیَ. نابیَت هه‌رگیز دڵنیابین و پاڵی لیَبده‌ینه‌وه. ده‌بیَ هه‌میشه به به‌رده‌وامی كاری بۆ بكه‌ین. ته‌نها ئاورِدانه‌وه‌ك له‌لۆبی جوله‌كه له‌ئه‌مریكاو كاری بیَ پشوویان سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پاڵپشت و دۆستایه‌تییه باشترین نموونه‌یه.* توركیا یاریكه‌ریَكى سیاسیى گه‌وره‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا، كوردیش كیَشه‌ى كه‌ركوكى هه‌یه كه‌هیچ شۆرِشیَكى كورد‌و سیاسییه‌كى كورد نه‌یتوانیوه ده‌ستبه‌ردارى كه‌ركوك ببیَت، مه‌ترسى سه‌ره‌كیی توركیاش گه‌رِانه‌وه‌ى كه‌ركوكه بۆسه‌ر هه‌ریَمى كوردستان، به‌برِواى تۆ ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى كورد‌و تورك له‌دواى جیَبه‌جیَكردنى مادده‌ی(140) به‌ره‌و كویَ هه‌نگاوده‌نیَت؟ ئایا توركیا له‌كاتى ئاماده‌بوونى ئه‌مریكاش له‌عیراقدا له‌توانایدایه هه‌رِه‌شه سه‌ربازییه‌كانى خۆى جیَبه‌جیَبكات؟- ترسی توركیا له‌سه‌ربه‌خۆی كوردستانه. توركیا گه‌رِانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ كوردستان به‌هه‌نگاویَك داده‌نیَت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. سه‌ربه‌خۆیی كوردوستان له‌لایه‌ن توركیاوه وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته ته‌ماشا ده‌كریَت. توركیا باش ئاگاداره كه‌ئه‌گه‌ر بیَتوو ناچاربیَت به‌رِیَگای سه‌ربازی ئه‌و كاره ئه‌نجامدات ئه‌وا ره‌نگه له‌بری قازانج زه‌ره‌رو زیانی زیاتر بكات، توركه‌كان ئاگادارن كه‌تیَكدانی بارودۆخی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌به‌رژوه‌ندی ئه‌مریكاوه هه‌یه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه كه‌ئه‌مریكاو ناتۆ‌و یه‌كیَتیی ئه‌وروپا به‌به‌ردوامی ئاگاداری توركیا ده‌كه‌نه‌وه كه‌كاریَكی وه‌ها ئه‌نجام نه‌دات. له‌هه‌مانكاتدا له‌وه ئاگادارن كه‌توركیا له‌ساته‌وه‌ختیَكی زۆر ناسكدا ده‌ژی، خه‌ڵكی توركیا زیاتر‌و زیاتر به‌ره‌و لای هیَزه ئیسلامییه‌كان ده‌رِۆن دژ به‌به‌هاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بنه‌وه. ئه‌مه یه‌كیَكی تره له‌و كیَشانه كه‌ئه‌مریكا له‌ته‌سكبینی و گیَلیَتیی خۆی به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵیَنیَ. نیو سه‌ده‌یه توركیا گه‌نده‌ڵترین سیستمی حوكمی هه‌یه، ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌یه كه‌خه‌ڵكی له‌عه‌لمانییه‌ت و حزبه‌كانی تر دوور خسته‌وه. هه‌مان قه‌یران به‌رِیَوه‌یه له‌كوردوستان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كوردی دان به‌كیَشه‌كانیدا نه‌نیَت.
No comments:
Post a Comment