شوان و مه‌ڕ: بۆ کاک مه‌ریوان
له هه‌شتی مانگی دووی ساڵی 1978وه‌ک هه‌موو رۆژێکی تری چوارشه‌مه‌ی ئه‌و ساڵه: پیاوێکی باڵابه‌رز به چاکه‌تێکی ره‌شه‌وه، له مانگی یه‌که‌وه تامانگی سێ، ئه‌هاته هۆڵێک، له هۆڵه‌کانی کۆلیژ دی فرانس، بۆ ئه‌وه‌ی وانه بڵێته‌وه. ئه‌و پیاوه ناوی میشێل فۆکۆیه، که له ساڵی 1970 وه‌ک وانه‌بێژ له‌وێ دامه‌زرا؛ هه‌تا بابه‌تی مێژووی سیسته‌می بیرکردنه‌وه بڵێته‌وه. رۆژی هه‌شتی مانگی دوو، فۆکۆ هه‌ڵامه‌تی بوو، گومانی هه‌بوو له‌وه‌ی بتوانێ وانه‌که به‌ته‌واوی بڵێته‌وه. به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه خه‌ڵكانێکی زۆر ئاماده‌بووبون بۆیه درێژه‌ی پێدا. وانه‌ی رۆژی هه‌شتی دوو که وانه‌ی ژماره پێنج بوو، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌بوو که فۆکۆی پێی ده‌لێ گۆڤه‌رمێنتالیتی، که له چه‌مکی گۆڤه‌رمێنته‌وه هاتووه که یانی حکومه‌ت. ده‌قی ئه‌م وانه‌یه له گه‌ڵ وانه‌کانی تری ئه‌و ساڵه‌دا له توێی کتێبێک‌دا له چاپدراون به ناوsecurity, territory, poppulation. که به مانای ئاسایش، خاکی ووڵات، خه‌ڵکی یان دانیشتوان-دێت. ئه‌وه‌ی من له‌به‌رده‌ستمایه ده‌قی ئینگلیزیه‌که‌یه‌تی که له لایه‌ن گراهام بویرچه‌ڵه‌وه کراوه‌ته ئینگلیزی و له چاپخانه‌ی پالگره‌ڤ ماکمیلان له ساڵی 2007 له چاپدراوه.
مه‌به‌ستی من له ئاماژه‌کردن به‌م سه‌رچاوه ئه‌وه‌یه که له‌و وانه‌دا فۆکۆ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی شوان و مه‌ر قسه‌ئه‌کات. لێره‌دا له راستیا له ستونێکا ئێمه ناتوانین ئه‌و چه‌مکه وه‌ک فۆکۆ باسی ئه‌کات واڵایکه‌ین، وه له راستیا مه‌به‌ستی ئه‌م ستونه‌ش ئه‌وه نیه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا من ده‌مه‌وێ سه‌رنجی بۆ راکێشم، ئه‌و هه‌وڵدانه‌یه که به‌رێز کاک مه‌ریوان وریا قانیع داویه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له رۆژهه‌ڵات و کۆمه‌ڵگای کوردیا به پێی ئه‌م چه‌مکه.
به‌رێز کاک مه‌ریوان، که کاره‌که‌ی وه‌ک هه‌موو کاره فیکریه‌کانی تری جێگای ستایشه، ده‌خوازێت له رێگای به کاربردنی ئه‌و چه‌مکه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات بخوێنێته‌وه له کوردوستاندا. ئێستا بیرم نه‌ماوه به‌ڵام چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌رێزی رانانی ئه‌و تێزه‌ی فۆکۆی کرد، به‌ڵام من ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌م له به‌رده‌ستدا نیه، ئه‌وه‌ی به‌کاریدێنم چاوپێکه‌وتنێکی ئه‌و به‌رێزه‌یه له ماڵپه‌ری سبه‌ی، که له رێکه‌وتی 22 مانگی دوانزه‌ی ساڵی پار ئه‌نجامدراوه. من بۆیه ئاماژه به سه‌رچاوه‌کان به روونی ئه‌ده‌م چونکه لێره‌دا بواری خواستن و لێکۆلێنه‌وه نیه، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ده‌خوازێت بۆ زیاتر زانیاری ده‌توانێت بگه‌رێته‌وه بۆ سه‌رچاوه ئاماژه پێکراوه‌کان. له‌به‌رئه‌وه من لێره‌دا وه‌ک گفتوگۆیه‌ک له گه‌ڵ کاک مه‌ریواندا حه‌زئه‌که‌م دیدی خۆم بخه‌مه پێش چاو.
به دیدی من په‌یوه‌ندی شوان و مه‌ر ناتوانێ پێکهاته و په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مرۆ له‌کوردوستان و رۆژهه‌ڵاتدا لێکداته‌وه. له په‌یوه‌ندی شوان و مه‌ردا سه‌رباری ئه‌و هه‌موو لایه‌نه رابه‌ریانه‌ی که شوان هه‌یه‌ته، که له ده‌رئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی مردنی سیاسه‌ت له‌کۆمه‌ڵگادا، شوان له په‌یوه‌ندیدایه له گه‌ڵ مه‌ره‌کانیدا، بایه‌خیان پێئه‌دات، ئه‌مه بۆخۆی وه‌ک فۆکۆش ئاماژه‌ی پێئه‌کات پارادۆکسه یان دووفاقیه.
دیاره ئه‌م چه‌مکه ره‌گی له ئایندا هه‌یه. وه پاشان سێکیوله‌رایزکراوه. شمیت له پۆلیتیکاڵ ثیولۆجی و هه‌روه‌ها دێرێدا له رۆگ سته‌یت باس له‌م روانگه‌یه ئه‌که‌ن. هه‌روه‌ها فۆکۆ ئه‌م په‌یوه‌ندیه شوان و مه‌ریه ده‌خاته خانه‌ی پاستۆراڵه‌وه، که هه‌روه‌ها کایه‌کی ئاینیه. هه‌بوونی ووته‌یه‌کی موحه‌مه‌د که چه‌مکی شوان و رانه‌مه‌ر به‌کارده‌بات، گه‌واهی ئه‌وه‌یه که‌ئه‌م دیده بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌بوو له ناوچه‌که‌دا. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مرۆ پچرانێکی دروستکردوه، هه‌رچه‌نده شمت بروای به پچران نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ته‌نها روویداوه گۆرانی زاراوه‌کانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه که ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مرۆ له په‌یوه‌ندیه‌کی رۆحیدا نیه له گه‌ڵ رانه‌مه‌ره‌که‌یا.
لێره‌دا دێمه سه‌ر دیدی خۆم. به بروای من له نێوان خه‌لک و ده‌سه‌ڵاتدا، له رۆژهه‌لات و له کوردوستان، په‌یوه‌ندیه‌کی نا په‌یوه‌ندی ئاماده‌یه. مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه، که ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه. ئه‌وه‌ی فۆکۆ باسی ئه‌کات، بازنه‌یه‌تی شێوازی ده‌سه‌ڵات، له ئارادا نیه. ده‌سه‌لات له کوردوستان له دۆخی ئیکستێرناڵدایه، یانی ئه‌گه‌ر ناچارنه‌بێت نایه‌وێ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به خه‌ڵکه‌وه. عه‌لی وه‌ردی له به‌راوردکردنی عوسمانیه‌کان و ئینگلیزه‌کاندا (له زنجیره‌ی کتێبه‌کانیا ده‌رباره‌ی مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی عێراق، ئه‌و به‌رگه‌ی که تایبه‌ته به شۆرشی بیست)، ده‌پرسیت بۆچی عوسمانیه‌کان توانیان چه‌ندین سه‌ده‌ی دوور و درێژ حوکمی عێراق بکه‌ن که‌چی ئینگلیزه‌کان هه‌ر پاش چه‌ند ساڵێکی که‌م رووبه‌رووی شۆرش و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه هاتنه‌وه. له وه‌ڵامدا وه‌ردی ئاماژه به ده‌ره‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ئه‌دات، که ته‌نها ئه‌و کاته ده‌رئه‌که‌وت بۆئه‌وه‌ی باچ کۆکاته‌وه، ئیتر وون ده‌بوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئینگلیزه‌کان خوازیاری ئه‌وه‌بوون که ده‌ستوه‌رده‌نه وورد و درشتی ژیانی خه‌ڵکیه‌وه، ئیتر له چۆنێتی چونه سه‌ر ئاوده‌ست و په‌رینه‌وه له جاده و شتی تری زۆر.
هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مرۆ ناتوانی وه‌ک عوسمانیه‌کان دووره په‌رێزبێت، به‌ڵام به دڵنیایه‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی که هه‌یه په‌یوه‌ندی شوان و مه‌ر نیه. ده‌سه‌ڵات وه‌ک بوونێکی ده‌ره‌کی له کۆمه‌لگا ته‌ماشای خۆی ئه‌کات، گه‌رانه‌وه‌شی بۆ کۆمه‌ڵگا ته‌نها بۆ وه‌ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و پێداویستیانه‌یه که ده‌سه‌ڵات پێویستیه‌تی بۆ درێژه‌پێدانی خۆی. ئه‌مه زیاتر مه‌یسه‌ر ده‌بێت به تایبه‌ت له‌و ووڵاتانه‌ی که باج، وه‌ک په‌یوه‌ندیه‌کی گرنگی نێوان هاوڵاتی و ده‌سه‌ڵات، بوونی نیه.
به رای من ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵات له کوردوستان و رۆژهه‌ڵاتدا له شێوازی رایزۆمدایه. رایزۆم دۆلۆز و گیتاری له‌کتێبی میلیو پلاتیو یان هه‌زار بان باسی ئه‌که‌ن. رایزۆم ئه‌و روه‌که‌یه که ره‌گی نیه یان ره‌گی زۆر لاوازی هه‌یه. له سه‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌لای دۆلۆز و گیتاریه‌وه ئه‌و پۆزه‌تیڤه، به‌ڵام به کاربردنی من لێره‌دا نێگه‌تیڤه. چونکه ده‌سه‌ڵات ده‌بێ له شێوه‌ی داردابێت ره‌گی قوڵ و دووروو درێژی هه‌بێ به هه‌ناوی کونج و که‌له‌به‌ره تاریکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا رۆچێت، هه‌تابتوانێت له‌و تاریکی و ته‌نگ و سه‌ختیه‌وه گه‌شه بکات و گه‌ڵای له ئاسمانی شین و پانتایی ناکۆتادا بڵاوبێته‌وه. ده‌کرێ ئه‌م میتافۆره به نێگه‌تیفش ببینرێت به‌ڵام مه‌به‌ستم وه‌ک ئه‌و داره‌یه که نیتشه وه‌ک میاتفۆرێکی مه‌عریفه باسی ئه‌کات. ده‌ره‌کێتی ده‌سه‌ڵات ره‌گی له مێژووی تایبه‌تی مۆدێرنه‌دا هه‌یه له ناوچه‌که‌دا، به تایبه‌ت مۆدێرنه‌ی سه‌پاو.
Sunday, February 15, 2009
Subscribe to:
Posts (Atom)